ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسی پەروەردە، پرسێکی گرنگە و ڕەنگە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا پێویستمان بە ئاوڕدانەوە لەم بابەتە نەبێت، چونکە ئێستا هۆکارەکانی بەلاڕێدابرد و سەرلێشێواندنی نەوەکان گەلێک زۆرن، بۆیە ئەوەی دەبێتە ڕێگر لەو لێشاوە زۆرەی هۆکارەکانی بەلاڕێدابردن و سەرلێشێوان پەروەردەیە. ئەگەر بمانەوێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هەر بوارێکی نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بکەین، سەرەتا دەبێت زەمینەکەی لە پەروەردەوە بۆ بڕەخسێنین و بەبێ زەمینەسازیی لەو سێکتەرەدا ئەگەری سەرکەوتن زۆر کەمە.
کاتێک باس لە گرنگی پەروەردە دەکەین تەنها باس لە پەروەردەی خێزانی ناکەین، بەڵکو باس لە پەروەردەی نەتەوەیی، پەروەردەی سیاسیی، پەروەردەی ژینگەیی و پەروەردەی ئایینی و هەموو بوارەکانی دیکەی پەروەردەکردنی تاک دەکەین، چونکە پەروەردە تەنها لە پەروەردەی خێزانیدا کورت ناکرێتەوە، یان لە وانەکانی خوێندندا کورت نابێتەوە. ئەوەی بووەتە کێشەی سەرەکی پەروەردەی ئێمە کورتکردنەوەی پەروەردەیە تەنها لە ئەرکی خێزان و فێربوونی وانەکاندا و ئیدی پێمانوایە تاکەکانی کۆمەڵگە پەروەردە کراون. بەڵام پەروەردەی ڕاستەقینە بونیادنانی کەسێتی تاکەکانە لە هەموو بوارەکاندا.
پێشتر لە چەند گوتاری دیکەدا ئەوەم بەر باس داوە، کە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی حکومەتی هەرێم ئەرکی تەنها بووەتە فێرکردن و پەروەردەکردنی تا ئاستێکی ترسناک تێدا فەرامۆش کراوە. ئەمەش ئەو لێکەوتە خراپانەی لێ دەکەوێتەوە، کە لێشاوێک مرۆڤی بڕوانامەداری بۆش لەوسەرەوە دێنە نێو کۆمەڵگەوە، کە هیچ شتێک لە هونەری ژیان و واتای بوونیان تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکیان وەکو تاکێک لە کۆمەڵگەدا چییە؟ مرۆڤێک پەروەردە نەکراوە خەمی فێربوونی هەبێت، نەک خەمی بڕوانامە، بوونەوەرێکی خزمەتکاری کۆمەڵگەکەی بێت، نەک بوونەوەرێکی مشەخۆی سەر کۆمەڵگەکەی.
ئەگەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە چەند نموونەیەک وردبینەوە دەبینین بەشێک لە پزیشکەکان هێندەی لە خەمی چنینەوە سەروەتدا هێندە لە خەمی خزمەتکردندا نین، بەشێکی زۆر لە ئەندازیاران و پارێزەران و مامۆستایانیش بەهەمان شێوە. ئەمە هۆکاری پەروەردەنەکردنی تاکە لە قۆناغەکانی خوێندن و خێزان و هەموو ئەو لایەنانەی دیکە، کە ڕۆڵیان لە پەروەردەکردنی تاکدا هەیە لە کۆمەڵگەدا و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بونیادنانی تاک هەبێت.
کۆمەڵگەی کوردی لە زۆربەی بوارە پەروەردەییەکاندا شکستی هێناوە، هەر لە پەروەردەی ئایینییەوە تا پەروەردەی سیاسی و ژینگەیی و کولتووریی. یەکەم وشەی ئاینی ئیسلام “بخوێنە”یە، بەڵام تا ئێستاش 15% کۆمەڵگەی کوردی نەخوێندەوارە. ئەمە شکستی پەروەردەیی ئایینی دەردەخات. فەرامۆشکردنی پەروەردەی سیاسی لە نێو حزبەکاندا لێشاوێک لە حزبی ئۆپۆزسیۆنی قسەفڕێدەر و فەیک و کارتۆنی دروست کردووە، کە بەبێ زانینی ئەلفوبێی سیاسی حزب دادەمەزرێنێ. ئەمە بێجگە لە شکستی پەروەردەی هونەریی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی نمایشە شانۆییەکان و فیلمە سینەماییەکان و پێشانگە شێوەکارییەکان کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. ئەمە جگە لە شکستی پەروەردەی هونەری چی دیکەیە؟ ئەوەی وەرزش تا ئێستاش لە پەراوێزدایە و پانتاییەک نییە گەنجان وزە و تواناکانی خۆیانی تێدا بەگەڕ بخەن، جگە لە شکستی پەروەردەی وەرزشی چی دیکەی ناودەنرێت؟ بۆیە یەکجارەکی فەرامۆشکردنی پەروەردە و کۆمەڵێک ئاکامی ترسناکی هەیە، کە کۆمەڵگە بەرەو دواکەوتوویی و چەقبەستن دەبات.
ئێستا بۆ ئەوەی پەروەردە ببێتەوە بە سەنتەری چاکسازی کۆمەڵگە، گرنگە تەنها یەک لایەنی پەروەردە نەگرین و پێمانوابێت پەروەردە تەنها فێرکردنە، یان تەنها ژینگەدۆستییە. پەروەردەی ڕاستەقینە دروستکردن و بونیادنانی تاکە لە هەموو ئەو بوارانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا. بەبێ هەموو ئەو بوارانە پەروەردەیەکی فەرامۆشکراوی نیوەچڵمان هەیە.