لە دارستانێکی خوش و دڵڕفێندا دوو قەلەڕەشی جوان هەبوون، هاوڕێ و دڵسۆزی یەکتری بوون.
ڕۆژێک قەلەڕەشە بچوکەکە گوتی: قاغ، هاوڕێکەم، پێویستە هێلانەکەت چاکوتوندتۆڵ بکەیت، ئەوە وا نزیک بووینەوە لە وەرزی زستان، کاتی چاککردنی هێلانەکانمانە، تۆ تا ئێستا دەستکاریت نەکردووە….
قەلەڕەشەگەورەکە دەستی کردە پێکەنین و گوتی: قیغی ئازیز، وا باشە تۆ ئاگاداری خۆت بیت، نەک ئامۆژگاری من بکەیت، تۆ بچکۆلەی خەمی منت نەبێت، من خەمی تۆمە.
ڕۆژ هات و ڕۆژ تێپەڕی، قیغ هەمیشە هێلانەکەی دەپاراست و زیاتر توندوتۆڵی دەکرد، تا بـاوباران هیلانەکەی تێک نەدەن، بەڵام قەلەڕەشی گەورە گوێی بە هیچ نەدەدا، هەر خەریکی پشوودان و یاریکردن و خەوتن بوو.
زستان هات.. باران باری، دنیا ساردبوو، قاغ هێدی هێدی هەستی بە سەرما و شپرزەیی دەکرد، بەڵام پێی شەرم بوو کە داوای هاوکاری لە قیغ بکات.. ڕۆژێک بایەکی بەهێز هات و هێلانەکەی قاغی بەردایەوە، قاغ بەمە زۆر نیگەران بوو، نەیدەزانی چی بکات، باوبارانیش نەیاندەهێشت کە فریای چاککردنی هێلانەکەی بکەوێت، باران خێراتر دەباری و هەموو گیانی قاغ تەڕبوو، هەستی بەسەرمایەکی زۆرکرد، لەبەر ئەوە پەنای بۆ قیغ برد و بەرەو ماڵی قیغ کەوتەڕێ…
لەدەرگایدا و قیغ دەرگای کردەوە، قاغ بەشەرمەزارییەوە گوتی: هاوڕێکەم هێلانەکەم تێکچووە، بای بە هێز ڕوخاندی و هەموو گیانم تەڕە، زۆرم سەرمایە، دەتوانم ئەمشەو لەلای تۆ بمێنمەوە؟
قیغ گوتی: ماڵی خۆتە، فەرموو خێرا وەرە ژوورەوە، با زیاتر تەڕنەبیت، ئەگەرنا نەخۆش دەکەویت، خێراکە وەرە، قیغ زۆر بەخێرهاتن و خزمەتی قاغی هاوڕێی کرد.
دوای وشکبوونەوە وپشوودان و قسەکردن، قاغ بەشەرمەزارییەوە گوتی: هاوڕێ گیان زۆرم برسییە، هیچم نەخواردووە، دەتوانی شتێکم پێبدەی؟
قیغ گوتی: بەچاوان، هەر ئێستا، بەڵام خۆت لەمن گەورەتر و بەهێزتری، ئەی.. قاغ قسەکەی پێبڕی و تێگەیشت کە قیغ مەبەستی چییە، بۆیە وەڵامی دایەوە و گوتی: ژیری بە گەورەیی و بچوکی نییە، تۆ زۆر زیرەکی هاوڕێکەم، من هەڵەبووم، دەبوو بەقسەی تۆم بکردایە له شوێنێکی پارێزراو، هێلانەکەم توندوتۆڵ بکردایە، هاوشێوەی هێلانەکەی تۆ، کە باوباران نەیگرێتەوە، دەبوو خواردنێکی باش پاشەکەوت بکەم، بۆ ئەوەی بەم جۆرە شەرمەزار نەبم..
قیغ گوتی: نا نا هاوڕێکەم تۆ شەرمەزار نیت، ماڵی خۆتە، تەنها ویستم ئامۆژگاریت بکەم، تۆ هەڵەبووی، ئێستاش پێویستە سوود لە هەڵەکانت وەربگری.
قاغ گوتی: سوپاس بۆ ئامۆژگاری و هاوڕێیەتیت، هەرگیز ئەم چاکەیەت لەبیر ناکەم.قیغ دەستی کردە پێکەنین و گوتی: دەمزانی وات بەسەردێت، گوێ مەدەرێ، هێلانەکەم گەورەیه، بەشی خۆم و خۆت زیاتر خواردنم بۆ ئەم زستانە هەڵگرتووە، ئەم وەرزە بەیەکەوە دەبین و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین، لەپاشاندا بەیەکەوە لە شوێنێکی گونجاو، هلانەیەکی زۆرباش دروست دەکەین، هیچ نیگەران مەبە.
قاغ چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک و گوتی: بەڕاستی تۆ هاوڕێی ڕاستەقینەی.

