رۆژنامەی ھەولێر

ڕوانینەکانی هاشم ساڵ لە کتێبی “کورد و ئازادی”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

نەتەوەکان زۆرجار ناتوانن خۆیان ببینن و پێگە و سەنگ و تایبەتمەندییان وەکو ئەوەی بەرجەستەیە هەستی پێ بکەن. بەڵام کاتێک ئەوانی دیکەی بێگانە سەیریان دەکەن و سەرنج دەخەنە سەریان باشتر دەیان بینن، چونکە ئەوان چاونوقاونین لە کەموکوڕی و خەوشەکان و هەموو بەشێکی وێنەکە دەبینن و خۆیان بەشێک نین لە وێنەکە.

یەکێک لە خولیا دێرینەکانم ئەوەیە بزانم ئەوانی دیکە (بێگانەکان) چی لەبارەی کوردەوە دەڵێن؟ ئەمە خولیایەکی دێرینەمە و زۆر تامەزرۆی کتێبی گەڕیدە و کوردناس و هاوکات چاوپێکەوتنەکانیانم بۆ ئەوەی بزانم چی دەڵێن و چۆن دەمانبینن. وەک ئاوێنەیەک دەیانبینم بۆ بینینی ئێمەی کورد لەنێو ئەو گەڕیدە و کوردناس و بێگانانەشدا هەمیشە بۆچوونی نووسەران و بیرمەندانی عەرەب و فارس و تورک بۆمن جێگە سەرنجی زیاتر بووە، چونکە بەجۆرێک تێکەڵاوی یەکتریین و خاوەنی دۆزێکی کێشەداریشین لەگەڵیان و هاوکات مێژوو و کولتوورێکی تاڕادەیەک هاوبەشیش لەنێوانماندا هەیە.
ساڵانێکی زۆرە کتێبەکانی نووسەر و بیرمەندی سووری “هاشم ساڵح” دەخوێنمەوە. لای من فیگۆرێکی ڕۆشنگەری عەرەبییە، ساڵی ڕابردوو لە پێشانگەی کتێب لە هەولێر دووراودوور بینیم، بەڵام خولیای نزیکبوونەوەم لێی نەبوو، بۆ من هزری ئەو گرنگترە، تا خودی خۆی و من لەڕێی کتێبەکانییەوە دەزانم چۆن بیر دەکاتەوە، نەک لە بینینێکی چەند خولەکییەوە بۆم دەر بکەوێت، هەر لەبەرئەوە بوو تامەزرۆی ناسینیم نەبوو، چونکە ئەوەی پێناسەی ڕاستەقینەی نووسەرەکانە کتێب و بۆچوونەکانیانە، نەک هەڵوێستە چرکەساتییەکانیان و ئەو چەند خولەکەی ئێمە بەریان دەکەوین.
هەفتەی پێشوو چاوپێکەوتنێکی درێژی ئەم نووسەر و بیرمەندم خوێندەوە، کە هەردوو بەڕێزان “سیروان حەمەڕشید و نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد” لەگەڵیدا سازیان کردووە و لە دوتوێی کتێبێکدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەچاپی گەیاندووە. کتێبەکە سەبارەت بە تەوەرێکی گرنگی بەشی زۆری کارەکانی ئەم نووسەرەیە، کە پەرەسەندنی فەندەمێنتالیزمی ئیسلامییە لە جیهانی عەرەبیدا و پەڕینەوەی ئەم پەرەسەندنەش بۆ نێو کۆمەڵگەی کوردی و و دونیای کوردیی. هاشم لەم کتێبەدا سەرەڕای خستنەڕووی بۆچوونەکانی سەبارەت بە فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی، بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەوەی چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات لێبوردنە. لە جێگەیەکدا لەم بارەیەوە دەڵێت “جیهانی ئیسلامی لەم سەردەمی فەندەمێنتالیزم و دەمارگیریی کوێرانەی تایفیدا، زۆر پێویستی بە لێبوردنە.” ئەم نووسەرە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوەی ئەوروپای لە دەمارگیریی ئایینی ڕزگارکرد لێبوردن بوو، بۆیە جیهانی ئیسلامیش ئەوەی پێویستە تا بە پێشکەوتنەکانی ئەوروپا بگاتەوە. هاشم ڕەخنە لە سەلەفیەتی داخراو دەگرێت و لە جێگەیەکی دیکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “سەلەفیەتی نابینا داخرانی عەقڵی بەردەم دەهێنێت، هەروەها پەرگیریی و دەمارگیریی دەخولقێنێت.” زیاتر ڕەخنە لە عەقڵیەتی سەلەفیەت دەگرێت و ئەوەش دەخاتەڕوو “سەلەفیەت زیاتر چاویلکەی پێچکەرەوە لە چاو دەکات تا تەماشای دواوە بکات، نەک پێشەوە.” ئەوەش دەخاتەڕوو، کە بەدیلی عەقڵیەتی پەرگیریی تەنها دەوڵەتێکە، کە ئازادی هەموان فەراهەم بکات چەشنی دەوڵەتی فەرەنسا کە ڕێگەی داوە نزیکەی 2500 مزگەوت بکرێتەوە. ئەوەش دەخاتەڕوو “ئەگەر فەرەنسا دەوڵەتێکی عەلمانی نەبوایە، ئەوا مەحاڵ بوو یەک مزگەوتیشی لێ بێت.”
لێرەدا بەر پێناسەیەکی جیاوازی عەلمانییەت دەکەوین کە فەراهەمکردنی ئازادییە بۆ هەموان، نەک ئەو پێناسانەی لای بەشێکی زۆری تاکی کوردی هەیە و پێیوایە عەلمانییەت ڕەفزکردنەوەی تەواوەتی دینە، بەڵکو عەلمانییەت وەکو هاشم ساڵح دەیخاتەڕوو زەمینەخۆشکەری پێکەوەژیان و فرەییە. نەک ڕەتکردنەوەی ئایین.
کاتێک سەبارەت بە پرسی کورد پرسیاری لێ دەکەن باسی ئەوە دەکات تا ئێستا دووجار هاتووتە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بەشداری کردووە و سەرسامی خۆی بە هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر ناشارێتەوە و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەردەبڕێت لە هەردوو سەردانەکەدا و هاوکات سەرسامی خۆیشی دەربڕیوە بەوەی کتێبەکانی بە زمانی کوردی چاپ بوون و لێرە خوێنەری تایبەتی هەیە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە “گەلی کورد گەلێکی زیندووە و ئەگەر هەلومەرجێکی باشی بۆ بڕەخسێت، ئەوا توانای خولقاندنی موعجیزەی هەیە.” سەبارەت بە زمانی کوردیش بۆچوونێکی سەرنجڕاکێشی هەیە و ئەوە دەخاتەڕوو کە “زمانی کوردی زمانێکی زیندووی داهێنەرە و ئێوە لەمن باشتر ئەمە دەزانن. ئەگەر تەمەن ڕێگەی پێ بدامایە حەزم دەکرد فێری زمانی کوردی بومایە و چێژم لە ئەدەب و هزر و فەلسەفەکەیان ببینیایە.”
ئەم چاوپێکەوتنە گەلێک وێستگە و سەرنج و تێڕامانی گرنگتری تێدایە، کە ناکرێت لێرەدا هەموو بنووسمەوە، من گەشتێکی گەلێک چێژبەخش و بەسوودمم لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەم نووسەر و بیرمەندەدا کرد، کە ساڵانێکە لەڕێی کتێبەکانییەوە بە بەشێکیان ئاشنا و لێرەدا بە شێوەیەکی سادەتر و ڕوونتر و ڕاشکاوانەتر لێیان بەهرەمەند بووم و خوێنەرانیش دەتوانن لێی سوودمەند بن.
بەر لە کۆتایی ئەم ڕانانە کورتە دەبێ ئەوەش بڵێم کە چاوپێکەوتنەکە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە یەک کتێبدا و لە دوتوێی 130 لاپەڕەدا چاپ کراوە. دەستخۆشی بۆ هەردوو ئامادەکار و وەرگێڕ و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە زیاتر لە بۆچوونەکانی ئەم بیرمەندە ڕۆشنگەرەیان نزیکتر کردمەوە.