رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
گەڕانەوە بۆ لای کتێبخانە
ڕەنگە شەیدای بووکی شیعر بین و تامەزرۆی ئەوە بین زوو زوو بە دیداری چاومان ڕوون ببێتەوە، دەشێت ناوبەناو شیعریش بنووسین، تەنانەت ڕێی تێ دەچێت، شاعیرێکی ڕاستەقینەیش بین، بەڵام ئەو هۆکارانە، بەرەو ئەو ئەنجامەمان نابەن کە توانای هەڵسەنگاندنی شیعرمان هەیە، دەتوانین لەبارەی شیعرەوە قسە بکەین و وەڵامی پرسیاری: بۆچی فڵان تێکست دەکەوێتە خانەی شیعرەوە، بدەینەوە. زۆر لە شاعیرانی کورد، هەرچەندە شیعری جوانیان نووسیوە، بەڵام توانای ئەوەیان نییە و نەبووە، پەرەگرافێک لەبارەی هونەری شیعرەوە بنووسن. لە نیو سەدەی ڕابردوودا، کورد دەیان شاعیری تێدا هەڵکەوتووە، بەڵام بەدەگمەن یەکێکیان، توانای ئەوەی هەبووە، لەبارەی شیعرەوە، یان تەنانەت لەبارەی ئەزموونی شیعریی خۆیشییەوە، قسەیەکی جوانی هەبووبێت.

ئەدەب ئەوە نییە، کوتومت ڕەنگدانەوەی واقیع بێت، ئاخر ئەوی بە موو لە واقیع لا نادات، ڕەنگە هەواڵ یان ڕیپۆرتاژ بێت، ئەدەب ئەوەیە کە باسی واقیعمان کرد، لەوە بچێت، زادەی خەیاڵە، یان کە بەرهەمی خەیاڵ بوو، لە واقیعی بچێت. خراپترین جۆری (هەڵسەنگاندنی ئەدەبی) کە ڕەنگدانەوەی فەقیرخەیاڵییە، ئەوەیە، ئەگەر لە چیرۆکێکدا، گێڕەرەوە، کەسی یەکەمی تاک بوو، ئەگەر شیعرێک بە جێناوی (من) قسەی کرد، ئیدی پێمان وابێت، ئەوی دەپەیڤێت، خودی نووسەر یان شاعیرە و ئەوەی دەیڵێت، واقیعییە و لە خۆی قەوماوە.

گەلێک جار کە شیعرێکی لیریکم نووسیوە، هەندێک لە خوێنەران بیریان بۆ ئەوە چووە، ئەوەی نووسیومە، لە خۆم قەوماوە و پرسیاری ناوی ئەو کەسەیان لێ کردووم، کە هۆنراوەکەم بۆ گوتووە و تەنانەت ئەگەر چیرۆکی ناو شیعرەکە بە کارەسات تەواو بووبێت، هاوسۆزی خۆیان پیشان داوە و داوای سەبوورییان بۆ کردووم! لەمەیش کارەساتبارتر ئەوەبووە کە ساتیرم نووسیوە، بابەتەکەیان بە گاڵتە وەرگرتووە، وەک ساتیر قۆشمە بێت، بێئاگا لەوەی ساتیر، تراجیدیایە لە بەرگی کۆمێدیادا و داریۆ فۆ لە سۆنگەی نووسینی ساتیرەوە، ١٩٩٧ نۆبڵی لە ئەدەبدا پێ بەخشرا.

نووسەر ئەوە دەنووسێت کە بەلایەوە گرنگە، ئەوەی سەرنجی ڕادەکێشێت و سەرسامی دەکات، نووسەر ئەزموون و بیرەوەرییەکانی خۆیشی دەگێڕێتەوە و دەشێت لە هەموو بەرهەمێکیدا، شتێک لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی هەبێت، بەڵام مەرج نییە هەمیشە خەریکی نووسینەوەی ژیاننامەی خۆی بێت، ئاخر بەرهەمی ئەدەبی بە پلەی یەکەم داهێنانی واقعێکی نوێیە کە جێی باوەڕ بێت، نەک وێنەگرتنێکی فۆتۆگرافییانەی واقیع. بۆچی چیخۆڤ بە کورتەچیرۆکێکی وەک (مەرگ)ی فەرمانبەرێک، کە هەشت سەد وشەیەکە، کارەکتەرێکی خوڵقاندووە، لە یادگەی مرۆڤایەتیدا (زیندووە) و هەیە چەندان (ڕۆمان)ی سەدان لاپەڕەیی نووسیوە، بێ ئەوەی کارەکتەرێکی نەمری خوڵقاندبێت؟ چونکە چیخۆڤ داهێنەر بووە و داهێنانیش زادەی کورتبڕییە، نەک درێژدادڕی. بۆ ئەوەی بەرهەمێک بنووسین بکەوێتە خانەی داهێنانەوە، دەبێت واقیع لە گۆڕاندا ببینین، ئاخر هەموو شتێک کاتەکییە، تەنیا گۆڕان هەمیشەیییە.

نیتشە گوتەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت: (نووسین هونەری سەرلەنوێ نووسینەوەیە،) تەنانەت هەندێک وایان تەرجەمە کردووە کە گوتوویەتی: (نووسین هونەری کاوێژکردنە،) ئاخر ئەدیب هەر چییەک بڵێت، پێشتر شتی لەو بابەتە گوتراوە و کەس لە سفرەوە دەستی پی نەکردووە. سارتەر ئەوەی بەلاوە پەسەند بووە، پێی بڵێن خوێنەر، نەک نووسەر، یان فەیلەسووف، چونکە دەرکی بەوە کردووە، ئەگەر خوێنەرێکی باش نەبین، نەک هەر توانای داهێنانمان نابێت، بەڵکوو ڕەنگە لە هیچ بوارێکدا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش و دەگمەنیش نەڵێین. بۆرخێس دەڵێت: (هیچ شتێک لە کتێبخانەکەم جوانتر نییە کە وڵاتی منە، کە لە هیچ کوێ جێم نەبووەوە، کە هەموو دەرگەکان بە ڕوومدا کڵۆم دران، دەگەڕێمەوە بۆ لای کتێبخانەکەم کە دونیایەکی بێ سنوورە.)

کە ئەم قسانە دەکەم، مەبەستم ئەوە نییە، خۆم بە خوێندەوار و ئەوی دی بە بێسەواد لە قەڵەم بدەم، نا، نووسەرە هەرە گەورەکانی دنیا، کەسانی بێفیز بوون، ئەوەتا هەنری میللەر کە ڕەنگە یەکەمین نووسەر بێت، ژیاننامەی تێکەڵ بە ڕۆمان کردووە، دەڵێت: خۆزگە قۆڵێکیان لە شانەوە دەبڕیمەوە، بەڵام دەمتوانی بەرهەمێکی وەک (وەرزێک لە دۆزەخ)ی ڕامبۆ بنووسم. دیورانت کە هەم چیرۆکی فەلسەفەی نووسیوە و هەم چیرۆکی شارستانی، دەڵێت: ئەو کەلەپوورە دەوڵەمەندەی مرۆڤایەتی بەجێی هێشتووە، بەرچاوی ڕۆشن کردمەوە، ئەگەر نا هیچم پێ نەدەنووسرا.

ڕەنگە ئەوە ئاسان بێت، لەڕێی چاوی کامێراوە، ڕووخساری کەسێک پیشان بدەین، بەڵام پیشاندانی سیما و ناخی ئینسانێک بە هۆی چاوی (گێڕانەوە)وە، کارێکی ئاسان نییە، ئاخر یەکەمیان وەک ئەوە وایە، فیلمێکمان دیتبێت و ناوەڕۆکەکەی بگێڕینەوە کە هەمووان ئەمەیان لە دەست دێت، بەڵام دووەمیان کە بریتییە لە نووسینی دەقێک، بکەوێتە خانەی چیرۆکی هونەرییەوە، ئاسان نییە. هەڵسەنگاندنی بەرهەمی ئەدەبییش، ئیدی هەر ژانرێک بێت، کارێکی سەختە و وەک گێڕانەوەی فیلم نییە، ئاخر زۆر لەوانەی لە خۆیان وایە، هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆمانێک دەکەن، ڕاستییەکەی لە غەیری بەکورتی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی، هیچی دیکەیان نەکردووە، کە ئەمەیش هەر چییەک بێت، ڕەخنەی ئەدەبی نییە.