عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
یەکەم ئەلبوومی هونەرمەندی میوزیسیان، میر سابوونچی بە ناوی (Rose)ـە و لە سپۆتیفای و ئەپڵ میوزیک و ئایتونس و پلاتفۆڕمەکانی دیکە لە ئێستادا بەردەستە و هەفتەی داهاتوو لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە بۆ گوێگرانی.
میر ئامانج، یاخود میر سابوونچی، لە ساڵی 2010 دەستی بە کاری هونەری موزیکی کردووە و لەو کاتەوە بەردەوامە، وەک خۆی دەڵێت، “ویست و خوولیام بۆ فێبوونی موزیک وایکرد بچمە فێرگەیەک بۆ فێربوونی ئامێرە ڕیتمییەکان، هەر لەوێ ژمارەیەک مامۆستا بە شێوەی ئەکادیمی فێری ئامێرە ڕیتمییەکانیان کردم، مامۆستاکانم هۆکاربوون کە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ موزیک هەبێ.”
میر سابوونچی بەشداریی لە چەندین کاری ڕیکۆردی ستۆدیۆ و کۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفزیۆن و ئاهەنگ کردووە و یەکێکە لە بەهرەمەندەکانی ئامێرە ریتمییەکان.
هونەرمەندی میوزیسیان (میر سابوونچی) لە لێدوانێکی دا بە هەولێری ڕاگەیاند کاری تۆمارکردنی ئەم بەرهەمە، لە ستۆدیۆ (پڕۆ) لە شاری سلێمانی ئەنجامدراوە لەلایەن میر شەماڵەوە و کاری میکس و ماسترینگی بەرهەمەکە لە ستۆدیۆ (هێرتز) لە وڵاتی ئێران ئەنجامدراوە لەلایەن ماهوور زەمانپورەوە، بەشی زۆری کاری تۆمارکردنی ڤیدۆیی ئەم ئەلبوومە تەواوکراوە لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا و لە شاری دوبەی وڵاتی ئیماڕات.
هاوکات، هونەرمەندی دیاری تورک (ئایکوت ساتوغڵو) بە ئامێری کلارنێت بەژداریی بەشێکی بەرهەمەکەی کردووە و هونەرماندانی کورد (بابان فەرەیدون بە ئامێری بەیس گیتار، یوسف خەسرەو بە ئامێری پیانۆ، هاوبەش جیهان بە ئامێری گیتار، بابان ئەحمەد بە ئامێری قانون) بەشدارییان کردووە.

