سلێمان تاشان – ههولێر
لە بەرەبەیانی هەینی ١٣ی حوزەیرانەوە کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کردووە عێراق لەو وڵاتانەیە کە کەوتووەتە نێوانی ئەو دوو جەنگە و ئاسمانەکەی لە لایەن هەر دوو وڵاتی شەڕکەر بەزێندراوە. حکوومەتی عێراق ددانی بەخۆیدا گرتووە و هەڵوێستەکانی تا ئەم ساتە دیپلۆماسییانە بوون بەڵام بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان هەوڵ دەدەن وڵات بخەنە نێو جەنگەکەوە.
وەک دەزانرێت ئێران لەو وڵاتانەیە کە پێوەندییەکی مێژوویی، سیاسی و کلتووری و بازرگانی لەگەڵ عێراقدا هەیە و خەڵکی عێراق کە خۆیان قوربانییەکی گەورەی جەنگن و بە تەواوی درک بەوە دەکەن ئاکامەکانی جەنگ چییە، لەو جەنگەی دەستی پێ کردووە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.
حکوومەتی عێراق تا ئەم ساتە هەوڵی داوە دیپلۆماسییانە بجووڵێتەوە و یەکەم هەنگاوی حکوومەت ئەوە بووە کە لە لای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵای تۆمار کردووە و پێی وایە ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە بەزێندراوە و لە ئاسمانی وڵاتەکەیەوە زیان بەر ولاتی دراوسێک ئێران گەیشتووە.
دوێنێ یەکشەم مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد شیاع سودانی بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەکتردا کرد و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئاسەوارەکانی جەنگ و هەر لە گفتوگۆکەدا هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی بە دەستدرێژی هەژمار کرد.
بەپێی ئەو پێوەندییە دیپلۆماسییە و مێژووییەی عێراق لەگەڵ ئێران هەیەتی لەمە زیاتر حکوومەتی عێراق ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بۆ یارمەتیدانی دراوسێکەی هەڵێنێت و بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراق ئەوە دەخوازێت خۆی لە ئاگری جەنگ بە دوور بگرێت.
بەپێچەانەی حکوومەتی عێراق گرووپە میلیشیاکان لە هەڕەشەکانیان بەردەوامن و بێ ئەوەی حساب بۆ بەرژەوەندییەکانی وڵات بکەن گوشاریان خستووەتە سەر حکوومەت و داوای لێ دەکەن بە فەرمی بچێتە ناو جەنگەوە.
ئەو گرووپانە پێشتر لە ناوخۆی خاکی عێراقەوە ڕۆڵیان هەبووە لە ئاراستەکردنی مووشەک و درۆن و تەنانەت زیان گەیاندن بە ناوەندە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
عێراق خۆی لە دۆخێکی قەیراناویدایە و بە دەستی چەندان قەیرانی پێوەست بە خزمەتگوزارییەکان و سیاسی و تەناهی دەناڵێنێت. بەپێی میدیاكان تا ئێستا هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ دەستێوەردان لە لایەن ئەو گرووپانەوە دەرنەچووە. بەڵام ”حزبوڵای عێراق” هێزەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە ڕێگەخۆشکردن بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە کردنەوەی ئاسمانی عێراق.
لە لایەکی ترەوە ئەکرەم کەعبی بەرپرسی باڵای نوجەبا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە هێزەكانی ئەمریکا بەتەواوی لە هەموو خاک و ئاسمانی عێراق دەربکات. جگە لەمە عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرکردایەتیی قەیس خەزعەلی، داوای لە هەموو بەرەی مقاوەمە کردووە کە ئامادەی جەنگ بن.
ئەوان داوایان لە حکوومەتی عێراق کردەوە هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنە بەر بۆ ڕێگریکردن لە بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە و چەکدارکردنی هێزە چەکدارەکان بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کە توانای دۆزینەوە و بەرەنگاربوونەوەیان هەبێت و ملنەدان بۆ گوشارە ئەمریکییەکان کە ڕێگری لە عێراقییەکان دەکەن لە بەرگریکردن لە سەروەریی وڵاتەکەیان.
عێراق خۆی لە کۆمەڵێک قەیراندایە و هەر جۆرە هەنگاونانێک بۆ ناو جەنگ دۆخی عێراق ولاتەکە لە هەموو ڕوویەکەوە ئاڵۆز دەکات.