رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ پێشمەرگە ئۆپەڕاسیۆنێكی لە چیای قەرەچووغ ئەنجام دا

وەزارەتی پێشمەرگە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە سنووری چیای قەرەچووغ، ئۆپەڕاسیۆنێكی كێوماڵكردنی بۆ دۆزینەوەی مۆڵگە و حەشارگەكانی تیرۆریستانی داعشی ئەنجام دا.

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەگەر، ئۆپەڕاسیۆنەكە لەلایەن لیوای 14ی پیادەی سەر بە فیرقەی 1ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدراوە.

ئۆپەڕاسیۆنەكە لە كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دەستی پێ كردووە و گوندەکانی ئەو سنوورە و چیای قەرەچووغ و گەلی تاراوە و مەلا کاغەی گرتووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا كە ئۆپەڕاسیۆنەكە بۆ گەڕان و پشکنین بووە بۆ مۆڵگە و حەشارگەكانی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەدا بە مەبەستی نەهێشتنی جموجۆڵیان و دابینکردنی سەقامگیری زیاتر بۆ خەڵك و گوندەکانی ناوچەکە.

وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە كە ئۆپەڕاسیۆنەكە هەر ئەمڕۆ بەیانی كاتژمێر 8 بەسەركەوتوویی كۆتایی پێ هاتووە.