رۆژنامەی ھەولێر

بە گوژمەى نزیکەی ( 300 ملیۆن دینار) بەردى بناغەى پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامێکى 30 مەترى لە گەڕەکى هەولێری نوێ داندرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.6.23، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری کارزان عەبدولهادی، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و محەمەد یوسف، بەڕێوەبەرى شارەوانى3، بە گوژمەى ( 282 ملیۆن و 750 هەزار دینار ) لە سەر داهاتی 15%ـی سەرۆکایەتی شاراوانی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی پرۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامێکی 30 مەتری و دانانی بۆڕی ئاوەڕۆ بۆ شوێنە پێویستیەکانی شەقامەکە لە گەرەکی هەولێری نوێ داندرا، پڕۆژەکە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێدەکرێت و ماوەى تەواوکردنیشی ( 75 رۆژە ).

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە، تیشکی خستەسەر گرنگی پڕۆژەکە، کە خزمەتێکى زۆر پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکات و شەقامی 120 مەتری خێرا و گەڕەکی هەولێری نوێ بە کەرتەکانی سێبەردان دەبەستێتەوە.

هەروەها دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرایتىەکانى کرد بۆ ئەوکارانەى کە ئەنجامى دەدەن و هیواشی خواست ئەو پڕۆژەیە ببێتە مایەى ڕەزامەندیى هاوڵاتییان کە شایەنى خزمەتکردنى زیاترن و لە کاتی دیاریکراوی خۆشیدا زووتر تەواوبکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، چى لەڕێگەى بودجەی پارێزگا بێت، یان بودجەی سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان، ئەوەى لە توانا دابێت بەپێى ئیمکانیات و بودجەى بەردەست بەردەوام دەبین لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هەوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.

جێگەی باسە، پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامێکی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ، پێکهاتووە لە قیڕتاوکردنی ڕووبەری ( 18 هەزار و 650 ) مەتر دووجا لەگەڵ دانای بۆڕی ئاوەڕۆ بۆ شوێنە پێویستەکانی شەقامەکە، گرنگی ئەم شەقامە جگە لە سوود گەیاندن بە دانیشتووانی گەرەکەکە، شەقامی 120 مەتری خێرای و گەڕەکی هەولێری نوێ بە کەرتەکانی 10 هەزاری و 3 هەزاری سێبەردان دەبەستێتەوە، کە لە ئێستادا کارکردن تێیدا لە قۆناغەکانی کۆتایی دایە.