کەیفی زیرەك کەمال – پزیشکی گشتی
ئەڵقەی شازدەم
منداڵی* قۆناغی گەشە و بوونیادنانی جەستە و دەروونێکی تەندروستە، بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمەدا کێشەیەکی زۆر گەورە و فەرامۆشکراو یەخەی منداڵەکانمانی گرتووە، ئەویش قەڵەویە. ئەم کێشەیە نابێت چیتر وەك کێشەی خێزانێك سەیر بکرێت، بەڵکوو پێویستە وەکو پرسێکی نیشتمانی و کێشەیەکی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، خۆ ئەگەر وانەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیكدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی تەندروستی دەبینەوە داهاتووی منداڵەکانمان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بۆ پێشاندانی قەبارەی ئەم کێشەیە چەند داتایەك دەخەمەڕوو، لە وڵاتی ئەمەریکا ڕێژەی قەڵەوی لە نێو منداڵان لە ساڵی ٢٠١٢ نزیکەی ٣١,٤% بوو، ئەم ژمارەیە لە ٢٠٢٤ بەرزبۆتەوە بۆ ٣٥,٤%، واتا لە ماوەی دوازدە ساڵ بە ڕێژەی ٤% قەڵەوی لە نێو منداڵانی ئەمەریکا زیادی کردووە. ئەگەر هەمان داتا لە شاری هەولێر بخەینەڕوو بەم شێوەیە، لە ساڵی ٢٠١٢ ڕێژەی قەڵەوی لەنێو منداڵاندا بە نزیکەیی ١٠,٩% بوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٤ بەرزبۆتەوە بۆ ٣٠,٩% واتا لە ماوەی تەنها ١٢ ساڵدا لە شاری هەولێر ڕێژەی قەڵەوی لە نێو منداڵاندا سێ هێندە بەرزبۆتەوە، ئەمەش واتا لە شاری هەولێر بە نزیکەیی لە هەر سێ منداڵێك یەکێکیان قەڵەوە. بێگومان ئەگەر هیچ ڕێکارێك نەگیرێتەبەر ئەم ژمارەیە هەر ڕووەو هەڵکشان دەچێت.
دوو خاڵ بە هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوە خێرایە دادەنرێت:
١. خۆراك: گرنگترین هۆکار بۆ ئەم کێشەیە بەردەستبوون و خواردنی بڕێكی زۆر لە خۆراکە ناتەندروستەکانی وەك كێك و پسکیت و چپس و شەربەت و خواردنەوە گازیەکان و خواردنە خێراکان (Fast Foods)ـە، کە ڕێژەیەکی زۆر شەکر و چەوری و پێکهاتەی خۆراکی ناتەندروستی دیکەی تێدایە.
٢. کەمبوونەوەی جوڵە: منداڵان ئەمڕۆ کاتێکی زۆر لەبەر شاشەی مۆبایل و ئایپاد و تەلەفزیۆن بەسەردەبەن و یاریە ئەلکترۆنیەکان شوێنی یاریە جەستەییەکانی وەك ڕاکردن و بازدانیان گرتۆتەوە.
بێگومان ئەم دوو خاڵەش چەندین دابەش دەبنەوە بۆ چەندین خاڵی دیکە کە نامەوێ لێرەدا زۆر بە وردی باسیان بکەم.
مەترسییەکانی قەڵەوی لەسەر منداڵان
ئەمانەی خوارەوە مشتێکن لە خەرمانێك لەو کێشانەی کە قەڵەوی بۆ منداڵانی دروست دەکات:
١. نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم: کە پێشتر تایبەت بوو بە کەسانی پێگەیشتوو، ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە لە نێو منداڵاندا.
٢. نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزی فشاری خوێن: بناغەی ئەم نەخۆشییانە هەر لە منداڵییەوە دادەنرێت.
٣. کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی: منداڵانی قەڵەو زیاتر ڕووبەڕووی گاڵتەپێکردن و کەمی متمانەبەخۆبوون و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
داواکاری بۆ هەنگاونانی بەپەلە
هەروەك لەسەرەوە باسکرا، ئەم کێشەیە لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە بۆیە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئەرکی تاك بە تاکی کۆمەڵگەیە، هەر لە خێزانەوە بگرە تا دەگاتە قوتابـخانەکان و وەزارەتەکان و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران.
ئەرکی خێزان: دایك و باوکان پێویستە هۆشیار بن لە کاتی هەڵبژاردە خۆراکیەکان بۆ منداڵەکانیان، پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگیرێت کە ئەو خۆراکەی ئەمڕۆ دەخورێت لەلایەن منداڵەکانیانەوە وێنەدانەوەی تەندروستیانە لە داهاتوودا.
ئەرکی قوتابخانە: پێویستە قوتابخانە رۆڵیکی کاریگەر بگێڕێت بۆ زیادکردنی هۆشیاری تەندروستی لە نێو منداڵان، هەر لە باسکردنی زیانەکانی خۆراکی ناتەندروست تاکووهاندانیان بۆ ئەنجامدانی چاڵاکیە جەستەییەکان.
ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە: پێویستە پلانێکی تۆکمە و دوور مەودا هەبێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی قەڵەوی لە نێو منداڵان، بۆ نمونە ڕێگریکردن لە بەردەستبوونی خۆراکە ناتەندروستەکانی وەك کێك و شەکرۆکە و جپس و شەربەت و خواردنەوە گازیەکان لە قوتابخانەکان و قەدەغەکردنی ڕێکلام کردن بۆ خۆراکە ناتەندروستەکان و دەستپێکردنی هەڵمەتی نیشتیمانی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.
تەندروستی منداڵەکانمان سەرمایەی ڕاستەقینە و ئاوێنەی داهاتووی گەلەکەمانە. ئەگەر ئەمڕۆ هەنگاو نەنێین بۆ چارەسەرکردنی ئەم كێشەیە، سبەی باجێکی قورس دەدەین، هەر بۆیە لە پێناو داهاتوویەکی ڕوونتر پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ پێشکەشکردنی نەوەیەکی تەندروست بە نیشتیمانەکەمان.
*لێرەدا مەبەستمان ١٨ ساڵی بەخوارەوەیە.

