فریشتە عوسمان
مامۆستا ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پەرەپێدانی کەسایەتی و دروستکردنی داهاتوودا دەگێڕێت. لەنێوان هەموو پێگە پەروەردەییەکاندا، ڕۆڵی مامۆستا ڕێگایەکی تایبەتی لەخۆدەگرێت، چونکە ئەو تەنها فێرکەر نییە، بەڵکو دروستکەری هزر، ڕەفتار، و پاڵنەری گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگادا. لە ڕێگەی هونەری فێرکردنەوە، مامۆستا هانی فێربوون و پسپۆڕی دەدات و لە هەمان کاتدا کەسایەتیی تاک پەروەردە دەکات، بەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بنیادنانی نەوەی داهاتوو و کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوو دەبێت.
خاتوو بنار حەمزە، وەک مامۆستایەک، بۆ هێلین میدیا بەم شێوەیە باس لە گرنگیی ڕۆڵی مامۆستایان دەکات:
“وەک دەگوترێت، مامۆستایەتی گرنگترین پیشەیە، چونکە هەموو پیشەکانی تر لەسەر دەستی مامۆستا پێ دەگەن. بێگومان، پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی هەر کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو، لە بنەڕەتدا بەندە لەسەر مامۆستایەکی سەرکەوتوو. پێشکەوتنی هەر وڵاتێک ڕاستەوخۆ بەندە بە کوالێتیی سیستمی پەروەردە و فێرکردنییەوە. هەر مامۆستایەک دەتوانێت قوتابی بە باشترین شێواز ئامادە بکات و بیری نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی خاکی لا بەهێز بکات. ڕۆڵی مامۆستا تەنها گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکو بریتییە لە بنیادنانی تواناکان، پەروەردەکردن، و گەشەپێدانی هزری قوتابی بە شێوەیەکی تەندروست، تا لە داهاتوودا ببنە کەسانی دڵسۆز و بە ئەمەک بۆ خاک و نەتەوەکەمان.
زۆرجار کاتێک لە خەڵک دەپرسین گرنگترین شت کە لە ژیانی خوێندندا فێری بوویت چی بوو؟ وەڵامەکەیان ناوی پەرتووکێک یان وتارێک نییە، بەڵکو ناوی مامۆستایەکە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە مامۆستا دەتوانێت کاریگەریی قووڵی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر هزری قوتابی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دروست بکات.
لەم سەردەمەدا کە مرۆڤایەتی بە قۆناغێکی خێرای گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت و تەکنەلۆجیا مرۆڤەکانی بەرەو گۆشەگیری بردووە، ئەرکی مامۆستا زۆر قورستر بووە. مامۆستایان پێویستیان بە نوێبوونەوە هەیە بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم نەوە نوێیەدا بکەن. ئێستا قوتابیان زیاتر پێویستیان بە گێڕانەوەی متمانە و سۆزێکە کە ڕەنگە لەنێو خێزانیشدا وەری نەگرن. بۆیە ئەم دۆخە نوێیە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بوێرانە و جیاوازتری دەوێت.”
هەر سەبارەت بەم بابەتە، خاتوو ساوێن محەمەد، وەک مامۆستایەک، دەڵێت:
“مامۆستا بناغەی پەروەردەیە و یەکەم کەسە کە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ فێرخوازاندا هەیە. کاریگەریی گەورەی لەسەر بنیادنانی کەسایەتی، خۆدۆزینەوە، و دیاریکردنی ئامانجەکانی داهاتووی فێرخواز هەیە. بەڕای من، مامۆستا تەنها فێرکەر نییە، بەڵکو ڕێنیشاندەرە؛ یارمەتیت دەدات خۆت بدۆزیتەوە. بۆ ئەوەی مامۆستایەکی کاریگەر بیت، پێویستە ئەم خاڵانە لە خۆتدا جێبەجێ بکەیت:
خاوەن ڕابەرایەتیی زانستی و فکری بیت و بەردەوام خۆت نوێ بکەیتەوە.
نموونەی باڵای ڕەفتاری جوان و بەهای بەرز بیت.
توانای دۆزینەوەی بەهرەی فێرخوازەکانت هەبێت.
پەیوەندییەکی دروست و بەهێزت لەگەڵ فێرخوازانت هەبێت.
ئەمانە هەمووی یارمەتیت دەدەن تاکوو بتوانیت خوێندکارێکی پڕ لە هیوا و ئامانج دروست بکەیت و لەو ڕێگایەی لەپێشیانە، پاڵپشتیان بیت. بەم شێوەیە، دەتوانین نەوەیەکی تەندروست و کۆمەڵگەیەکی بەرهەمدار بەدی بهێنین.”

