سەرپەرشتیاری پڕۆژەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ گوتی “عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ بەردەوام لە فراوانبوون دایەو ئێستا بۆتە سەنتەرێکی گرینگی بازرگانی بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ.
حاتەم ھەنارەیی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ، یەکێکە لە عەلوە ھەرە گەورەکان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی بەردی بناغەی بۆ دانا و بۆتە سەنتەری بازرگانی بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، بۆیە بەرھەمی ناوخۆ لە عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ بۆ دھۆک، ھەولێر، مووسڵ، کەرکووک، سلێمانی و بەغداش دەڕوات.”
حاتەم ھەنارەیی گوتیشی “ئەو عەلوەیە دوو جۆر دووکان لەخۆ دەگرێت، دووکانی بەرھەمی سەوزە و میوە و دووکانی عەلافەکان، بۆیە ھەموو جۆرە بەرھەمێکی ناوخۆ لەو عەلوەیە وەبازاڕ دەخرێت و ساخ دەبێتەوە، ئێستا ٦٠ دوکان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراون، دوکانی عەلافەکانیش ٦٥%ی تەواو بووە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراون، سەرمایەی قۆناغی یەکەم ٢٢ملیۆن دۆلارە و لەقۆناغی دووەم دەگاتە ٤٢ملیۆن دۆلار، ئێستا بەگشتی کاری تێدا دەکرێت.”
ھەنارەیی ڕوونیشی کردەوە “ئەو عەلوەیە توانیویەتی ببێتە سەنتەری بازرگانی چونک نرخی دوکانەکان هەرزانە، ئەکر نرخی دوکانی عەلوە لای ئێمە بەراورد بە ھەولێر بکەی زۆر زۆر هەرزانترە، جگە لەوە، نرخی بەرھەمەکانیش بەراورد بە شوێنەکانی دیکە زۆر هەرزانترە، بۆیە خەڵک بۆ کرینی بەرھەم ڕوو لە عەلوەی ئاکرێ دەکات، ڕۆژانە ١٠ بارھەڵگری ٢٥ تەنی لەو عەلوەیە بۆ شارەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەچێت.”

