خوسرەو جاف
من له‌وه‌ی دڵنیام زۆر كه‌س وه‌ك من بیری له یه‌كه‌مین ماچێك كردووه‌ته‌وه وا كردوویه‌تی، یان كراوه. سا ماچه‌كه حه‌ڵاڵ بووبێت، یان حه‌رام.
به‌هه‌رحاڵ، هه‌موومان خاوه‌نی ئه‌و بیره‌وه‌ریه‌ین، ئه‌م پرسیاره منی به‌نده‌ی خودا زۆرجار ده‌یهێنمه‌وه بیرم. من ئه‌وه خه‌ریكم له ٨١ ساڵانیش ده‌گوزه‌رێم، كه‌چی دوای هه‌زاران ماچ هێشتا تاموچێژ و ترس له‌رزی یه‌كه‌مین ماچم له‌بیر ناچێته‌وه. باشه تۆ چی؟ ناشێ بڵێی من له‌وانه نیم و نیم؟ نه ماچم كردووه و نه ماچیان كردووم؟
با ڕاستگۆیانه بدوم، من زۆربه‌ی ژیانم له گه‌شتوگوزاردا بردووه‌ته سه‌ر، گوزه‌رم كه‌وتووه‌ته زۆر وڵاتانی دوور و نزیك، بۆ نموونه به‌رنامه‌م هه‌بووه بڕۆم بۆ وڵاتێك ده یانزه ڕۆژ زۆرتری تیادا بمێنمه‌وه، كه‌چی نزیكه‌ی ساڵێكی تیادا ماومه‌ته‌وه، یان له گه‌شته‌كه‌مدا بیرم وابووه له فڵانه وڵات‌دا مانگێك بمێنمه‌وه، كه‌چی دوای چوار ڕۆژ ژانتام پێچاوه‌ته‌وه و به‌جێم هێڵاوه و ئۆقره‌م تیا نه‌گرتووه. خۆ ئه‌وه حاشاهه‌ڵنه‌گره، گه‌شتی وڵاتان هۆكارێكی به‌رچاوه بۆ تێگه‌یشتن و هه‌روه‌ها پێگه‌یشتن و ئاستی ڕۆشنبیری.
با بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر خۆم (خوسره‌و جاف) لادێییم و له دێی كه‌لاردا هاتوومه‌ته دنیاوه، له چوار ته‌نیشتێكدا ئه‌وزه‌ڵم كردووه، تا سه‌ر ئێسك بیر و بۆچوون و ده‌مارگرژیی خێڵه‌كیانه له چوار ده‌ورمدا مڵقی داوه و شانازیشی پێوه كراوه.
شه‌شی سه‌ره‌تاییم له قوتابخانەیەكدا ته‌واو كردووه، دیواره‌كانی گڵ و قوڕین و بنمیچه‌كه‌ی دار و قامیش بووه، كه بارانی به خوڕ ده‌باری تك تك دڵۆپه‌ی ئاوی باران له ڕاڕه‌وی پۆله‌كاندا چكه‌ی ده‌كرد. پۆله‌كانمان ده‌رگه‌یان پێوه نه‌بوو، په‌نجه‌ره‌كان بێ شووشه و جام بوون، با بێ پرس خۆی پیا ده‌كرد.
ئێمه له‌و چوار دیواره قوڕینه‌یدا به عه‌ره‌بی وانه‌یان پێ ده‌وتینه‌وه، زۆربه‌ی مامۆستاكانمان توركمان بوون، ئه‌و مامۆستایانه‌م فڕیان به‌سه‌ر زانینی عه‌ره‌بییه‌وه نه‌بوو، ئه‌وان نیازیان به زانینی عه‌ره‌بی بووه.
ده‌ی به هه‌زار شه‌ڕه‌شه‌ق و هه‌زار گرفت، به‌كالۆریای شه‌شی سه‌ره‌تایی له شاری كفری تاقیكردنه‌وه‌كه کرا و ده‌رچووم. ده‌بوا بۆ به‌رده‌وامی خوێندنی ناوه‌ندی له كفری یان خانه‌قین ده‌ستبه‌كار باما. له شاری خانه‌قین له گه‌ڕه‌كی مه‌زرەعه خانوویه‌كمان به‌كرێ گرت و له‌وێڕا له‌گه‌ڵ برا و خوشكه‌كانمدا ده‌ستمان به‌خوێندن كرد.
له ڕاستیدا ئه‌و گوێزانه‌وه بۆ شاری خانه‌قین بۆ منی لادێی گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی بوو، خانووه‌كه‌مان له ڕوكنی كۆڵانێكدا لای چه‌پمان دیوار به دیواری دراوسیه‌كه‌مان بوو.
له ژیانمدا هه‌تا وه‌كوو له‌و ته‌مه‌نه‌یشدا هێنده به خوێندنه‌وه‌ی كتاوی جۆراوجۆره‌وه سه‌رقاڵ بووم، نیو ئه‌وه‌نده به وانه‌كانمه‌وه سه‌رگه‌رم نه‌بووم. زۆربه‌ی كات له سه‌ربانی كاتم ده‌برده سه‌ر، كورسی و مێزێكی شه‌ق و شڕی له ته‌خته دروستكراوم له سه‌ربان دانابوو، سه‌ر مێزه‌كه‌م ڕیزی كتاوی جۆراوجۆرم دانابوو، بۆ ئه‌وه‌ی با نه‌یبا به‌ردێكم له‌سه‌ر دانابوو، دیوارێكی یه‌ك مه‌تری سه‌ربانی ئێمه و دراوسێكه‌مانی جیا كردبووەوە، ئیتر زۆربه‌ی كاتم هه‌ر له‌سه‌ر بان ده‌گوزه‌راند.
دراوسێكه‌مان خێزانێكی شه‌ش حه‌وت كه‌سی بوون، پیاوی ماڵه‌كه كه‌م ده‌بینرا، وا بزانم له كارمه‌ندی وێزگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بوو، ژن و چوار منداڵ و كچێكی گه‌وره له‌و ماڵه‌یدا ده‌ژیان، له دواییدا زانیم ئه‌و كچه گه‌وره‌یه خوشكه‌زای ژنی ماڵه‌كه‌یه و باوكی كچه له‌سه‌ر قاچاخچێتی له زینداندایه و دایكی ئه‌و كچه‌یش له باوكی جیا بووه‌ته‌وه و شوویه‌كی تری كردووه.
من هه‌روا زۆربه‌ی كاتم له سه‌ربان ده‌گوزه‌راند، جاروبار ئه‌و كچه‌م ده‌دی ده‌هاته سه‌ربان و جلی هه‌ڵده‌خست. ڕۆژێك هاته لای دیواری نێوانه‌وه و به‌رانبه‌رم ڕاوه‌ستا و به له‌هجه‌ی خانه‌قینی وتی:
چایی ئه‌ڕات بارم؟
به‌ڕاستی ترسام، كچێكی بێگانه‌ی له من گه‌وره‌تر له پڕ وتوێژم له‌گه‌ڵدا بكات، به‌تایبه‌ت بۆ منی كێویله‌ی نه‌زان و لادێیی، په‌شۆكاوانه وه‌ڵامم دایه‌وه: نه‌خێر، زه‌حمه‌ت مه‌كێشه…
له وه‌ڵامدا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی تری من نه‌بوو، ته‌نها وتی: نانا، تێرمه‌ی…
دوای دوو سێ خوله‌ك، كچه چای به ده‌ست به‌رانبه‌رم ڕاوه‌ستا و وتی:
به‌و چایه‌كه له لێم بگره!
من مێردمنداڵی لادێیی، له دنیا بێ‌ئاگا، ته‌واوی له‌شم كه‌وته له‌رزین و حه‌شۆكه به هه‌زار دوودڵییه‌وه هه‌ستام چایه‌م له ده‌ستی وه‌رگرت، هێنده ده‌ستم ده‌له‌رزی نیوه‌ی چایه‌كه ڕژایه نێو ژێرپیاڵه‌كەوه، كچه سێ چوار ساڵێك له من گه‌وره‌تر بوو، به به هه‌یكه‌لیش باڵابه‌رز و نه‌خته‌كێك گۆشتن، ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتبوو من نه‌زان و تازه‌كارم، ده‌كۆشا ترس و تۆقیانم كه‌متر بكاته‌وه، كه پیاڵه‌كه‌م بۆ برده‌وه ده‌ستی گرتم و وتی: ده‌زانم تۆ پا نایته‌سه حه‌ڤده، من سێ ساڵ له تو گه‌وراترم.. هه‌ر ده‌ستی گرتم و وتی:
توام ماچت كه‌م؟
له مێژا پیاڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر دیواره‌كه دانابوو، بێ یه‌كودوو یه‌خه‌می گرتم و كێشامیه لای خۆیه‌وه، ده‌می له‌ناو ده‌مم نا …
ئای خوایه چی به‌سه‌رما هات، ماچه‌كه‌ی درێژه‌ی كێشا، ڕوانیم له‌رزین و حه‌شۆكه‌م كه‌م بووه‌ته‌وه و گڕم گرتووه، كه ده‌می لا برد بزه‌یه‌كی سه‌رفه‌رازانه له‌سه‌ر دوو لێوه گۆشتنه‌كه‌ی نه‌خشا و وتی:
شه‌و به‌وه سه‌ربان!
ئێواره كه‌مكه‌م ده‌جووڵا، زه‌ردەی هه‌تاو ئاسۆی گردبوویه‌وه، خواخوام بوو كه‌ی شه‌و دابێت و دیسانه‌وه بچمه‌وه سه‌ربان، ئیتر له‌و كچه‌وە زۆر شت فێر بووم، ئه‌شهه‌دو خۆم به قه‌رزار ده‌زانم.
په‌یوه‌ندیی نێوانمان هه‌شت مانگی كێشا، دوای ئه‌و ماوه باوكی كچه له زیندان ئازاد كرا، كچه گوێزایه‌وه ماڵی باوكی، دوو جاری تر كچه‌م دیه‌وه و جاری دووهه‌م وتی: ئیتر یە ئاخر دیداره، توام دوئاخوازی بكه‌م. خوەیشكی دامیه‌سه شوی!
وتم: باشه حه‌ز له‌و كه‌سه ده‌كه‌یت وا شووت پێ كردووه؟
وتی: ئه‌ی باوه بیله‌م ده‌ست مه‌خه سه‌ر زامم!
دوای چه‌ندین ساڵ گوزه‌رم كه‌وته شاری خانه‌قین و له ڕێگه‌ی شه‌هید (سه‌لاح جاف)ــی خزمه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌و كچه‌م پرسی، ئه‌و ده‌یانیناسی…
وتی: ئه‌و كچه ئێستا چوار منداڵی هه‌یه و مێرده‌كه‌شی وه‌ك باوكی هه‌ر له كار قاچاخی نێوان ئێراق و ئێران‌دا سه‌رقاڵه.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ كۆتایی به داستانی یه‌كه‌مین ماچم بهێنم، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ی بزانی منی به‌نده‌خوا له ماچی ڕه‌گه‌زی زه‌رد و ڕه‌ش و سپی و سوور، قسوورم نه‌كردووه، دوای ٦٥ ساڵ، هێشتا له‌رزین و په‌شۆكانی ئه‌و ماچه یه‌كه‌مینه‌م له بیره و باوه‌ڕیش ناكه‌م تا ده‌می مه‌رگ له بیری كه‌م.
توخوا ئه‌ی تۆ چی؟ ناشێ بڵێی من نه‌ماچم كردووه و نه ماچیان كردووم؟ چه‌ند خۆشه مرۆڤ ڕاست بێت له‌گه‌ڵ خۆیدا.

