رۆژنامەی ھەولێر

خۆدەستنیشانکردنی شیعریی

`ئارام كۆشكی – سلێمانی

دروستبوون و گەشەسەندنی ئەزموونی شیعریی بە ڕامان و وردبوونەوە و گەڕان و خۆتەرخانکردن بەدەست دێت، نەک بە قسەکردن و دروشمبازی. هەمیشە ئەوانەی دروشتمبازبوون باڵای شیعرییان کورت و داهێنانیان کاڵوکرچ بووە. ئەگەرچی هەندێکجار ئەزموونی جیاوازیی شیعریشیان پێشکەش کردبێت، بەڵام ئەو ئەزموونە لە بۆتەیەکی دیاریکراودا گیری خواردووە و نەیتوانیوە وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتوو و داهێنەرانەی ڕاستەقینە خۆی بناسێنێت و دەنگدانەوەی هەبێت.

هەمیشە ئەو شاعیر و نووسەرانە لای من جێگەی ڕێز و ستایشن، کە ساڵانێک خۆیان بۆ نووسین و ژانرێکی ئەدەبی تەرخان دەکەن و بەپڕۆژەوە لەنێو ئەو دونیایەدا دەمێننەوە. ئەگەر لێرەوە سەرنجەکانم وردتر بکەمەوە: شیعر هونەرێک نییە ڕاگوزەرانە شاعیر بتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت و بۆ هەمیشەیی تێیدا نیشتەجێ بێت. شیعر هونەرێکە پێویستی بە وردبوونەوە و ڕامان و خۆتەرخانکردن و بیرکردنەوەیە تێیدا. هەمیشە ئەوانەی بە نهێنی شیعر دەگەن ئەو شاعیرانەن، کە سووتاون لەگەڵ وشەدا و چەندین شەو، شیعر بێداری کردوونەتەوە و داوەتی هاونیشینی لێ کردوون. لێرەوەیە گەیشتن بە نهێنی شیعر، پڕۆژەی ڕاستەقینەی شیعریی دادەمەزرێنێت.
“خۆدەستنیشانکردن” کتێبێکی نووسەر و شاعیر “سەباح ڕەنجدەر”ە، کە مانیفێستە شیعرییەکانی شاعیری لەخۆگرتووە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی “268” چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە کۆکردنەوەی ئەو مانیفێستانەیە، کە بۆ پرۆژە شیعرییەکانی نووسیوە، کە بەلای منەوە گەلێک بایەخدارە، چونکە زۆربەی شاعیرانی کورد بەبێ بوونی مانیفێستێکی دیاریکراو و ڕێگەیەکی شیعریی، شیعر دەنووسن و زۆرجاریش دەبنە شاعیری کۆپیکار، یان کۆلاژکار و ئەزموونە شیعرییەکەیان دەبێتە ئەزموونێکی تێکەڵێ بێ ڕێگەی نوێ. سەباح ڕەنجدەر ناچێتە خانەی ئەو شاعیرانەوە، بەڵکو لەڕیزی ئەو شاعیرانەیە، کە پرۆژەی خۆی دامەزراندووە، یان دەستنیشان کردووە. شیعر هونەری خۆدەستنیشانکردنە. نەک خۆونکردن.ئەوەی لەم کتێبەوە فێری دەبین ئەوەیە، کە شاعیرێک هەیە بە ئەوپەڕی عەشقەوە شیعر دەنووسێت، یان دروستترە بڵێم شیعردەژی. بۆیە دەتوانین بڵێین لای ئەم شاعیرە؛ شیعر هونەری بۆژیانە. نەک لە تەنیشت ژیان و لە پەراوێزدا ژیاندا. شاعیرە ڕاستەقینەکان بۆ شیعر دەژین و لەنێو ئەو دونیایەی شیعری تێدا سەوز دەبێت بیردەکەنەوە و لە بوون و ژیان ڕادەمێنن. بەڵام شاعیرانی هەڵواسراو بە ماڵی شیعردا لە تەنیش شیعرەوە دەژین، یان لە پەراوێزەکانی شیعردا دەژین و توانای ڕامانی قووڵ و بیرکردنەوەی دوورمەودایان نییە لەنێو ئەو جیهانەدا.
خۆدەستنیشانکردن؛ بەدیوێکدا دەشێ ببێتە ڕێبەرێک بۆ هەر شاعیرێکی نوێ کە بیەوێت لە دونیای شیعر تێبگات و لە ئەزموونێکی تاقانە و تایبەتی شیعریی کوردی نزیکبێتەوە، کە ئەزموونی “سەباح ڕەنجدەر”ە. شاعیرێک کە لەنێو ساڵەکانی بێدەنگیدا شیعر بووەتە دەنگ و سەدای هەمیشەیی ئەو و لەو شاعیرانەشە، کە چاوی بەداهێنانی ئەوانی دیکەدا هەڵدێت و خاوەنی چاوێکی جوانیدۆزەرەوەیە. خۆدەستنیشانکردن، دەشێ هەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوە لە دامەزراندنی دیدێکی تیۆری سەبارەت بە شیعریی کوردی. ئەگەرچی زمانی ئەم مانیفێستانە زمانێکی تیۆریی نییە و زۆرجار شیعریی و زۆرجاری دیکەش وەسفییە، بەڵام دەشێ وەکو هەوڵێک بۆ دامەزراندنی جیهانی تیۆریی بۆ شیعری کوردی سەیری بکەین.
نووسەر لە جێگەیەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “شاعیری ئەزمووندار کار لەناو مانای ئامادەدا ناکات، ئاماژەکان دەجوڵێنێ تا ئاستی پەرجوودروستکردنیش سادە دەبێتەوە، لە سادەبوونەوەیدا دەگات بە خۆدەربڕین و چێژی بوون، تەنیا مرۆڤە هەستیارەکانی ناو کۆمەڵگە بایەخ بە شیعر و درەوشانەوەی گیانی دەدەن، هەستیارەکان خاوەنی دەروونێکی ڕەنگاوڕەنگی ئاشتی ویستن.”
ئەم پەرەگرافە لە یەکێک لە مانیفێستەکانەوە وەرگیراوە. لێرەوە تێدەگەین، کە شاعیر شیعر وەکو گەشتی ڕێگەیەکی دوور دەبینێ، نەک وەکو ماڵێکی ئامادە. لەو گەشتەدا هەمیشە ڕووداوی لەناکاو و بینینی جیاواز و ئەزموونی تاقانەیی ڕوو دەدات. بەڵام لە ماڵێکی ئامادەدا هیچ شتێکی ئەوتۆ نییە تا ڕوو بدات. شیعر هونەری گەڕان و دۆزینەوەی بەردەوامە و ڕەنجدەریش لەڕیزی ئەو شاعیرانەیە بەم ڕۆحیەتەوە دەنووسێت. بۆیە ئەم کتێبە پێماندەڵێت شیعر تەنها یەک دەرگای نییە بۆچوونە ژوورەوە، شیعر یەک پەنجەرە بەشی ڕوانینەکانی ناکات، یەک دەریا کەمە بۆ دەریاوانی ئەو، ئاسمانێکیش کەمە بۆ فڕینی باڵی وشەکانی. خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەمانگەیەنێت بەوەی بزانین ناکرێ شاعیرێک بۆ هەمیشەیی یەک ئەزموون بنووسێتەوە، بەڵکو شاعیرە ڕاستەقینەکان ئەزموونگەری بەردەوامن.
دەستخۆشی بۆ سەباح ڕەنجدەر و دەزگای سەردەم بۆ ئەم کتێبە ناوازەیە، کە پێویستی کتێبخانەی کوردییە.