حەمەسەعید حەسەن
پێناسەی ژیان لای ئۆشۆ
ئەوە باوەڕە لێ ناگەڕێت، کەسێکی هۆشیار و هەستناسکمان لێ دەربچێت، هەموو زیرەکێک هەستناکیشە، بەڵام هەموو گەوجێك پێستی هەستی ئەستوورە. گەوج نە درەوشانەوەی ئەستێرەی بەلاوە جوانە، نە جریوەی مەلی بەلاوە خۆشە. هەستناسک ناوبەناو چرپەیەک لە ناخییەوە هەڵدەقوڵێت کە هەر لە شیعر یان لە گۆرانییەکی هێمن دەچێت، ئەو چرپەیە پردێکە لەنێوان نەست و هۆشدا، ڕامانیش هەر ڕۆنانی ئەو پردەیە کە نەست بە هۆشەوە دەبەستێتەوە، لەوە بەدواوە دەزانیت بەرەو کوێ بەڕێوەیت و پێویستت بە کەس نابێت، ڕێگەت بۆ ڕۆشن بکاتەوە.
مرۆڤایەتی لە گیانەڵڵادایە، ئاخر ئینسان ئەوەندە بچووک کراوەتەوە، وەک ئامێری لێ هاتووە. کە ئینسان دەبێت بە ئامێر، ئیدی ئەوەی بکەوێتە خانەی جوانی و هونەر و ئەدەبەوە، بەهای خۆی لە دەست دەدات، ئیدی بیرۆکراتێک ڕێزلێگیراوتر دەبێت لە هونەرمەندێک. لە کۆمەڵی بەئامێربوودا سامان گرنگترە لە ڕامان، کۆمەڵی وا هێدی هێدی بەرەو ژاراویبوون دەڕوات، وەک سیگارکێش چۆن بەکاوەخۆ ژاراوی دەبێت و بەشێنەیی لە مەرگ نزیک دەبێتەوە. دنیا هێدی هێدی پیس و پیستر دەبێت، ڕووبار و زەریاچە و زەریا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پۆخڵتر دەبن، سروشت بەگشتی چونکە هەڵسوکەوتمان لەگەڵیدا خراپە، ڕۆژانە دەشێوێت و ژینگە بەردەوام پیس دەکرێت.
کۆمەڵێک ڕاهیب چاویان لێ بوو، تارمایییەک لە دیوارەکەوە هاتە دەرەوە و وشەیەکی گوت، هەر ڕاهیبە و گوێی لە وشەیەک بوو، جیاواز لەو وشەیەی ئەوانی دی گوێیان لێی بووبوو.
ئەوەیان کە حەزی لە مردن بوو، گوێی لە وشەی بژی بوو
ئەوەیان کە حەزی لە ژیان بوو، گوێی لە وشەی بمرە بوو
ئەوەیان کە حەزی لە وەرگرتن بوو، گوێی لە وشەی ببەخشە بوو
ئەوەیان کە حەزی لە بەخشین بوو، گوێی لە وشەی پاشەکەوت بوو
ئەوەیان کە حەزی لە بێداری بوو، گوێی لە وشەی خەو بوو
ئەوەیان کە خەواڵوو بوو، گوێی لە وشەی ڕابوون بوو
ئەوەیان کە لەسەر ڕۆیشتن بوو، گوێی لە وشەی بمێنەوە بوو
ئەوەیان کە نیازی مانەوەی هەبوو، گوێی لە وشەی بڕۆ بوو
ئەوەیان کە حەزی لێ نەبوو بدوێت، گوێی لە وشەی بدوێ بوو
ئەوەیان کە هەمیشە خەریکی وەعزدان بوو، گوێی لە نوێژ بوو
هەموویان هەستیان کرد، وەک خۆیان ناژین، وەک کەسێکی دیکە دەژین
ئینسان بەد حاڵی ببێت، باشترە لەوەی هیچ حاڵی نەبێت، ئاخر دەشێت لە بەدحاڵێبوونیشدا بڕێک لە حەقیقەت هەبێت. ئەگەر دڵۆپێک لە حەقیقەت بڕژیتە دڵمانەوە، زوو یان درەنگ دڵمان دەبێت بە باخێکی بەهەشت، ئاخر بەهۆی دڵۆپێکەوە، زەریایەک بەرەو ڕوومان دێت. مەدوێ، موزیک لێ بدە! ئاخر موزیک زووتر دەگاتە دڵ وەک لە قسە، موزیک، باشتر تاری دڵ دەبزوێنێت، وەک لە پەیڤین. بڕەقسە! ئاخر سەما ڕێیەکە بەرەو ڕامان، لەسەر ڕیتمی لێدانی دڵت بڕەقسە!
سەیری تابلۆی پیکاسۆ مەکە! ئاخر مۆتەکە سواری سەرت دەبێت، تابلۆی پیکاسۆ زادەی شێتییە، زۆر لە تابلۆکانی ورد مەبەوە، با شێت نەبێت. سەرنجی پەیکەری بوودا بدە، زوو لەگەڵیدا هاوئاواز دەبیت، وەک پەیکەرەکە بێدەنگ دەبێت و بێدەنگی ناخت دەگرێتەوە. ڕەنگە تابلۆی پیکاسۆ بۆ خۆی دەرمان بووبێت، بەڵام بۆ تۆ دەبێت بە دەرد. ئەگەر پیکاسۆ دەستی لە وێنەکێشان هەڵگرتبا، هیچ دوور نەبوو، شێت ببێت. وەک چۆن کە شتێكی خراپ دەخۆیت، بە ڕشانەوە چاک دەبیت، تابلۆی پیکاسۆ بۆ خۆی وەک ڕشێنەوە وابوو، وێنەی نەکێشابا، ژاراوی دەبوو. پیکاسۆ تووشی ئەو دەردانە هاتبوو کە مرۆڤایەتی گیرۆدەیان بووبوو، ئەو ئەوەندە لەگەڵ نەخۆشییەکانی مرۆڤایەتیدا هاوئاواز بوو، نەخۆشییەکان وایان لێ هاتبوو وەک تایبەت بن بە خۆی، ئەوە ئەفسوونی تابلۆکانی بوو. تابلۆی پیکاسۆ قسەی دڵی ئێمەی دەکرد، ئەو قسانەی کە خۆمان نەماندەتوانی بیانکەین.
هونەری دێرین، هەر هونەر نەبوو، چەشنێکیش بوو لە سۆفیگەری، سۆفیگەرییەک لە ڕامانەوە هەڵدەقوڵا، بۆیە دەروونی دەهەژاند و دەگەیشتە ئەو جێ قووڵەی ناخ کە هەواری خوایە. ئەگەر لە مانگەشەوێکدا لە نزیک تاج مەحەلەوە دابنیشیت، هۆکار و مێژووی ڕۆنانی لە بیر خۆت ببەیەوە و جیهان شا و خۆشەویستەکەی فەرامۆش بکەیت، هەست دەکەیت ئەو تەلارە، کەسانی سۆفی ڕۆیان ناوە و زادەی سۆفیگەرییە، بۆیە دەشێت لەناکاو، بکەویتە زیکری ناوی خوا، ئاخر لە جوانیی تاج مەحەلدا، جوانیی خوا دەبینیت.
ژیان چییە؟ جا کوا ژیان پێناسەیەکی دیاریکراوی هەیە! پێناسەی ژیان هێندەی ژمارەی کەسەکانە، ئاخر ژیانی هیچ کەسێک لە ژیانی کەسێکی دی ناچێت. وەک چۆن ژیانی درەخت لە ژیانی ڕووبار ناچێت، ژیانی هەر کەسێکیش بۆن و بەرامە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. چونکە ژیان چەشنی زۆرە، بۆیە پێناسە ناکرێت، یان هەر کەسە و بە کۆمەکی ئەزموونی خۆی پێناسەی دەکات. کە لەبارەی ژیانەوە دەدوێیت، ئەوە پێناسەی ژیان نییە، ئەوە چۆنیەتیی تێگەییشتنی تۆیە لە ژیان، پێوەندیی بە کەسی ترەوە نییە.
ژیان چییە؟ پێوەندیی بە خۆتەوە هەیە کە چۆن بۆ ژیان دەڕوانیت، ئەگەر پارەت بەلاوە گرنگ بێت، ژیان لەکن تۆ پارەیە، بەڵام لای شاعیر، ژیان شیعرە. لایەنی هاوبەشی ژیانمان ئەوەیە، هەموومان ئێستا و لێرە دەژین، نە ڕابردوو، ئاسەوارێکی ماوە، نە داهاتوو هێشتا سەری هەڵداوە. ئەوانەی پێیان وایە لە ڕابردوودا دەژین، بەهەڵەدا چوون، ڕاستییەکەی حاڵی حازر دەژین، ئاخر ڕابردوو بەسەر چووە، کەسیش ناتوانێت لە داهاتوودا بژی، چونکە هێشتا نەهاتووە. ئەوانەی لە ڕابردوودا یان لە داهاتوودا (دەژین،) نە کەسانی ڕاستەقینەن، نە ژیانێکی ڕاستەقینە دەژین.