رۆژنامەی ھەولێر

مرۆڤ لەنێوان مەرگدۆستی و جەنگدۆستیدا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەمیشە کاتێک جەنگێک بەشێکی زۆری جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات و هەموان خەیاڵیان لای ئەوەیە بزانن ڕۆژانە چی ڕوو دەدات، من خەیاڵم لای ئەوەیە بزانم هۆکاری جەنگەکە چییە؟ ئەمەشم لەبەشێکی زۆری میدیاکانەوە دەست ناکەوێت، چونکە هەر لایەنە و بەپێی بەرژەوەندی خۆی هۆکارەکە دادەڕێژێتەوە، بۆیە لەپێناو ئەوەی وەڵامی هۆکارەکانم دەست بکەوێت قووڵتر ڕۆدەچم و بەرەو ئەو کتێبانە دەڕۆم، کە دەتوانم بەشێک لە وەڵامەکانم چنگ بکەوێت. وەڵامی ئەوە نا ئێستا بۆ لەنێوان دوو لایەندا “ئەلف” و “بێ”دا جەنگ هەیە. بەڵکو بەدوای وەڵامێکی وردترەوەم کە بۆچی مرۆڤ بوونەوەرێکی شەڕخوازە؟ بۆچی لەپێناو ژیاندا بووەتە بوونەوەرێکی مەرگدۆست؟ بۆ وەڵامی ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە لەنێو کتێبەکاندا کنەوپشکنین دەکەم.

یەکێک لەو نامیلکە گرنگ و شایستانە، نامیلکەی “هەندێک تێڕامانی تایبەت بە جەنگ و مەرگ”ـە، کە زیگمۆند فرۆید نووسیویەتی و “وەلید عومەر” کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 63 لاپەڕەدا لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە. نامیلکەکە دوو وتاری فرۆیدە لەگەڵ پاشکۆیەکی وەرگێڕ بۆ شرۆڤەی دیدگاکانی فرۆید، چونکە لەم نامیلکە بچووکەدا فرۆید زۆر بە چڕی بۆچوونەکانی سەبارەت بە هەردوو چەمکی “جەنگ” و “مەرگ” نووسیوە و بۆیە شرۆڤەکەی وەرگێڕ کۆمەککەرێکی چاکی خوێنەرە بۆ زیاتر لەمسکردنی ئایدیاکانی فرۆید.
زیگمۆند فرۆید ئەم دوو وتارە لە ساڵی 1915 دەنووسێت 110 ساڵە لەمەوبەر و لە سەروەختی جەنگی یەکەمی جیهانیدا و بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوەیە، کە بۆچی مرۆڤ هەم مەرگدۆستە و هەم جەنگدۆست. فرۆید لە ڕوانگەیەکی دەروونشیکارانەوە لە مرۆڤ و مامەڵە وێرانکەرەکانی ورد دەبێتەوە و لە جێگەیەکی وتاری یەکەمدا، کە تایبەتە بە جەنگ ئەوە دەخاتەڕوو و دەنووسێت “دوو شتی ئەم جەنگە هیوابڕاوی کردین: یەکەمیان ئەخلاقی نزمی دەوڵەتان لە دەرەوەڕا، کە لە ناوخۆدا وەکو پارێزەری نۆرمە ئەخلاقییەکان دەجوڵێنەوە. دووەمیشیان: هەڵسووکەوتی دڕی ئەو کەسانەی وا نیشتەجێی ناو باڵاترین کولتووری مرۆیین، کەچی چاوەڕێ نەبووین ئاوا بجوڵێنەوە.”
ناونیشانی ئەم وتارەی فرۆید لە چاپە کوردییەکەی بەردەستی مندا بەمشێوەیەیە “جەنگ هیوابڕوامان دەکات.” بە وردبوونەوە لەو پەرەگرافەی سەرەوەش هەست بەو هیوابڕاویەی فرۆید دەکەین بەرامبەر هەم ئەخلاقی نزمی دەوڵەتان و هەم ئەخلاقی مرۆیی، چونکە لە جەنگدا ئەوەی باڵادەستە کردە نائەخلاقییەکانن و هیچ پرنسیپێکی لۆژیکی ئەخلاقی بەرجەستە نابێت، چونکە هەر لە بنەڕەتدا جەنگ کردەیەکی نائەخلاقییە، بۆیە هەر هەڵگیرساندنێکی دەبێتە بەرپابوونی کردەی نائەخلاقی زیاتر.
جەنگەکان بەرئەنجامی بەرپابوونی کردە خراپەکانی مرۆڤن و فرۆید ئەمەش بۆ دوو هۆکار شی دەکاتەوە و دەنووسێت “وەرچەرخانی پاڵنەرە خراپەکان، بەرهەمی دوو فاکتەرە بە یەک شێوە، فاکتەرێکی ناوەکی و فاکتەرێکی دەرەکیش. فاکتەرە ناوەکییەکە بەرهەمی ئیرۆتیزمە (پێویستی مرۆڤ بە عەشق لە مانا فراوانەکەیدا) لەسەر پاڵنەرە خراپەکان (با بڵێین پاڵنەگەلی خۆپەرستانە). تێکهەڵکێشی پاڵنەر ئیرۆتیکییەکان، پاڵنەرگەلی خۆپەرستانە دەگۆڕێت بۆ پاڵنەرگەلی خۆنەویستانە و کۆمەڵایەتی.”
ئەگەر سەرنجی ورد لەم پەرەگرافە بدەین فرۆید دوو هۆکاری دەروونی گرنگ وەکو پاڵنەر جەنگ دەبینێت، کە ئەوانیش خۆپەرستی و لە خۆڕازیبوونی مرۆڤە لەگەڵ خودشەیدایی و عاشقبوون بە خود. ڕەنگە پێمانوابێت ئەم دوانە زۆر نزیکن لەیەکترییەوە، بەڵام چەندە نزیکن هێندەش دوورن. مرۆڤ کە عاشقی خۆی دەبێت ئیدی پێیوایە خۆی سەرداری هەموو شتێکە و ئەمەش کارکردێکی ناوەکییە. بەڵام مرۆڤ خۆپەرستی کارکردێکی دەرەکییە و دەربڕێت و مرۆڤ نەک تەنیا خۆی، بەڵکو شتەکانی دەوروبەریشی دەپەرستێت و دەیانپارێزێت. ئەمەش دەبێتە یەکێکی دیکە لە پاڵنەرەکانی جەنگ. لە دواتریشدا فرۆید ئەوە دەخاتەڕوو، کە شارستانییەتەکان بەهۆی چاوپۆشییەوە لە تێرکردنی پاڵنەرەکان دروستبووە.
لەوتاری دووەمدا فرۆید دەچێتە سەر مەرگ و هەڵوێستی دەروونشیکاریی بە گشتی سەبارەت بە پرسی مەرگ دەخاتەڕوو و لایوایە بەشێک لەو مەگدۆستییەی مرۆڤ بۆ سەرکێشییەکانی دەگەڕێتەوە و لە جێگەیەکیشدا بە ئاشکرا ئەوە دەخاتەڕوو کە “ژیان هەژار دەکەوێت، ئەگەر نەوێرین دەستێک قوماری گەورە لە گەمەی ژیاندا بکەین، واتە بە خودی ژیانەوە، ئەوا ژیان خولیا و ڕەونەقی خۆی لەدەست دەدات.” فرۆید دەیەوێت پاڵپشتی ڕیسککردن بکات بەوەی مرۆڤ ئەگەر ڕیسک نەکات ژیانی هەژار دەکەوێت. ئەوە ڕیسکە مرۆڤ لەنێو ژیاندا وەکو بوونەوەرێکی داهێنەر و پڕ وزە دەهێڵێتەوە و خۆ ئەگەر ئەم ریسکەش بە مەرگیش نزیکی بخاتەوە، یان بیکاتە مرۆڤێکی مەرگدۆست. بۆیە لای فرۆید پاڵنەری مەرگ بەتەنیا ئیش ناکات، بەڵکو بەجۆرێک پاڵنەری ژیانیشە و ئەمە پێچەوانەش دەبێتەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکە لە یەککاتدا هەردوو پاڵنەرەکەی لە خۆیدا هەڵگرتووە و توانای پەیڕەوکردن و پراکتیزەکردنی هەردووکیانیشی هەیە ئەمەش ئەو کارەساتەیە، کە مرۆڤ لەنێو بووندا گیرۆدەیەتی. بەڵام ئایا کۆبوونەوەی ئەم دوانە لە مرۆڤدا باشە یان نا؟
وەرگێڕ لە پاشکۆی شیکردنەوەی نامیلکەکەدا بە وردی پاڵنەری مەرگ و ژیانی شیکردووەتەوە و و وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و لەوێدا وەرگێڕ دەنووسێت “ئەگەر پاڵنەری مەرگ بەتەنیا بە شێوەیەکی بێگەرد بیتوانیایە کار بکات، ئەوا ژیان یەک چرکەش بەردەوام نەدەبوو. پاڵنەری مەرگ بە واتای مردنە سروشتییەکە نایەت، کە ڕۆژێک دەمرین، بەڵکو گوزارشتە لە مەیل و وروژێنەرێکی ناوەکی بە ئاراستەی وێرانکردن و تێکدان.” لێرەوە دەتوانین بڵێین هەموو جەنگەکان لە زەقبوونەوە و باڵادەستی پاڵنەری مەرگەوە سەرچاوەیان گرتووە. و مرۆڤ هێزی ژیاندۆستی “ئیرۆس”ی تێدا کاڵبووەتەوە بۆیە مەرگدۆستی تێدا زاڵ بووە.
ئەم نامیلکەیە چەند بچووکە، بەڵام ناوەرۆکێکی قووڵ و بەهاداری لەخۆگرتووە. بۆ تێگەیشتن لەو جەنگە یەک لەدوای یەکانەی ئێستا دەگوزەرێن خوێندنەوەی ئەم نامیلەکەیە، کە 110 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەم دەروونشیکارە نەمساویەوە نووسراوە هەندێک دیدگامان سەبارەت بەو مەرگدۆستی و خوێنڕێژییە بەردەوامەی مرۆڤ بۆ شی دەکاتەوە و جەوهەری مرۆڤمان لەنێوان مەرگدۆستی و جەنگدۆستیدا پێ دەناسێنێت.