میدیا سەلاح عوسمان
كتێب، یاخود پەرتووك، نووسراوێكی چاپكراوە، كە هەر یەكە بە پێی ڕاوبۆچوون و پسپۆڕی و شارەزایی لە بوارێكدا، نووسراوە و بەچاپ گەیەندراوە، لە ڕووی ئەدەبی و سیاسی، یان لە ڕووی زانستی و كۆمەڵایەتیی بێت، كە ئەمانە سەرەنجام بوونەتە سەرچاوە بۆ خوێنەر، كتێب ڕێگایەكی گرنگە بۆ فێربوون و بەدەستهێنانی زانیاری و بابەت و بواری جۆراوجۆر.
کە قوتابییەكی زانكۆ، توێژینەوەیەكی دەنووسێت، یاخود سمینارێك ئامادە دەكات بۆ پێشكەشكردن، سەرەچاوەی سەرەكی دەبێت، تا بتوانێت بگات بەو ئامانجە زانستییەی كە دەیەوێت و كاری لەسەر دەكات، بەدەر لەوەش هۆكارێك دەبێت بۆ فراوانكردنی بیر و وەرگرتنی زانیاریی هەمەجۆر.
هەر وەختە باس لە دێڕێك لە هۆنراوەی كەڵە شاعیرێك بكرایە، دەزانرا هی كێ بووە و دێڕەكەیان بۆ یەكتر تەواو دەكرد، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت و دەبینرێت، لە دوای هاتنی میدیای نوێ و بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خوێنەری كتێب كەمی كردەوە، چونكە لە میدیای نوێدا خێراتر وەڵامی زۆرێك لەو پرسیارانە دەداتەوە كە تاك پێویستێتی، ئەمەش چ لە ڕووی نووسینەوە یاخود بە شێوەی ڤیدیۆی، كە جاران بەر لە هاتنی میدیای نوێ بە زیاتر لە چەند ڕۆژێك و خوێندنەوەی چەند پەرتووكێك بەدەست دەهات، بەڵام ئێستاکە بە شێوەیەكی زۆر خێرا دەتوانیت لە ڕێگەی كلیكێكەوە دەستت بگات بە زۆرترین زانیاری لە سەرجەم بوارەكاندا، بەڵام لەگەڵ ئەو ئاسانكارییەدا و پێشكەوتنی دنیای تەكنەلۆجیادا وای لە خوێنەر و قوتابی كرد لەبری خوێندنەوەی كتێبێك، تەنها بەدوای ئەو زانیارییەدا بگەڕێت كە خۆی مەبەستێتی.
گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بۆ زۆربوونی خوێنەری كتێب و فراوانبوونی مێشكی وەرگر و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی لە ناو خێزان و قوتابخانە بنەڕەتییەكان بكەین بە مەرج بۆ نەوەكانمان كە هان بدرێن ئەو پەرتووكە بخوێننەوە، پاشان گفتووگۆی دەكەین، پاشان باشترین ئاستیان خەڵات بكرێت، ئەمە دەرفەتێكیشە كە ڕێكخراو و گروپە چالاكەكان دەتوانن كاری لەسەر بكەن وەك چالاكیی، بەهەمان شێوە لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا دەست پێ بكات، بە جۆرێك پەنا بۆ كۆپی كردنی بابەتەكان نەبردرێت لە كاتێك پێویستیان پێیەتی، بەڵكو بتوانرێت ئەوەی مەبەستێتی بە مێشك و زانیاری و گفتووگۆی بكات.

