د. شه‌ونم یه‌حیا
گه‌نج سه‌رمایه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌یە، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێندرێت. كاركردنی گه‌نجانیش ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بنه‌مای پسپۆڕییه كه یه‌كێكه له ئاراسته سه‌ره‌كییه‌كانی كاركردن له‌سه‌ری له زۆربه‌ی وه‌ڵاتان، له ڕێگه‌ی داهێنان و شاره‌زایی زانستیان و ئاماده‌كردن و راهێنانیان له بواره جیاجیاكاندا، به‌تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوو و تازه‌پێگه‌یشتووه‌كاندا. چونكه له‌و وه‌ڵاتانه‌دا تا ئێستاش گه‌نج له قه‌یراندایه به هۆی خراپی ئاستی گوزه‌رانیان و بێكاری و نه‌خۆشی و كه‌موکووڕی له دامه‌زراوه‌كان و كێشه سیاسیه‌كاندا بگره له‌و لاوه، ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه گه‌نج له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كاندا هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه و و هه‌موو شت بۆیان دابین كراوه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین له‌م لایه‌نانه‌ی باسم كرد جیاوازی هه‌یه. بۆ شێوازی كاركردنی گه‌نجان و ڕۆڵیان له گه‌شه‌پێدانی كلتوور له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ یه‌كێكی تر ده‌گوڕدرێت.
بۆیه كاتێك پرسیاری ئه‌و ده‌كه‌ین كه گه‌نج چۆن ده‌توانی ڕۆڵ ببینێ له گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه؟ ئه‌وا گرنگه گه‌نجه‌كان كاتیگۆری بكه‌ین، له‌وانه ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه خاوه‌ن پسپۆر و شاره‌زاو خوێنده‌وارن و خاوه‌ن بڕوا نامه‌ن له بواره جیاجیاكاندا، ئه‌و گه‌نجانه گرنگه به گوێره‌ی شاره‌زاییان له نێو دامه‌زراوه‌كاندا پێگه‌ی خۆیان بدرێت و ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێندرێت بۆ گه‌شه‌پێدان به بواری خۆیان، نه‌وه‌ك گه‌نجێگ كه شاره‌زاییی ئایتی بێ بڕوا كارێك بكات دوور له بواره‌كه‌ی خۆی، بۆنموونه له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا گه‌نجێكم بینی ده‌رچووی به‌شی كۆمه‌ڵناسی بوو، كه‌چی كاری چاككردنی ته‌نكی و دەسشۆرک (مغسل) و لوولە و بۆڕی و موبه‌ریده‌ی ناو ماڵانی ده‌كرد، ئه‌مه چۆن گه‌شه‌پێدانی كلتووری دروست ده‌بێ یان كلتوور وا پێش ده‌كه‌وێت، ئه‌مه نموونه‌یه‌كه له هه‌زاران نموونه‌ی تری وه‌كو ئه‌و گه‌نجه.
كاتیگۆرییه‌كی تر ئه‌و گه‌نجانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانن. پێیان دەڵێن گه‌نجی كرێكار كه گه‌وره‌ترین كاتیگۆری له كۆمه‌ڵگه‌دا پێك ده‌هێنن.
كاتیگۆریه‌كی تر ئه‌و گه‌نجانه‌ی له نێو ڕیكخراوه ناحكومیه‌كان واتا ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌ده‌نی كار ده‌كه‌ن. ئه‌مانه‌ش ئه‌گه‌ر بتوانن سه‌ربه‌خۆی خۆیان بپارێزن ده‌توانن ببنه كه‌ناڵێكی به‌هێز بۆ گه‌شه‌پێدانی كلتوور له كۆمه‌ڵگه‌دا.
كاتیگۆرییه‌كه‌ی تر ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه بێكارن، ئه‌مانه‌ش زۆربه‌ی هه‌ر زۆرییان له‌و گه‌نجانه پێك هاتوون كه ده‌رچووی زانكۆكانن، هه‌ڵبه‌ته هۆكاری بێكاریشیان زۆر له‌وانه نا ئارامی باری سیاسی و گه‌نده‌ڵی و خراپی باری ئابووری و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا كه دۆخێكی له ناكاو دێته پێش وه‌كو په‌تای (كۆرۆنا) كه هۆكار بوو بۆ بێكار بوونی كه‌سانێكی زۆر.
بۆیه كاتێك باس له ڕۆڵی گه‌نج له گه‌شه‌پێدانی كلتور ده‌كه‌ین گرنگه هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه له‌ر چاو بگرین.
سه‌باره‌ت به ده‌رفه‌ته‌كان ڕوانگه و دنیابینی هه‌ر گه‌نجێكه‌وه جیاوازه، چونكه هه‌ندێ گه‌نج هه‌یه بیر له‌و پرسه ناكاته‌وه و خۆشی به به‌رپرسیار نازانیت كه رۆڵی هه‌بێ و هه‌وڵ بدات و ده‌رفه‌ت بڕه‌خسینێ له پێناو به‌شداربوون له گه‌شه‌پیدانی كه‌لتووری، بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌ویت به‌شدار بین له گه‌شه‌پێدانی كلتووری ئه‌وا ده‌بێ ریسك بكه‌ین له‌و پێناوه‌دا مرۆڤ تاوه‌كو ریسك نه‌كات ناگات به به‌خته‌وه‌ری و گه‌شه‌پێدان. پرسیاره‌كه لێره‌دایه ئایه گه‌نجه‌كانمان تا چ ئاستیك ئاماده‌ی ریسكن؟ ئه‌و گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ته بۆ گه‌نج.
له راستیدا كۆمه‌ڵێك ئاڵه‌نگارییه هه‌یه، ڕووبه‌ڕووی گه‌نج ده‌بیته‌وه له‌وانه:
1-ئاڵه‌نگاری كۆمه‌ڵایه‌تی، به یه‌كێك له‌و گرفتانه داده‌نرێت كه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌نج هه‌یه به‌هۆی وابه‌سته‌بوون به كۆمه‌ڵێك داب و نه‌ریت، به‌تایبه‌تی بۆ ڕه‌گه‌زی مێینه.
2-ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ر و بۆشایی فێربوو، ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ر ئه‌ویش هۆكارێك بۆ هاندانی گه‌نج و پاڵپشتیكردن له بیرۆكه و داهێنانه‌كانیان، زۆرجار گه‌نجێك بیرۆكه‌یه‌كی هه‌یه، وه‌كو پێویست پشتگیری ناكرێت نه‌ك هه‌ر پشتگیری به‌ڵكۆ ساردیش ده‌كرێته‌وه یان ململانێ ده‌كرێت بۆ هه‌ره‌سهێنان به بیرۆكه‌كه‌ی، به‌حكومی ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا خوێندوومه هه‌ستم به‌و جیاوازییه كردووه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌نسی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌هۆی ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆم، له فره‌نسا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانویست سوود له توانا‌و پرۆژه‌كانت وه‌ربگرن، كه‌چی له كوردستان چوارچێوه یاخود ململانێ ده‌كراین.
بۆیه ئه‌مه ڕه‌فتارانه كاریگه‌ری و به‌یه‌كێك له‌و گرفتانه \داده‌ندرێت كه ڕێگری له گه‌شه‌پێدانی كلتووری ده‌كات له‌لایه‌ن گه‌نجه‌وه.
3-ئاڵه‌نگاری هه‌ستكردن به بۆشایی دوای ده‌رچوونیان له زانكۆ/ زۆربه‌ی ده‌رچووانی زانكۆ به‌هۆی نه‌بوونی پلانی پێویست له‌لایه‌ن حكوومه‌ته بۆ ئه‌و گه‌نجانه دوای ده‌رچوونیان له فه‌راغ و بۆشاییدا ده‌ژین و نازانن چی بكه‌ن و له كوێ وه ده‌ست پێ بكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه زانكۆكانیشمان گه‌نجێكی وات بۆ په‌روه‌رده ناكات كه جیهانی بێ واتا یونیڤیرسیاڵ بێ، گه‌نجێكی لۆكاڵت بۆ به‌رهه‌مده‌هێنێ.
4-ئاڵه‌نگاری سیاسی، لێره‌دا نا ئارامی سیاسی و ململانێ یه‌كان ڕاسته‌خۆ به هۆكارێكی سه‌ره‌كی داده‌نرێت له ڕێگری كردن له گه‌شه‌پێدانی كلتووری لای گه‌نج.
لێره‌دا گرنگه باس له‌و كه‌ناڵانه بكه‌ین كه به‌رپرسن له پاراستنی كلتوور و گه‌شه‌پێدانی له‌وانه:
&خێزان و زمانی هاوبه‌شی نێوان تاكه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراودا و دووباره‌كردنه‌وه ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی كه ویژدانی گشتی كۆكن له‌سه‌ری و په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. پاشان ئه‌م گه‌شه‌پێدانه گرنگه له چوارچێوه‌ی ئه‌م كه‌ناڵه ڕوو بدات، بیگومان خێزان لایه‌نێكی ئه‌م به‌رپرسیاریه‌ته ده‌گرێته ئه‌ستۆ، به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێ ڕه‌چاوی ئاستی جیاوازی معریفی وڕۆشنبیری ئه‌م خێزانه بكرێت.
كه‌ناڵه ئایینیه‌كان/ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئاین به‌شێكه له كلتووری كۆمه‌ڵگه‌كان بۆیه ئه‌ویش به كه‌ناڵێكی گرنگ ده‌ده‌نرێت له پرۆسه‌ی سۆسیالیزاسیۆن واتا به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی تاك، هه‌رچه‌نده ئاین له كۆنتكستی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ماییه‌وه ئه‌وه ده‌بێته گه‌شه‌پێدانی كلتووری وپارێزگاریكردن لێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاین وه‌ك وه‌سیله‌یه‌كی سیاسیی به‌كارهێندرا ئه‌وا ئه‌م كلتووره ده‌شێوێنیت. بۆیه گرنگه دامه‌زراوه ئایینیه‌كان سه‌ربه‌خۆی خۆیان بپارێزن و نه‌بنه به‌شێك له ململانێ سیاسی و به‌ئایدیۆلۆژییا بوونیان، ئه‌مه‌ش له پێناو گه‌شه‌پێدان و نوێكردنه‌وه‌ی خۆی.
چالاكی ریوڕه‌سمی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆنه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌بنه ده‌رفه‌تێك بۆ گه‌شه‌پێدانی كلتوور.
هه‌موو ئه‌و ڕێوڕه‌سمه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییانه پێشتر به میرات بۆ ئه‌كته‌ر كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ماونه‌ته‌وه واتا هه‌موو ئه‌و بۆنانه‌ن مێژووێكی كۆنیان هه‌یه، ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ش له ده‌ستی مرۆڤه‌كانن به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هاوزمانێكی زۆر خۆیان به میراتگری یه‌كه‌م ده‌زانن واتا هه‌موو ئه‌و بۆنانه بوونیان به‌رده‌وام نابێت ئه‌گه‌ر خاوه‌نداریه‌تی نه‌كرێن، بۆنموونه بۆنه ئایینیه‌كان ئه‌وا مه‌لا و شێخ و خاوه‌ن ته‌ریقه‌كانن له ڕێگای ئه‌و ناوه‌نده ئایینیانه‌وه وه‌كو مزگه‌وت یاخود ته‌كیه‌كانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن پارێزگاری له كلتووری ئایینی بكه‌ن، به‌و شێوازه‌ی كه له‌سه‌ری رۆیشتوون و چۆن گه‌شه‌ی پێ ده‌ده‌ن ئه‌وا ده‌گه‌رێته سه‌ر ئاستی مەعریفی و رۆشنبیری و دنیابینی ئه‌و ئه‌كته‌ر كۆمه‌ڵایه‌تی ئایینیانه. بۆ بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌هه‌مان شێوه‌یه.
دامه‌زراوه په‌روه‌ردییه‌كان/ بێگومان ئه‌مه كه‌ناڵێكی تر به‌شدارییه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه له گه‌شه‌پێدانی كلتووری و پارێزگاریكردن لێ.
دامه‌زراوه میدیایی و رۆشنبیرییه‌كان ئه‌م كه‌ناڵه‌ش به هه‌موو ده‌زگا بیستراو بینراو خوێندراوه‌كان رۆڵیان هه‌یه له گه‌شه‌پێدانی و كه‌لتوور و پارێزگارلێكردنی.
&دامه‌زراوه سیاسیه‌كان واتا حزب و ئۆرگان و ناوه‌نده سیاسیه‌كان، ئه‌مه‌ش كه‌ناڵێكی گرنگه چونكه سیاسه‌ت كلتوور دروست ده‌كا، هه‌ر سیاسه‌ت كه ده‌سه‌ڵات و هێزی ده‌كه‌وێته ژێر ده‌ستی راسته‌خۆ ئه‌و كلتووره ده‌سه‌پێنێ كه هاوتای ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌یه‌تی، بۆیه به لای منه‌وه سیاسه‌ت كلتوور دروست ده‌كات، له شه‌ڕی ناوخۆ له ساڵی 1994دا له نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كاتێك لێكترازانی سیاسی روویدا، لێكترازانی كلتووریشی به‌دوای خۆدا هێنا. نموونه‌یه‌كی تر له دوای رووخانی ڕژێمی به‌عس و گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هێزێكی تایفی شیعه‌گه‌رییه‌وه، شیعه‌كان ئه‌و كلتووره‌یان دروستكرد كه له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكی ئه‌واندا بگونجێت، چونكه سیاسه‌ت به‌هێز زۆربه‌ی جار داكۆكی له كلتوورێك ده‌كات كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژییایه‌كه‌ی بێت، نه‌ك پێچه‌وانه‌ی.
كه‌ناڵی ئابووری و سیسته‌می ئابووری جا چ سیسته‌مێكی سۆسیالیستی یاخود سه‌رمایه‌داری بێت، ئه‌مانه رۆڵیان ده‌بێت له گه‌شه‌پێدان كلتوور و پارێزگاریكردن لێی. ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی سه‌رمایه‌داری له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌ڵاتی باڵا بوو ئۆتۆماتیكی كاپیتالیزم هەیمه‌نه‌ی خۆی ده‌خاته سه‌ر ئه‌كته‌ر كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كلتوورێكی سه‌رمایه‌داری دروست ده‌كات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا بۆ سیسته‌می سۆسیالیستی به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت.

