رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشی سەر کەنیساکەی دیمەشق دەکات

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشی سەر کەنیساکەی دیمەشق دەکات و پشتیوانیی خۆی بۆ ئازادیی بیروباوەڕ دووپات دەکاتەوە.

دووشەممە، 23-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘ئێکس’ ڕایگەیاند “بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە خۆکوژییە تیرۆریستییە دەکەم کە کرایە سەر کەنیسەی مار ئیلیاس لە دیمەشق.”

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەم و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم و هاوسۆزی هەموو زیانلێکەوتووانم.”

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە “پشتیوانیی بەهێزی خۆمان بۆ ئازادی بیروباوەڕ دووپات دەکەینەوە و بە هەموو شێوەیەکیش تیرۆر ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین.”

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، خۆکوژێک پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی لەنێو کەنیسەی ‘مار ئیلیاس’ لە ناوچەی دوێلعەی دیمەشق تەقاندەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 20 کەس کوژراون و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسە چەکداری داعش بووە، سەرەتا تەقەی کردووە، بەڵام کاتێک گولـلـەی پێ نەماوە، خۆی بە پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکە تەقاندوەتەوە.