حەیات مەجید
هەر شەڕ و ململانێیەک کە لە هەر ناوچە و وڵاتێکدا ڕوو دەدات، کاریگەری و ئاسەواری زۆری لەدوای خۆی جێدەهێڵێت، لەنێویاندا کاولکاری، ماڵوێرانی، و تێکچوونی شیرازەی ژیان. پرۆسەی خوێندن و هەموو بوارەکانی تری ژیان دەکەونە بەر شاڵاوی بێڕەحمانەی شەڕ. کاتێک شەڕ دێتە بەردەرگای ماڵ و وڵاتت، مرۆڤ ناچار دەبێت بە نابەدڵی ڕووبەڕووی ببێتەوە. ماڵ دەڕووخێت و ژیان وێران دەبێت، بەڵام پێویستە نەفەسدرێژ بیت و بەرگەی ئەو بارودۆخە ناهەموارە بگریت و دەست بە دوعا بکەیت بۆ پاراستنی گیانی کەسوکارت.
لەنێو شەڕەکاندا، ئافرەتان باجی هەرە گەورە دەدەن و قوربانیی یەکەمن. ماڵیان لێ دەشێوێت، ئارامییان تێک دەچێت، منداڵیان لە خوێندن دادەبڕێت، و تووشی داڕمانی دەروونی دەبن. زۆرجار ڕووبەڕووی چارەنووسی سەختتر دەبنەوە، وەک دەستدرێژیی سێکسی، کوشتن، و یاریکردن بە کەرامەتیان. دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئافرەتان و منداڵان، وەک چەکێک لە جەنگەکاندا بەکار هاتووە.
بۆ یەکەم جار، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان **بڕیاری ژمارە (١٣٢٥)**ی دەرکرد، کە دان بەو کاریگەرییە نایەکسان و بێوێنەیەدا دەنێت کە ململانێ چەکدارییەکان لەسەر ئافرەتان و منداڵان هەیانە. دواتر، بە دەرکردنی بڕیاری ژمارە (١٨٢٠)، نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژیی سێکسیی وەک تاوانی جەنگ ناساند، کە تێیدا هاتووە: «دەستدرێژیی سێکسی و جۆرەکانی تری توندوتیژیی سێکسی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین.»
هەبوونی ئەم جۆرە بڕیار و یاسایانە یارمەتیدەرێکی باشن بۆ هەموو ئەو ژن و کچانەی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و دەبنە قوربانیی جەنگ. ئەم یاسایانە وا دەکەن کە وەک قوربانیی جەنگ سەیریان بکرێت و پەڵەی شەرمەزاری لەسەریان کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەوانیش قوربانیی گەورەی جەنگن.

