ئەمڕۆ دووشەممە 16ی 6ی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە لە گەڕەكی چوارچرا، كە تەمەن 41 ساڵە.”
وەك وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، ئەو پیاوەش “لە ڕێگەی سەربڕینی چەندین ئاژەڵ، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.”
وەزارەتی تەندروستی داواش لە هووڵاتییان دەكات و جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان وەش دەكاتەوە و دەشڵێت: “لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە یان هاووڵاتییانی بەرکەوتوانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.”

