بە ئامانجی بووژاندنەوەی زیاتری كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی جۆرەكانی گەشتوگوزار، شاندێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستەی گەشتوگوزار بەشداری دەكات لە سیمینارێك لە وڵاتی كۆماری چینی میللی كە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و لە لایەن وەزارەتی بازرگانی وڵاتی ناوبراو بەڕێوە دەچیت سیمینارەكە تایبەتە بە پەرەپێدانی جۆرەكانی گەشتوگوزار و چۆنیەتی بە یەكەوە بەستنەوەی چالاكییە گەشتیاری، كولتووری و وەرزشییەكان بە مەبەستی راكێشانی سەرنجی گەشتیاران.
شاندەكە ژمارەیەك لە بەرپرسانی تایبەت بە گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیشیان لەگەڵدایە.
بە پێی ڕاگەیێنراوێكی راگەیاندن و پەیوەندییەكان، دەستەی گەشتوگوزار لە دەستپێكی سیمینارەكەدا سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار بە ئامانجی ئاشناكردنی بەشداربووان بە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك بڵاوكراوەی گەشتیاری پێشكەش کردە بەڕێوەبەران و ئامادەبووانی سیمینارەكە. هەروەها لە نزیكەوە لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی بەشدار گفتوگۆی كرد بە ئامانجی دروستكردنی پردی پەیوەندی و زیاتر ناساندنی هەرێمی كوردستان وەك رووگەیەكی سەرنجڕاكێشی گەشتیاری لە ناوچەكەدا.
هاوكات هەرێمی كوردستان شانازی ئەوەی پێ بەخشرا كە بە نوێنەرایەتی ١٠ وڵاتی بەشدار لە رێوڕەسمی كردنەوەی سیمینارەكە وتاری هەبێت، لەم چوارچێوەیەدا وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە ناوی سەرجەم وڵاتانی بەشدارەوە وتارێكی پێشكەش كرد و، سەرەڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بەناوی وڵاتانی بەشدار بۆ وڵاتی چین، هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ زیاتر بووژاندنەوەی كەرتی گەشتوگوزار و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات.

