رۆژنامەی ھەولێر

لە دوای ئیمامئۆغڵو بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئۆزەلیش دەستگیر دەكرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لەناو پەرلەمانی توركیا، لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان، داوا كراوە پارێزبەندی لەسەر ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە هەڵبگیرێت و دادگایی بكرێت. دادگاییكردنی ئۆزەل، بەهۆی گوتەیەكی بووە كە رووبەڕووی ئەردۆغانی كردبووەوە.

دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، داوای كرد بەپەلە جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری پارتی كاری توركیا ئازاد بكرێت، كە بەتۆمەتی تیرۆر خراوەتە زیندانەوە، بەڵام ئەردۆغان گوتی ئەو داگایە ناناسین و ئازادی ناكەین.
ئۆزەل، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ”دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەڵێت ئازادی بكەن، بەڵام گەمژەیەك رێگری لێدەكات“
لەسەر ئەو گوتەیە، پارێزەری ئەردۆغان داوای یاسایی تۆمار كردووە، هەروەها داوایان لە پەرلەمانی توركیا كردووە، پارێزبەندی لەسەر هەڵبگرن.
دۆسیەكە گەیشتووەتە لیژنەی عەدالەتی پەرلەمانی توركیا، لەو لیژنەیە زۆرینە ئاكەپە و مەهەپەن، بۆیە ئەگەر بیانەوێت پارێزبەندی لەسەر هەڵبگرن زۆر ئاسانە و پێشبینییەكانیش بۆ ئەوەن پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و دادگایی بكرێت.
ئۆزەل لەوبارەیەوە گوتی: ”تەنیا من ماوم دەستگیرم بكەن و با منیش بخەنە زیندانەوە. ئەو هەموو ئەو كەسانەی دەزانێت لە هەڵبژاردندا شكستی پێدەهێنن دەستگیر دەكات، وا دەزانێت بە پەلامار و پەلامار دەیباتەوە“.
ماوەیەك ئۆپەڕاسیۆن بۆ دەستگیركردنی بەرپرسانی جەهەپە دەستپێكردووە، سەرەتاش لە ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت دەستپێكرد و پاشان ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و چەندین سەرۆك شارەوانیی تری جەهەپە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ویاتر لە ١٠ سەرۆك شارەوانیی سەر بە جەهەپە، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و ئێستا دەستبەسەرن، زۆربەی تۆمەتەكانیش تێوەگلانیانە بە گەندەڵی.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لەكاتی گەڕانەوەی لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، بەڕوونی گوتی “ئەوەی لە شارەوانییەكانی جەهەپەدا كراوە كارەساتە”
ئەم گوتەیەی ئەردۆغان روونە كە ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیركردنی شارەوانییەكانی جەهەپە بەردەوامی دەبێت و سڵیان لێناكەنەوە. بەڵام جەهەپە، لەرێگەی ئۆزگوور ئۆزەلەوە دەڵێن، ئێمە لە خەبات بەردەوام دەبین، ئەوان ئۆپەڕاسیۆنیان بۆ ئەوە دەستپێكردووە تا شتێك نەهێڵن بەناوی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەم ئەركە لەسەر سەری ئێمەیە و دەبێت ئەو ئۆپۆزسیۆنە بچێتە دەسەڵات.
ئاكەپە، لە رێگەی میدیاكانییەوە بەڵگەكان دەخاتە روو و دەڵێن ئەمە ئەو گەندەڵیانەیە كە شارەوانییەكانی جەهەپە كردوویانە، بۆیە پێویستە ئەوان بەخۆیاندا بچنەوە نەك باس لەوە بكەن ئۆپەڕاسیۆنەكە سیاسییە.
ئۆزگوور ئۆزەل، ئەگەر پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و بخرێتە زیندانەوە، بڕیاریش بۆ هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی جەهەپە بۆ مانگی نۆ دواخرا، ئەوكات كەمال كلیچدارئۆغڵو دەبێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە و خودی ئەردۆغان و ئاكەپەش ئەوەیان دەوێت، چونكە دوو كەسایەتی ئۆپۆزسیۆن، ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل بخرێنە زیندانەوە، ئیدی بردنەوەیان لە هەڵبژاردنی داهاتوو زۆر ئاسان دەبێت و بەربەستیان لەبەردەمدا نامێنێت.