رۆژنامەی ھەولێر

د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق: یاسای نەوت و گاز چارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرباری ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پاساوەکانی بەغدای لە بواری ھەناردەکردنەوەی نەوت بڕیوە، ھاوکات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و کارکردن بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆکانی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستان بەردەوامن، ئەمەش ناڕەزایی پەرلەمانتار و شارەزایانی بواری ئابووری لێکەوتووەتەوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، نە بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان دەبێت نە بودجە و مووچەی کوردستان ڕەوانە دەکات، زیانی ھەناردەنەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٢٥ ملیار دۆلار.

ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ـەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەمەش دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دۆسیەیەکی سکاڵای عێراق دژی تورکیا، تائێستا ھەوڵەکانی ھەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت بە ئاکام نەگەیشتوون، بەشێک لە ھۆکارەکەشی بۆ ناکۆکی لەسەر گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و شایستە داراییەکانیان دەگەڕێتەوە.
کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا. ئەو کات سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، لە ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بەغدا لە ڕێگەی سکاڵای نێودەوڵەتییەوە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ ناردنەدەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرت، کە بەو ھۆیەوە عێراق و ھەرێمی کوردستان ٢٥ ملیار دۆلار زیانیان بەر کەوتووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ لەگەڵ عێراق ڕێککەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی ھەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت، ھەرێم ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە، بەڵام عێراق ھیچ تێچوویەکی ئەو بەرھەمھێنانەی خەرج نەکردووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دروست دەکات، تاکو نەتوانێت ئابوورییەکەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بکات، لە کاتێکدا ماددەی ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراق مافی وەبەرھێنانی وزە بۆ کوردستان دەستەبەر دەکات، ھەرێم ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ مەرجەکانی عێراق و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە و گرێبەستەکانی نێوان ھەرێم و کۆمپانیاکان بەپێی بڕیاری دادگەکانی عێراق یاسایین. بەڵام حکوومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەکە دروست دەکات، تاکو ھەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای ٢٠١٤ەوە ڕووی داوە.
یەکێک لەو کێشانەی بەربەست بوو لەبەردەم ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بووە لە ھەرێمی کوردستان. کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لەوبارەیەوە دەڵێت، کۆمپانیاکان داوای گەرەنتیی شایستە داراییەکانی خۆیان دەکەن، چونکە ئێمە لەسەر داوای خۆیان، نزیکەی ١١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەستی وەزارەتی نەوت کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان نەدراوە، بەگوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، کۆمپانیاکان ترسیان لەوە ھەیە ئەگەر لە بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوام بن، شایستە داراییەکانیان چۆن گەرەنتی دەکرێن.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکەیان ئامادەن دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام مەرجیان ئەوەیە دڵنیایی وەربگرن لەبارەی شایستە داراییەکانیان.
د. نەوزاد ڕەشید، شارەزای بواری وزە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: ڕۆژبەڕۆژ زیانەکانی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم زیاتر دەبن، کە تا ئێستا گەیشتووەتە ٢٥ ملیار دۆلار، لەگەڵ ئەوەش بەغدا ئامادە نییە نەوتی ھەرێم ھەناردە بکاتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە دەستوەردانی سیاسی ھەیە، ئەمە لە کاتێکدایە بۆرییەکە توانای ھەیە لە ڕۆژێکدا یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە بکات.
دەشڵێ: کاتێک شاندی حکوومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئەمریکای کرد، ئەو وڵاتە بەڕوونی ھەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ ئەوەن عێراق ڕێز لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگرێت و لە ھەمان کاتیشدا ھەر چی زووە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکاتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی حکوومەتی ھەرێم و لایەنەکانە، تا ئێستا بەغدا ئامادە نییە نەوتی ھەرێم ھەناردە بکاتەوە و ھەر ڕۆژە و بیانۆیەک دێنێتەوە و کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئەوەش چەند لە زیانی ھەرێمە، دوو ئەوەندە عێراق زەرەرمەندە کە تا ئێستا ٢٥ ملیار دۆلار لە ڕاگرتنی نەوتی ھەرێم زیانی کردووە.
کامەران یوسف، شارەزای بواری وزە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ڕاگیرانی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی دارایی بە عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەتایبەت لە ئێستادا کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەرزبووەتەوە.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: جگە لە زیانە ماددییەکان، ھەناردەنەکردنەوەی نەوت زیانی بە ھاووڵاتییان و دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە نزیکن لە کێڵگە نەوتییەکان، چونکە کارەکانیان لەدەستداوە، بۆیە ئەگەر حکوومەتی عێراق بیەوێت چی دیکە زەرەر نەکات، دەبێت بە پەلە کێشەکان بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی قەرەبووکردنەوە و پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنەری نەوت لە ھەرێمی کوردستان چارە بکات، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە و تەرخانکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، پێشتر بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕایگەیاند بوو، عێراق ڕێگرە لەوەی نەوتی ھەرێم ھەناردە بکرێتەوە، یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستا نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن و عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ و کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت.