رۆژنامەی ھەولێر

مەسروور بارزانی: بە پشتیوانیی خوا و بە پاڵپشتیی خەڵكی ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوا

ئەمڕۆ چوارشەممە 25/6/2025، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی 6ی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە پشتیوانیی خوا و بە پاڵپشتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان، من دڵنیام كە ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوا.”

سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی خستە ڕوو، “بە هیچ جۆرێك ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین.”

دەقی قسەكانی سەرۆكی حكوومەت:

بابەتی دووەم بابەتی پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵییە، بە تایبەتیی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە خاڵێكی گرنگە و دەمەوێ لێرە بە ناوی خۆم و بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی گەرمی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، بە تایبەتی مووچەخۆران بكەم كە بەڕاستی زۆر زۆر پشوودرێژ بوون، زۆر تەحەمولیان كرد، خۆڕاگر بوون بەرامبەر بەوەی كە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو مووچەكانیان بە شێوەیەكی نایاسایی نەدراوە و ئەمە كارێكی نادەستوورییە و پێمانوایە كە مووچەخۆرانی هەرێم هەر لە سەرەتاوە دەبوایە تێكەڵی هیچ جۆرە كێشە و گرژییەك نەبن و ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا لە بەینی حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێم لەسەر بابەتێك كێشەیەك هەیە، نابێت بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تێكەڵی ئەم شتانە ببێت.

بە پشتیوانیی خوا و بە پاڵپشتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان، من دڵنیام كە ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوا ئینشائەڵا و دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە هێزی ئێمە لە پشتیوانیی خەڵكی كوردستانەوەیە و هەر پشتیوانیی ئەم خەڵكە بووە، متمانەی خەڵكەكە بووە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وای كردووە ئێمەش بەردەوام بین لە دەستەبەركردنی هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان.

بە هیچ جۆرێك ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین، لەو ماوەیەی رابردووش ڕۆژ نەبووە كە خەریك نەبووبین بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانانە، لەگەڵ دەسەڵاتداران لە بەغداش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین، دوێنێ شەو خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریش قسەم كردووە و لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانیش قسەم كردووە كە ئێمە بەرەو چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین. ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند كە ئامادەن لە ماوەیەكی زۆر زۆر نزیك لەم یەك دوو ڕۆژەدا شاندێك بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بكەونە گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەركردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دەمەوێ خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەمەوە كە ژیان و مردنی ئێمە بەیەكەوەیە، ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمدا بێ، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێ، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كە بتوانین دەستەبەری هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین. هیوادارم لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا و لەم چەند ڕۆژە بگەینە ئەنجامێكی زۆر ئەرێنی و ئەم كێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوا و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بكرێ. بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە لەوەی هەرچی لە توانادا بێ، لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندا دەبێت.