رۆژنامەی ھەولێر

تەنیا لەتوانای مرۆڤە ئازادی و هەستی مرۆڤ زیندانی بکا

گۆهدار شکری ئاكرەیی
گومانی تیانییە هەریەک لەئێمە، رۆژانە رەنگە ئەم پرسیارە لەخودی خۆمان بکەین، بۆچی تا دێت زیاتر حەوانەوەی مرۆڤ کەمتر دەبێ؟ وە نەتوانێ بڕیاری خۆی بدات چۆن بژیێت، نەزانێ چۆن دەژیت. لەگەل ئەوەشدا نەتوانێ وێنەی ئەم هەموو ئەندێشە و نەحەوانەوە جۆراوجۆرە بکێشێ، چوونکە مێشک ناتوانێ لەگەل ئەو هەموو رووداو و نائاسوودەییە مامەڵە بکات. هەندەی بیری لێ دەکاتەوە تا سەرەداوی ئەم خولقاندنە بدۆزێتەوە و خۆی رزگاربکا لەم ئازارە دەروونییە، بە پێچەوانەوە بارودۆخێکی نائاسایی دژوارتر و نێگەتیڤانەتر بەدەردەکەون، وە لەبنەرەتدا نەزانن هۆکاری ئەم نەحەوانەوەیە بخەنە ئەستۆی کێ؟ کێ بەرپرسیارە لەم نائاسوودەیی و ماف زەوتکردنە. چوونکە ئاکار و کرداری ئەم بەرپرسانەی کە بەرپرسن لەم نەحەوانەوەیە، هەندە ژیر و بەئەزموونانەیە لە ستەم و زەوتکردن و دزینی ژیانی مرۆڤ، بەتایبەتی سادەکان. خۆیان وانیشان دەدەن هیچ پەیوەندیەکیان بەم زەوت کردن و نەحەوانەوەیە نییە. لەخەلکیان شێواندووە، نەزانن کێن ئەو کەسانەی کە هۆکاری سەرەکی ئەم ناحەوانەوەیەی تێکڕای خەڵکی ئەم جیهانەن. ئیتر بەتەواوی خەلکەکە کەوتوونە ژێر دەستی رەحمەتیان. بەقەد ئەندازەی ئەقل و بەرژەوەندی خۆیان چێژ و ناخۆشی بۆ خەلکەکە دەرەخسێنن. لەوەش مەترسیدارتر، هەر بەوەندە نەوەستاون بەڵکو بە بیرۆکەی جیا جیا، ئەو شتانەی کە هۆکاری نەحەوانەوەی ژیانن لە هزری نەوە دوای نەوە دەچەسپێنن و هەوڵی سرینەوەی زانیاری خەزنکراوی ناو کۆئەندامی یادکردنەوەی نەوەکان دەدەن. رووحیان داگیر دەکەن و هەموو حەز و ئارەزووە بارگاوییەکانیان لەناو دەبەن. چوونکە ئێمەی خوێنەر ئەوەمان بەبەرچاو کەوتووە یاخوێندوومانە، بە کاریگەری زۆر بەهێز یا رووداوی دڵتەزێن، زانیارییە خەزنکراوەکانی مرۆڤ دەسڕدرێنەوە یا لاواز دەبن، ئیتر تێکڕای خەڵکی جیهان بوونەتە قوربانی بیرکردنەوەی پڕ لە بەرژەوەندی نامرۆڤایەتیان. جا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە بزانین، ئایا ئەم ماف زەوت کردن و نەحەوانەوەیەیە لە دەستپێکی ژیانی مرۆڤەوە بوونی هەبووە؟ ئەگەر بوونی هەبووە لەتوانای کێدا بووە؟ یا تەنیا لەم سەردەمە زۆر بەزەقی بەدی دەکرێ، لەبەر ڕۆشنایی زانیاری سەردەم کە خەلکەکەی هۆشیارترن و جیاوازن لە مرۆڤەکانی قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی ژیانی رابردوو. جا بۆ ئەوەی شتێک بمانگەێنێتە ئەو بڕوایەی کەوا تەنیا لە لەدەسەلاتی مرۆڤدا بووە مافی مرۆڤی زەوت کردبێ. بۆ ئەمەش باشترین بەلگەی روون تا بیسەلمێنین، ئەوەیە ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، مێژوو زۆر بەڕوونی ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، راستە ژیانی خەلکی سەردەمی جاهلیەت و سەردەمی فتوحاتی اسلامی، بەژیانی ئێستای ئێمە ناچێت، لەڕووی زەوت کردنی ئازادی مرۆڤ و نەحەوانەوەیان، بەلام بە نموونە ( سەردەمی جاهلیەت) وەربگرین و سەرنجی بدەینێ دەبینین، مرۆڤ بە (کۆیلە) دەکڕدرا و دەفرۆشرا. وە لەهەمانکاتدا لەسەردەمی( فتوحاتی اسلامی) راستە کۆیلایەتی کۆتایی پێ هات، بەلام ئافرەت بە (کەنیزەک) دەکرا، کەئەمەش گەورەترین زەوت کردنی ئازادی و پێشەلکردنی مافی مرۆڤ بووە و، لەم سەردەمەی ئێستای کە ئێمەی تیا ژیان بەرێدەکەین، بەشێوەیەکی جیاوازو ئاڵۆزتر، مافی مرۆڤیان زەوت کردووە، پرن لەو کارانەی کەدەبنە هۆکاری دزینی ژیانی خەڵکی بەگشتی و.زیاتر لەنیوەی خەلکەکە تووشی ئیفلیجی دەروونی بوونە لەلایەن مرۆڤەکانەوە . کەواتە ئەم سرگوشتە هیچ ناماقولییەک(ناڕاستی)یەکی تێدانیە. هەر ناڕاستییەک رووی دابێت، ئەوە لەلایەن مرۆڤەوە بووە، مێژووش ئەوەمان بە بەڵگە بۆدەسەلمێنێ کەوا لەدەستپێکی ژیان تائێستا تەنیا لەلایەن خودی مرۆڤەوە مافی مرۆڤ زەوتکراوە. وە هۆکاری سەرەکی ئەم هەموو نەحەوانەوە و چەوسانەوەیە، بەبۆچوونی من، رەنگە بۆئەوە بگەرێتەوە، مرۆڤ بەگشتی بەسادەیی خۆی ناتوانێ بژییت، چوونکە بەرژەوەندییە دژوارەکانی هەندێ مرۆڤ شوێنی هەموو شتەکانی گرتووە، بەتایبەتی شوێنی یاسا. ئەگەرنا ئێمەی مرۆڤ بە گشتی لەسەر رەوشت و سادەیی خۆمان بژیین، بەم رۆژە ناگەین.