كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
كاتێ باس له ئاواز و گۆرانی كوردی ده‌كرێت یه‌كێك له‌و تیپانه‌ی كه رۆڵی هه‌بووه له پێشڤه‌چوونی كاروانی مۆسیقای كوردی تیپی موزیكی پاشای گه‌وره‌یە. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رێکەوتی ١/٧/٢٠٢٥ــی زایینی ٤٨ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تیپه‌دا تێپه‌ر ده‌بێت، به‌م بۆنه‌یه‌وه له شاری راواندز چه‌ند چالاكییه‌ك به‌رێوه ده‌چێت كه هاوكاته له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره رابه‌ری هونه‌ری مامۆستا (زرار محەمه‌د مسته‌فا).
له هه‌وارگه‌ی شنگلبانه له شاری ڕواندز، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی لقی ڕواندز، له ساڵیادی له‌دایكبوونی ڕابه‌ری هونه‌ر (زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) و دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره، پانێڵێكی هونه‌ری و ڕۆشنبیری به‌رێوه ده‌چێت.
سه‌ره‌تا سێ پانێل ئه‌نجام ده‌ردێت یه‌كه‌میان به ناوی (تایبه‌تمه‌ندیه هونه‌رییه‌كانی تیپی پاشای گه‌وره له ڕوانگه‌ی رابه‌ری هونه‌ر “زرار محەمه‌د مسته‌فاوە) له‌لایه‌ن د. ئامانج غازییەوە پێشكه‌ش ده‌كرێت، پانێلی دووه‌م به ناوی (ڕۆڵی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی باشووری كوردستان) له‌لایه‌ن د. بژار عوسمانەوە پێشكه‌ش ده‌كرێت و، پانێلی سێیه‌م له‌ژێر ناوی (ئاوڕێك له بزاوتی ئه‌ده‌بی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی لقی رواندز) له‌لایه‌ن یاسین برایمەوە پێشكه‌ش ده‌كرێت. پانێله‌كه‌ش له‌لایه‌ن زەینەل خەیری به‌ڕێوه ده‌چێت.
هه‌ر له‌م چالاكییه دوو كتێب ناساندنی بۆ ده‌كرێت، له‌وانه توێژینه‌وه‌یێك به ناوی (ڕۆڵی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی باشووری كوردستاندا ١٩٧٧-١٩٩٦) له لایه‌ن (هێلین یاسین) و (زه‌ینه‌ب حاجی عه‌وڵا) كه دوو ده‌رچووی به‌شی مێژووی ئاداب – زانكۆی سۆرانن، نووسیویانە. كتێبی دووه‌م (شامارێ په‌ریا. ئه‌فسانه‌كی كوردییه به شێوه‌ئاخاوتنی ڕواندزێ) له لایه‌ن (یاسین برایم) قوتابی ماسته‌ر له كۆلێژی ئادابی زانكۆی سۆران، پێشكەشی مامۆستاكه‌ی كردووه، وه‌ك وه‌فاداری و ڕێزێك بۆ ماندوویەتی و دڵسۆزی و ئه‌و خزمه‌ته زۆره‌ی پێشكه‌شی به هونه‌ری كوردی كردووه.
سه‌رجه‌م چالاكییه‌كان له كاتژمێر (٥)ــی ئێواره له هۆڵی حوزنی موكریانی له هه‌وارگه‌ی شنگلبانه به سپۆنسه‌ری (حازم كورده) خاوه‌نی شنگلبانه به‌ڕێوه ده‌چێت.
شایانی باسه له ١٩٧٧/٧/١، له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستای پایه‌به‌رز ھونه‌رمه‌ند (زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره ھاته دامه‌زراندن و رۆڵی به‌رچاوی ھه‌بوو له خزمه‌تكردنی ھونه‌ری ڕه‌سه‌نی مۆسیقا له شاری رواندز و ته‌واوی كوردستان.
ئه‌م ھونه‌رمه‌نده له‌سه‌ر توانستی خۆی بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك یان لایه‌نێك ھاوكاری بكات توانیی پۆلێ له ھونه‌رمه‌ندانی میوزیك پێیگه‌ێنێت، كه ئێستا رۆڵی به‌رچاویان ھه‌یه له گۆڕه‌پانی ھونه‌ری موزیكی كوردستان.
به‌ڵێ ٤٨ ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ ئه‌م تیپه هاته دامه‌زراندن و، توانییان له ماوه‌یه‌دا چه‌ندین شاكاری هونه‌ری پێشكه‌ش بكه‌ن و چه‌ندین ھونه‌رمه‌ندی وه‌ك (سه‌ید ئه‌حمه‌د ڕواندزی، سیروان سیرینی، شێرزاد حه‌یده‌ری، چه‌تۆ نه‌ورۆز، ئامانج غازی، فاروق باپیر، زەینەل خەیری، ئه‌حمه‌د شێخه..) چه‌ندانی تر له‌سه‌ر ده‌ستی ھونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رز (زرار محەمەد مسته‌فا) پێگه‌یشتن.
ھه‌روه‌ھا ئه‌م تیپه له ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا چه‌ندین كاری ھونه‌ری و ئه‌كادیمیک و چه‌ندین موزیكی جیهانی وه‌كو ئۆكێسترا پێشكه‌ش به ھه‌وادارانی میوزیك کرد و چه‌ندین گۆرانیبێژیش له‌م تیپه به‌رهه‌مه‌كانیان بڵاو کردەوه وه‌كو ئەو هونه‌رمه‌ندانە: وه‌لی دۆسكی، ئه‌حمه‌د مه‌ندانه، ھاوتا ئه‌سعەد، كاڵێ، ئه‌بووبەكر لەزگی، ناسر ره‌زازی، سامان عومه‌ر و سه‌لام خدر بێجانی و چه‌ندانی دیكه.
سڵاو له ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره. رۆحی مامۆستای كۆچكردووی دڵسۆزی ھونه‌ر ھونه‌رمه‌ند ”زرار محه‌مه‌د مسته‌فا” هەر شاد بێت.

