رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر پاڵەوانیەتيی كراوەی تێنس بۆ یاریزانانی تەمەنی ١٢ تا ١٦ ئەنجام درا

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق لقی هەولێر، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پاڵەوانیەتیی تێنسی یاریزانانی تەمەن ١٢ تاکو ١٦ ساڵی ئەنجامدا، یاریزانان لە هەولێر و چەند شارێکی تری کوردستان و عێڕاق بەشدار بوون، ٢٤ یاریزان لە پاڵەوانیەتیەکە لەچەند ئاستێکی جیاواز رکەبەریان دەکرد و بەسەر چەند کۆمەڵەیەک دابەش کرابوون، بڕیاریش وایە لە ماوەیەکی نزیکیشدا لقی هەولێری تێنس پاڵەوانیەتی تریش بکاتەوە.

ماوەی سێ ڕۆ دەخایەنێت
بۆ ماوەی سێ رۆژ لە یاریگەکانی تێنسی هەولێر، فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق لقی هەولێر پاڵەوانیەتی پاڵەوانیەتی تێنسی یاریزانانی تەمەن ١٢ تاکو ١٦ ساڵی ئەنجامدا، ٢٣ یاریزان لە پاڵەوانیەتیەکە بەشداریان کردبوو کە لە شارەکانی هەولێر و بەغدا و چەند شارێکی تر بوون، ، ئەو ٢٣ یاریزانە باشترینەکانی عێڕاقن لە تەمەنە جیاوازەکان، بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش کران، کۆمەڵەیەکیان یاریزانانی تەمەن ١٢ تاکو ١٤ ساڵان بوون و کۆمەڵەی دووەمیش بریتی بوون لە یاریزانانی تەمەن سەرۆی ١٤ ساڵان تاکو ١٦ ساڵان، پاڵەوانیەتیەکە بەشێوازی خول بەڕێوەچوو، لە هەر کۆمەڵەیەک دوو یاریزان سەرکەوتن بۆ یاری کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە.
لە تەمەنی ١٢ تاکو ١٤ ساڵان ئۆراس ئالان یاریزانی شاری هەولێر توانی پلەی یەکەم بەدەسبهێنێت و ئادەم دڵزار پلەی دووەمی بەدەستهێنا، لە کۆمەڵەی دووەمیش حەسەن عەلی یاریزانی شاری بەغدا، بەهۆی کشانەوەی داهێن زەردەشت بە هۆکاری پێکانەوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
یاریزانی دێرینی شاری هەولێر هێمن عەلی سپۆنسەری پاڵەوانیەتیەکەی کرد و سەرجەم خەرجی و خەڵاتەکانی پاڵەوانیەتیەکەی لە ئەستۆ گرتبوو.

پارێزگای هەولێر بەڵێنی بە تێنسی هەولێردا
دەربارەی کاروچالاکیەکانی لقی هەولێری تێنسی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، کەمال عەبدوڵڵا سەرۆکی لقی هەولێر بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: هەفتەیەک لەمەوبەر پاڵەوانیەتی جووتی دێرینەکانمان ئەنجامدا، ئەمڕۆیش کۆتایمان بە پاڵەوانیەتی ئاستە جیاوازەکان هێنا، کە ٢٣ یاریزان بەشداریان کرد بوو، هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پلانی ئەوەیان هەیە، چەند پاڵەوانیەتیەکی تریش ئەنجام بدەن.
کەمال عەبدوڵڵا موژدەیەکی خۆشیشی بۆ یاریزان و هەوادارانی یاری تێنسی هەولێر ڕاگەیاند و گووتی: لە مەراسیمی کۆتایی پاڵەوانیەتیەکەدا ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر ئامادە بوو، دوای ئەوەی کە چەند جارێک داوامان کرد کە دوو یاریگەی تری تێنسمان بۆ دروست بکات، ئەمجارە بەڵێنی ئەوەیدا کە لە داهاتوودا لەناو ئەکوا پارک دوو یاریگەی تریش دروست دەکەن، بەمەیش ژمارەی یاریگەکان دەبنە چوار یاریگە و دەتواندرێت ئاستی یاری تێنس لە هەولێر زیاتر بەرەو پێش بچێت و پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتیش بکرێنەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە لقی هەولێری تێنسی عێراق لەڕێگەی یاریگەکانی تێنسی هەولێرەوە چەندین یاریزانی پێگەیاندووە و کە لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکەن، دەیان پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی عێراقیش لە هەولێر ئەنجامدراون، ئەمساڵ لەڕووی دەسکەوتەوە بۆ هەولێر جیاواز بوو، مانگێک بەر لە ئێستایش ئاکام دڵزار توانی لە کۆی ١٦ یاریزان لەسەر ئاستی عێڕاق خۆی بگەیەنێتە ڕیزی هەڵبژاردەی پێشکەوتوانی عێراق و وەک یاریزانی هەڵبژاردەکە بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە دەکات، بەمەیش ژمارەی یاریزانی هەولێر لە ڕیزی هەڵبژاردەکە بوون بە ٥ یاریزان.