حەمەسەعید حەسەن
وشە بەدەم فڕینەوە
ڕووناکبیر زینده‌وه‌رێکی هێنده ده‌گمه‌نه، ڕه‌نگه له کوردستاندا، تاقه‌که‌سێک شک نه‌به‌ین، بێ دوودڵی ئه‌و ناسناوه‌ی پێ ڕه‌وا ببینین. هه‌موو ڕووناکبیرێک ڕه‌خنه‌گره، ڕووناکبیر هه‌ر له ڕه‌خنه‌گرتن که‌وت، ئیدی پێی ناگوترێت ڕووناکبیر. له‌سه‌ر شانۆی ژیان ڕووناکبیر ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر وازی ده‌کات، ڕووناکبیر ئه‌کته‌رێکی هێنده لێهاتوو نییه، توانای نمایش‌کردنی هه‌موو ڕۆڵێکی هه‌بێت، ئه‌کته‌رێکه ته‌نیا توانای بینینی یه‌ک ڕۆڵی هه‌یه، ئه‌ویش ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گره. مه‌به‌ستم له ڕه‌خنه‌گر، که‌سانی وه‌ک میشیل فۆکۆ، ئێدوارد سه‌عید، نوام چۆمسکی و هادی ئه‌لعه‌له‌وییه. تکایه با ئه‌وانه‌ی ستوونه‌جنێو ده‌نووسن، خۆیان لێ نه‌بێت به ڕه‌خنه‌گر، ئاخر هیچ کام له‌وانه، شایانی ئه‌وه‌یش نین، پێیان بگوترێت، هه‌واڵنووس، با سه‌رنووسه‌ریش بن.
ده‌سه‌ڵاتداری نادیموکرات که زه‌نده‌قی له ڕه‌خنه چووه، هانا بۆ کڕینی توانای، یان بڕینی زمانی ڕه‌خنه‌گر ده‌بات، وه‌لێ ڕه‌خنه‌گر نه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و په‌لاماردا به‌چۆکدا دێت و نه بۆ پله و پایه ده‌نووشتێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار ئه‌وانه به ڕووناکبیر ده‌زانێت که به باڵایدا هه‌ڵده‌ڵێن، یان له ئاستی سته‌مکارییه‌کانیدا بێده‌نگ ده‌بن. خۆ به (ڕووناکبیر)زانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار، جه‌ماوه‌رێکی خۆش ده‌وێت که ته‌نیا چه‌پڵه‌ی بۆ لێ بده‌ن، ڕکی له‌و جه‌ماوه‌ره ده‌بێته‌وه که ده‌یخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. خاڵێکی هاوبه‌ش له‌نێوان (ڕووناکبیر)ی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار و ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار خۆیدا، ئه‌وه‌یه: هه‌ردوو لایان سه‌رقاڵی به‌مێگه‌لکردنی جه‌ماوه‌رن.
ڤۆڵتیر (١٦٩٤- ١٧٧٨) له‌سه‌ر ساتیرێک که دژی میرێکی ده‌نووسێت، یازده مانگی ژیانی له زیندانی (باستیل)دا به‌سه‌ر ده‌بات. ڕه‌نگه ناودارترین ساتیره‌ڕۆمانی ڤۆڵتیر، (کاندید) بێت که به مانای (خۆشباوه‌ڕ) دێت، تێیدا له‌ڕێی (مشتومڕی ته‌وسئامێز)ه‌وه،(١) وه‌ک ڕه‌خنه‌گرێکی بوێر، ئاوڕ له نادادپه‌روه‌ری و دووڕوویی ده‌داته‌وه و فه‌لسه‌فه‌ی گه‌شبینی که له‌و خۆشباوه‌ڕییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ده‌داته به‌ر ڕێژنه‌ی ته‌نزه‌ڕه‌خنه.
ڕووی تیری ڕه‌خنه‌ی ڤۆڵتیر زیاتر له کەنیسە بوو، نه‌ک له ئایینی مه‌سیح، ئه‌و یه‌که‌مین که‌سێک بوو، دروشمی (بڕووخێ کەنیسە)ی بڵند کرده‌وه. مه‌به‌ستی له‌وه، دوایی پێ هێنانی کاریگه‌ریی کەنیسە بوو له‌سه‌ر قوتابخانه. خه‌باتی ڤۆڵتیر له‌و بواره‌دا، له‌پێناوی بڵاوکردنه‌وه‌ی گیانی تۆلێرانسدا بوو، به‌رانبه‌ر هه‌موو تێگه‌یشتنه ئایینییه توندڕۆ‌کان.
به‌ناوبانگترین گوته‌ی ڤۆڵتیر له پێناوی چه‌سپاندنی تۆلێرانسدا، ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێت: (من با وه‌کوو تۆیش بیر نه‌که‌مه‌وه، وه‌لێ ئاماده‌م له‌پێناوی ئه‌وه‌دا تۆیش بیروڕای خۆت ده‌رببڕیت، خۆم به‌کوشت بده‌م.) گوته‌یه‌کی ناوداری دیکه‌یشی هه‌یه که تێیدا مه‌به‌ستی له ده‌سه‌ڵاتدارانی کەنیسە و کۆشکه که به ته‌وسه‌وه پێیان ده‌ڵێت: (ئه‌وان پیرۆزن، که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه خۆی له قه‌ره‌یان بدات،) که لای خۆمان ده‌بێته، ئه‌وان قولـلە‌ی قافن و ئێمه مێشووله، وا باشتره به گژیاندا نه‌چینه‌وه.
ڤۆڵتیر چونکه ڕه‌خنه‌ی ته‌وساوی و توندی ده‌گرت، لای پیاوانی توندڕۆی کەنیسە و میر و (خانه‌دان)ه‌کانی سه‌رده‌می خۆی خۆشه‌ویست نه‌بوو، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و ڕه‌خنه زبرانه‌یشه‌وه، دووچاری هه‌ڵاتن و ئاواره‌یی ده‌بووه‌وه. ئه‌و سه‌روه‌خته ئه‌وه شتگه‌لی تازه بوون که ئه‌و داوای ئازادیی دەربڕینی بیروڕا و جیاکردنه‌وه‌ی کەنیسەی له ده‌وڵه‌ت ده‌کرد. ئه‌وێک که ده‌یگوت: (هاوڕێکانم خۆش ده‌وێن، ڕکم له دوژمنه‌کانم نییه،) ئه‌وێک که بڕوای به خودا پته‌و بوو، کەنیسە به زه‌ندیقی له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
ڕۆشنبیر که‌سێکه وه‌ک ژان ژاک رۆسۆ که ڕێ بۆ شۆڕشی فه‌ره‌نسا ته‌خت و خۆش ده‌کات، یه‌کێکه وه‌ک ژان پۆڵ سارته‌ری فەرەنسایی که له شه‌ڕی نێوان جه‌زائیری بندەست و فه‌ره‌نسای داگیرکاردا، لایه‌نی جەزائیر ده‌گرێت،(٢) ڕۆشنبیر شاعیرێکه له چه‌شنی ئه‌مه‌ل ده‌نقه‌ل که له ساڵانی شه‌ست و حه‌فتادا له میسر، خۆی به ته‌نیا به‌گژ بێدادیدا ده‌چێته‌وه و گوته‌کانی (سپارتاکۆس) وه‌بیر کۆیله‌کان ده‌هێنێته‌وه،(٣) ڕۆشنبیر که‌سێکه وه‌ک ڤۆڵتیر، ده‌سه‌ڵاتداران ده‌توانن له زیندانی توند بکه‌ن، یان له زێدی خۆی دووری بخه‌نه‌وه، وه‌لێ پێیان ناکرێت، مه‌لی وشه‌یه‌کی له فڕین بخه‌ن.
*
(١) نووسین به‌و شێوه‌یه به گه‌لێک له زمانه ئه‌ورووپایییه‌کان، polemicی پێ ده‌ڵێن.
(٢) لە ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئەوەی بە هەر پاساوێک لایەنی دووەم بگرێت، نیشتمانپەروەر نییە، ناپاکە.
(٣) دوا وشه‌گه‌لی سپارتاکۆس، ناوی شیعرێکی ئه‌مه‌ل ده‌نقه‌له.

