خوسرەو جاف
هەڵەبجە هەمیشە مەڵبەندی شاعیران و هەوارگە و لانکی پەریزادان بووە، چەندین شاعیری گەورە و مەزنی میللەتەکەمان لەوێ هاتوونەتە دنیاوە، خاوەنی هەڵبەستی (ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من!) تایەر بەگی وەسمان پاشای جاف.
(لە خەو هەستن میللهتی كورد) ئەحمەد موختار جاف، هەروەها (کۆمەڵە شاخێک)ـەکەی (گۆران) شاکارساز؛ ئەو سێ شاکارسازە حاشاهەڵنەگرە سێ روکنی بنەڕەتیی هەڵبەستی کوردن، جوانیی هەڵەبجە و هەورامان لە نێو گلێنە و گلارەی دوو چاوما بڵقی زەرافەت دەدەن، حەیف کاتیان کەم پێ داوم، ئەگینا مەشخەڵانی جوانیم دەخستە ڕوو.
هەروەها کامیرای فکر و ئەندێشەم وەردەچەرخاند، لای شیوەن و زایەڵەی خنکاوی بە هیچ کوێ نەگەیشتووی مەرگبارانەکەی هەڵەبجەی خوێنین، لەوانەش گوزەشتە، باسەکە تایبەتە بۆ شۆڕەژنێکی بەگزادەیەکی جاف، بەندە دوور لە دەمارگرژی وەک کوردێک لەو ئافرەتە نازدارە دەدوێم، نەک وەک جاف و بەگزادە.
جا ئازیزانم! بەهیەخانمی جاف هۆرەیەکی ئاهورای بۆ دیاردەی ئەڤینی ناکام و تراژیدیای دیوانەکەی گەرمیان و شەم بۆ هەوێنی شیعری شاعیرانی سەردەم بوو:
شۆخێکی نازدار زوڵف چینچین بوو
ئافەت و تاڵانکەری ئایین و دین بوو
ئەو نازدارە ئای شیعری لەبەر بوو
ئینسکڵۆپیدیایەکی کۆچەر بوو
گۆرانیبێژانی خۆماڵی خان و مانی
بەهیە خانیان دەکردە گۆرانی
سەد رەحمەت لە روح و ڕەوانی (گۆران)ـی شاعیر چەندە بە ئەمانەتەوە لە شۆخ و شەنگیی بەهیە خانم دواوە، با دەست بە سینە لە ئاستی رۆحی ئازادیخوازی هونەرمەندی شەهید (قادرکابان) ڕاوەستین بە دەنگە ئەفسوناویەکەی مەلحەمەی ریتم و نۆتە و ئاهەنگ و دەنگی زەلال دەخاتە ڕوو. وردبەرەوە، لە هەڵبەستە پڕ لە وردەکاریەکەی (گۆران)ی مەزن چۆن لە شۆخ و شەنگیی (بەهیە خانم)ی جاف دەدوێ:
جادە چۆل و سێبەر بوو، کاتی بەیانی
ئەڕۆیشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی
بۆ سەوزایی دەوروپشتم بۆ ئاسمان
بۆ شاخی بەرز خانووی تازە دووری جوان
ئەڕۆیشتم بە ئەسپایی کش و مات
لاشە سست و دڵ کەیلی تاسە و ئاوات
لەپڕ نازانم چۆن سەرم ھەڵبڕی
بەرانبەرم بەژنێک دەرکەوت وەک پەری
لەگەڵ ئەوەی لە عەباوە ئاڵا بوو
کە دیمەنی شیرینی ئاشکرا بوو
باڵابەرز و بێ ئەسکەربین
گورەوی پوز سفت و سپی و ئاوریشمین
ئەڕۆیشتم دزەی نیگام جارجارێک
لەژێر عەبای رەشا ئەیدی نازدارێک
بە رەوتی کەو لەنجەی تاوس و قومری
گورج و جوان ئەھات و جادەی ئەبڕی
مابووی بگاتە ئاستم چەند ھەنگاوێ
درزێ کەوتە پەچە و نیگای چاوی
دەست و پەنجە و مەچەکێک و نیگایەک
چۆن بنووسم خوایە ھێزی ئینشایەک
قۆڵ و مەچەک ساف و سپی وەک شووشە
سەرپەنجەکان یاقووتێک بوون بە وشە
شایانی باسە، خاتوو بەهیە خان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠٢٥/٦/٢٠، لە تەمەنی پڕ لە سەروەریی (١٠٠) ساڵادا، لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کۆچی دوایی کرد.
خاتوو بەهیە خان، کچی حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای حەمەپاشای جافە، ساڵی ١٩٢٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایک بووە. کە لەدایک دەبێ، باوکی، حامید بەگ، قائیمقامی شارەکە بووە.
یەکێک بووە لە یەکەمین کچانی شاری هەڵەبجە کە ڕووی لە قوتابخانە کردووە، بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٣٢ وەک دووەم کچ، دوای خوالێخۆشبوو شەمسەخانی ئەحمەد موختار جاف کە ئامۆزای باوکی دەکات. سەرەتا لە قوتابخانەی کوڕان دەستی بە خوێندن کردووە تا قوتابخانەی کچان کراوەتەوە. تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندوویەتی، بەڵام بەهۆی نەبوونی پۆلی شەشەم لەو ساڵەدا لە هەڵەبجە، وازی لە خوێندن هێناوە. لە ساڵی ١٩٤٣ بە مەبەستی پەرەپێدانی خوێندنی براکانی، ڕووی لە شاری بەغدا کردووە.
پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ـەوە خاتوو بەهیە خان ژیانی لە شاری لەندەن بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز لە بیر و یاد و نەریتە ڕەسەنەکانی جاف و جلوبەرگی کوردی دوور نەکەوتووەتەوە. هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە کردووە و بە جلە کوردییەکانیەوە بە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا گەڕاوە و وەک خۆی دەیگوت هەمیشە بە یادی هەڵەبجەوە ژیاوە.
شایانی باسە کە چوار نەوەی پێش خاتوو بەهیە خان، واتە حامید بەگ، مەجید بەگ، وەسمان پاشا و حەمەپاشا، پاشا و فەرمانڕەوا و قائیمقامی جاف و ناوچەی هەڵەبجە بوون و خاوەنی مڵک و ماڵێکی زۆر بوون. حامید بەگی باوکی، دوا قائیمقامی بەگزادەی جاف بووە لە هەڵەبجە تا ساڵی ١٩٣٢ و، دواتر لە چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بووەتە نوێنەر (نائیب) لە پەرلەمانی عێراق.
خاتوو بەهیە خان، کە تەمەنێکی سەد ساڵەی بە یادەوەرییەکانی هەڵەبجە و شانازیی کوردبوونەوە بەسەر برد، بە کۆچی دوایی خۆی، مێژووی سەدەیەک لە یادەوەری و کەسایەتییەکی دیاری مێژوویی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵ.
کۆچی دوایی ئەو کەڵەژنە مایەی خەم و پەژارەیەکی قووڵە بۆ خانەوادە بەڕێزەکەی، دۆستان و ئازیزانی و خەڵکی تێکۆشەری هەڵەبجە و گشت کوردستان.
ڕوحی شاد و یادی بەخێر.

