رۆژنامەی ھەولێر

پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کۆتایی ھات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاگەیاند، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کۆتایی ھات، ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە. بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: بەرزترین ئاستی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای دھۆک بووە و مانگی ھەشت کارتی دەنگدەران دەگەڕێنەوە.

ئامادەکارییەکان بۆ خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە بارەی ساختەکارییەکان لە زیادبووندان، شانبەشانی کاریگەری بەردەوامی دەستەڵاتی سیاسی و چەکی میلیشیاکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەی ڕوون بۆ کڕینی دەنگی ھاووڵاتییان دەرکەوتوون.
خالید عەباس، بەرپرسی لقی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی ئاماری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق و ڕێژەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، ڕاگەیاند و گوتی: بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، خۆتۆمارکردنی دەنگدەران کۆتایی ھات، لە کۆی ٩٤٤ ھەزار دەنگدەری پارێزگاکە ٨٣%ی دەنگدەران خۆیان تۆمارکردووە، کە بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی ھەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق ٧٨٦ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
بەرپرسی لقی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: لە مانگی ھەشت، کارتی ئەو دەنگدەرانەی بەشداربوونە لە پرۆسەی بایۆمەتری دەگەڕێنەوە، کە تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆک نزیکەی ٨٠ ھەزار کارتی دەنگدەران دەگەڕێنەوە، ئەوانەشی بەشداری بایۆمەتریان نەکردووە ناتوانن بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق بکەن.
خالید عەباس، بەرپرسی لقی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ: تا ئێستا ھیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نییە و لە ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن بەردەوامین.
لەلایەکی دیکەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرای کرد، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، دوو ملیۆن و ١٥٥ ھەزار و ٩٧ دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە، بەپێی داتا نوێکراوەکان، ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە ٢١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار و ٨٩ دەنگدەر.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەپێی ڕەزامەندی دادوەر عامر حوسێنی، بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان گەیشتووەتە 42819 وێستگە، کە بەسەر هەشت هەزار 788 بنکەی دەنگداندا دابەش کراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، کۆمیسیۆن پێویستی بە نزیکەی 250 هەزار کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان هەیە، کە تا ئێستا ژمارەی ئەو کارمەندانەی فۆڕمیان پێشکەش کردووە، 231 هەزار و 16 کەسە، ڕوونیشی کردەوە، تاوەکوو 9-7-2025، دەرگای پێشکەش کردن کراوە دەبێت کە پێویستیان بە نزیکەی 20 هەزار کارمەندی دیکە دەبێت.
سەرباری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن، لە بەغدا جموجۆڵی سیاسی دەستی پێکردووە لە چوارچیوەی بانگەشەێ هەڵبژاردندا و لایەنە سیاسییەکان بۆ فریودانی خەڵکی سەردانی گەڕەکە بێ خزمەتگوزارییەکان دەکەن و بەڵێنی سەیروسەمەرە و جۆراوجۆر بە خەڵکی دەدەن، لە کاتێکدا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری خۆپێشاندان دەستی پێکردبوو، بەڵام بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە خۆپێشاندانەکان ڕاوەستاون.
خۆپێشاندەران، لە پاریزگای دیالە داوایان لە حکوومەتی خۆجێی و عێراق کرد بەزووترین کات وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە، لەبەرامبەردا ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکە ڕایگەیاند، داواکارییەکانی هاووڵاتیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگەیەنن.
بەهۆی دۆخی خراپی گوزەران لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق چەندین جار لە پاریزگای دیالە و زیقار و بەسرە خۆپیشاندان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاو و بێکاریی دەکەن، هەروەها ناوچە دوورەدەستەکان و گوندەکانیش پەراویزخراون کەمترین کاریان بۆ کراوە، ئەمە وایکردووە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە تەواوی لە هەڵوێستی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا بترسن.

جێگای ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، ئەمەش شەشەم ھەڵبژاردنە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بکرێت، کۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ کردنی پرۆسەکە.