ماكوان عيززهت-هەولێر
ئیفلیجی نیوەی دەموچاو جۆرێکە لە ئیفلیجی کە بە لاوازیی نیوەی ماسوولکەکانی دەموچاو دەناسرێتەوە کە لە ئەنجامی کەموکوڕی لە دەماری حەوتەمی سەریدا دروست دەبێت، کە ئەو دەمارە بەرپرسە لە كارەكانی دەموچاو. ئەم ئیفلیجیە لەناکاو ڕوو دەدات و تووشی ژن و پیاو دەبێت لە هەموو تەمەنێکدا. زیاتر لە نەخۆشانی شەکرەدا ڕوو دەدات و لە وەرزی زستاندا لەگەڵ ساردی كەشوهەوا ڕوو دەدات. هەروەها لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانیدا تووشی ئافرەتان دەبێت.
پۆلێنکردن
نەخۆشیی ئیفلیجی نیوەی دەموچاو بە پێی توانای نەخۆشەکە بۆ نووقاندنی چاوەکانی و جووڵاندنی ماسوولکەکانی دەموچاوی بە سێ پلە دابەش دەکرێت.
ئیفلیجی کاتی: ئەمە یەکەم جۆری ئیفلیجی نیوەی دەموچاوە و چارەسەرکردنی نزیکەی سێ هەفتەی دەوێت.
ئیفلیجی مامناوەند: ئەم چارەسەرە نزیکەی دوو مانگی دەوێت.
ئیفلیجی مەترسیدار: ئەم ئیفلیجییە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەگەری لەسەدا ٢٠ هەیە کە ئیفلیجەکە ببێتە هەمیشەیی.
کارەکانی دەماری حەوتەم
دەماری سەری حەوتەم دەمارێکە کە ناوکەکەی لە بنەچەی مێشکدا هەڵکەوتووە و ڕیشاڵی دەمارەکانی لە پشت گوێچکە لە کەللەسەر دەردەچن و لقیان بۆ ڕوخسار دەردەچن. دەماری سەری حەوتەم کۆنترۆڵی ماسوولکەکانی دەموچاو و ڕژێنی فرمێسک و لیک و گوێی ناوەڕاست و کۆئەندامی تامکردن لە پێشەوەی زمان دەکات.
نیشانەکان
نەخۆشێ کە تووشی ئیفلیجی نیوەی دەموچاو بووە، نیشانەکانی گۆڕانی دەموچاو و شێوانی ڕوخسار نیشان دەدات. نەخۆشەکە ناتوانێت چاوەکانی بنووقێنێت و گرفت بۆ لووتی دروست دەبێت، هەروەها ناتوانن لێوەکانیان بە ڕێكی دابخەن و دەمیان بە شێویەیەكی ناڕێك خوار دەبێت و داناخرێت. لە كاتی خواردندا گرفتیان بۆ دروست دەبێت و ناتوانن باش قوووتی بدەن و بە پێچەوانەوە زیاتر خواركەكە بەرەو دەرەوە دێت و دەڕژێت بە جەستەیاندا. لە حاڵەتە پێشکەوتووەکانی ئیفلیجی، نەخۆشەکە ڕەنگە تووشی کێشەی قسەکردن و تێکچوونی تام و ئازاری گوێش بێت.
چارەسەر
بۆ چارەسەری ئیفلیجی نیوەی دەموچاو، دەرمانی کۆرتیزۆل بە ژەمی کەم و دەرمانی دژە ڤایرۆس و هەندێک ڤیتامین دەنووسرێت. هەروەها پێویستە ئاگاداری تەندروستیی چاو بێت، چونکە چاونەترووکان بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی وشکداگەڕانی چاو. بۆیە پزیشکی پسپۆڕ ڕەنگە قەترە یان مەڵهەمی بۆ کەمکردنەوەی وشکی و پاراستنی شێی چاو بنوسێت. هەروەها پێشنیاری بەستنی چاویلکەی خۆر دەکەن لە ڕۆژدا و بەستنی چاو لە شەودا بۆ ڕێگریکردن لە خراپبوون یان برینداربوونی. لە کۆتاییدا گرنگە جەخت لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی دانیشتنەکانی چارەسەری فیزیایی بکرێتەوە بۆ هاندانی ماسوولکەکانی دەموچاو و خێراکردنی چاکبوونەوە.

