رۆژنامەی ھەولێر

شێرپەنجەی کۆمەڵگا: مــــــــــــــــــاددە هـــــــــــــــــــۆشبەرەکان

زریان فاتیح قەرەداغی
ماددە هۆشبەرەکان، کە نازناوی وەک “ئەنفالی سپی” و “تیرۆری سپی”یان لێ نراوە، بریتیین لەو ماددە سروشتی و کیمیاییانەی کە لە کاتی بەکارهێناندا کاریگەرییەکی گەورە لەسەر بیر، هۆش و جەستەی مرۆڤ بەجێدەهێڵن. ئەم کاریگەرییە وا دەکات کەسایەتی و هەڵسوکەوتی کەسی بەکارهێنەر لەگەڵ دەوروبەریدا بە تەواوی بگۆڕێت، تەنانەت لە هەندێک بارودۆخدا زۆرجار بەبێ ئاگایی تاوان ئەنجام دەدەن.
کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر تەندروستی
ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لە دیاردە هەرە ترسناکەکانی ناو کۆمەڵگا، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، بەتایبەتی چینی گەنج، بوونەتە قوربانی. بەکارهێنانی ئەم ماددانە چەندین کاریگەریی نەرێنی و خراپیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە.
ماددە هۆشبەرەکان چەندین جۆری جیاوازیان هەیە، وەک کۆکاین، هێرۆین، شیشە (کریستاڵ مێس)، و نیکۆتین. یەکێک لە ترسناکترین جۆرەکانیان ماددەی “کرۆکدیل”ە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جەستە هەیە و هێزەکەی ٨ بۆ ١٠ جار لە مۆرفین بەهێزترە. نیشانەکانی لەسەر بەکارهێنەر بەخێرایی دەردەکەون؛ پێستی دادەماڵرێت تا دەگاتە ئێسقان، ڕەنگی پێستی دەگۆڕێت و برینی گەورەی لەسەر دروست دەبێت کە چاکبوونەوەی نییە. دواجار تەواوی جەستەی دەڕزێت و وازلێهێنانی نزیکە لە مەحاڵ.
کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت و ژیانی کۆمەڵایەتی
کەسانی ئاڵوودەبوو زۆر جیاوازترن لە کەسانی ئاسایی. بەردەوام هەست بە ماندوێتی و بێهێزی دەکەن و دەمارەخانەکانی مێشکیان بەردەوام لە دۆخێکی نائاسایی و وروژاودان. لەبەرئەوەی جەستەیان بە تەواوی پشتی پێ بەستووە، ناتوانن بۆ ماوەیەکی کەمیش وازی لێ بهێنن، چونکە وازهێنانی کتوپڕ دەبێتە هۆی تێکچوونی تووندی جەستەیان و ئەگەری گیانلەدەستدانی دەستبەجێی لێ دەکەوێتەوە.
ئەم ماددانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شێوازی قسەکردنیان هەیە، بە جۆرێک کە زۆرجار کەسانی دەوروبەر لە قسەکانیان تێناگەن. هەمیشە وەک کەسێکی لاواز و بێدەسەڵات دەردەکەون، هەست بە گێژبوون و سەرئێشە و ڕشانەوە دەکەن. ڕەنگی پێستیان زەرد هەڵدەگەڕێت و پەڵەی نامۆی لەسەر دروست دەبێت. بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە، لە کۆمەڵگا دادەبڕێن و ناتوانن وەک کەسێکی ئاسایی بژین.
زیانی ئابووری
ماددە هۆشبەرەکان جگە لە زیانی تەندروستی، زیانێکی گەورەی ئابووریش بە بەکارهێنەر دەگەیەنن. ئاڵوودەبوو ئامادەیە هەموو ماڵ و سامانەکەی بفرۆشێت، تەنانەت پەنا بۆ دزیکردن ببات، تەنها بۆ ئەوەی بڕێکی کەم لەو ماددەیە بەدەست بهێنێت. بەمەش وردە وردە مایەپووچ دەبێت و بەرەو مردن هەنگاو دەنێت.
هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
چەندین هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەن، گرنگترینیان ئەمانەن:
هاتنی خەڵکی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات لە ڕێگەی گەشتوگوزار و کارەوە.
تێکچوونی شیرازەی خێزان و لاوازیی پەروەردەی خێزانی.
بێکاری و کاریگەریی خراپی فیلم و زنجیرەکان لەسەر گەنجان.
خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا.
هاوڕێی خراپ.
چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کەسانی ئاڵوودەبوو
چارەسەری دەروونی: لەلایەن دەروونناسەوە بۆ گوێگرتن لە کێشەکانی و هێورکردنەوەی.
پاککردنەوەی لەش لە ژەهر (Detoxification): لەناوبردنی ماددە ژەهراوییەکان لە لەشدا و پێدانی شلەمەنیی زۆر بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
پشتگیریی کۆمەڵایەتی: باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ خێزان و دەوروبەریدا.
چارەسەری پزیشکی: بەکارهێنانی دەرمان لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا.
ئامۆژگاری بۆ گەنجان و هەرزەکاران
هەرکەسێک ماددەی هۆشەبەری پێشکەش کردیت، بەبێ دوودڵی و بە بڕوایەکی بەهێزەوە بڵێ “نەخێر”. توانای “نە” وتن هونەرە.
بیر لە تاقیکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان مەکەرەوە، تەنانەت بۆ یەک جاریش. هیچ کەسێک ناتوانێت گەرەنتی ئەوەت پێ بدات کە بە یەک جار ئاڵوودە نابیت.
خۆت لەو کەسانە بەدوور بگرە کە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن یان گومانیان لێ دەکرێت.
لە هاوڕێیەتیی کەسی گوماناوی خۆت بپارێزە.
پەیوەندییەکانت لەگەڵ دایک و باوکت بەهێز بکە و گوێ لە ئامۆژگارییەکانیان بگرە، چونکە ئەوان باشترین هاوڕێی تۆن.
کاتە بەتاڵەکانت بە خوێندنەوە و وەرزشکردن پڕ بکەرەوە.
ئاگاداربە، ئەو کەسەی ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکاتەوە، لە ڕوخساردا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کەسانی تردا نییە، بۆیە لە کاتی پەیداکردنی هاوڕێدا، هەوڵ بدە بەباشی کەسەکە بناسیت.
لەکۆتاییدا، داواکارم لە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا کە هۆشیارتر بن بەرامبەر بەم ژەهرە کوشندەیە و هەرگیز ژیانی خۆیان نەکەنە قوربانیی دەستی ماددە هۆشبەرەکان.