(سێڵفی: هەموو خەونی جیهان لەنێو مندایە)
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
پاش تێربوونی ئارەزوو، مرۆڤ دیسانەوە بە دوای ئارەزوویەکی تردا دەگەڕێت؛ ئارەزوویەک کە خۆی نییهتی! ئەو ڕستەیەی (سلاڤۆ ژیژەك) بنەمایەكی فەلسەفی هەیە، لە گفتوگۆكانی (سوكرات)ـەوە درێژ دەبێتەوە… ئەو ڕستەیە بەشێوەیەك ئارەزوو پێناسە دەكاتەوە، وەك ئەوەی (سوبێكت) سێبەری ئارەزوو بێت و بەبێ ئارەزوو (سوبێکت) دروست نەبێت؟! لێرەدا (سوبێكت) بوون بە چیرۆکێكە لەنێو زنجیرەیەك چیرۆکی نەپچڕاوەی ئارەزوودا.
ئارەزووی مرۆڤ ئەو شتەیە، کە نیمانە و وێڵی بەدەستهێنانیین… بوون بە چیڕۆكی ئارەزوو ئەوەیە، کە ئەگەرچی (پرسی) خۆشەویستی ئارەزووە؛ بەڵام (کێشە)ی ئارەزووی بێبەشبوونە! پرسیار ئەوەیە: ئایا پرسی سێڵفی كێشەی ئەو ئارەزووەیە، كە نیمانە؟!
ئەوەی کە نیمانە و تامەزرۆی بەدەستهێنانیین (جیاوازییە)… جیاوازی و بێبەشبوون لە جەوهەری ئۆنتۆلۆژیدا، ئەو کەموکوڕییەیە (پرسەیە)، کە بنەمایەكی سرووشتی نییە! ئەو بێبەشبوونەی کە تێر نەکراوە، (یان ئەو كێشەیەی كە بۆ هەمیشە دووبارە دەبێتەوە) لە خۆمان ناچێت و لە ئەویدیكە دەچێت: پرسی خۆشەویستی و كێشەی سایبەرخۆشەویستییە! لێرەدا دیاردەی خۆشەویستی وەك جیاوازی واتە بێبەشکردن؛ بێبەشبوون لە خۆدروستکردن هەرگیز دەلالەت لە (ئیگۆی دەروونی تەقلیدی) ناكات، بەو مانایەی كە هەرگیز ناتوانین سەیرورەی ژیان فەرامۆش بكەین!!
(ئێلسا گۆدار، 1978) دەڵێت: ئێمە لەناو درامایەکی بەردەوامی ناپاکیماندا پەرەدەسێنین. دەتوانین ئەو ڕستەیە بەمجۆرە بنووسینەوە: ئیگۆی تەقلیدی بەردەوام لە ناو ئیگۆی- دیجیتاڵی ڕاڕادا پەرەدەسێنێت. یان دەشێ وەك تایتڵێكی لاوەكی نیشانی بدەین و بڵێین: ئیگۆ- لە بێبەشبوونی ئەویدیكەی جیاوازدا.
كەواتە هەرگیز ناتوانین جیاوازی نێوان پرسی ئیگۆ و كێشەی ئەویدیكە کەمبکەینەوە، چونکە جەوهەری ئارەزوو ئەویدیكەی جیاوازە؛ بێبەشبوون لەو جیاوازییە درزێكە دەكەوێتە ئیگۆ (بە هەموو ماناكانییەوە) یان ئارەزوو سێبەرێكی بێ ئیگۆیە؛ بۆ پڕكردنەوەی ئازارەكانی ئەو (درزە/ سێبەرە) بەردەوام بە دوای كێشەی جیاوازتردا دەگەڕێین، ئەوەی جیاوازترە پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵییە؛ ئەوەی پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵییە كێشەی ڕاڕاییە؟!
بەمجۆرە مەحاڵە بەبێ پەیوەندی خۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستی بژین؛ ژیان بەدەست ئەو درزە بە ئازارەوە دەناڵێ… (پرسی خۆشەویستی و كێشەی جیاوازی و ئازار) نكۆڵیكردنە لە (جێگیربوون/ ئیگۆی دەروونی تەقلیدی)… بە دیوەكەی دیكە هەمیشە خۆشەویستی دژ بە دەسەڵات دەكەوێتەوە! بۆیە رامبۆی شاعیر لە قەسیدەی (بەشێك لە دۆزەخ) دەڵێ: وەك دەزانین خۆشەویستی دەبێ لەنوێوە دابهێنرێتەوە.
ئیگۆ
لە سێبەری ئارەزوودا
لە كتێبی (لە ستایشی خۆشەویستی)دا ئالان بادیۆ: دەڵێ خۆشەویستی بەرەو بیركردنەوەیەكمان دەبات، كە پێیوایە ناتوانین دنیا ئەزموون بكەین؛ تەنها لە دیدی جیاوازەوە نەبێت! بەڵام دیاردەی خۆشەویستی سرووشتی نییە؛ ڕامان نییە، ئەزموون نییە، كوتوپڕی و ساتەوەختییە! خۆشەویستى ئەو ساتەوەختەیە كە ڕووداو تێیدا (بوون) بە كردە دەكات!! كەواتە خۆشەویستی چالاكی و كردەیە، بینینی دنیایە بە چاوی جیاوازییەوە… مرۆڤایەتی بە كردەى خۆشەویستى نەبێت ڕزگارى نابێت؟! بەو مانایە ژیان شانۆى خۆشەویستییە؛ ژیان لە پەیوەندی جیاوازی و بێبەشبوون و ئازار هەڵقووڵاوە؛ بۆیە هەر کەسێک بە شێوازی خۆی چالاكی و كردەی خۆشەویستی دادەهێنێتەوە.
پرسی جێگیربوون و بنبەستبوونی (ئیگۆی دەروونی تەقلیدی) مانای بڕوانەبوونە بە كێشەی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز، بڕوانەبوونە بە (بوون بە) چیرۆکە نەپچڕاوەكانی ئارەزوو لە پەیوەندی خۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستیدا… كەواتە ئەو كاتەى جیاوازی خۆشەویستى هەیە، ئیگۆ بوونى جێگیر نییە! یان بە مانایەكی دیكە لە پەیوەندی بە ئەویدیكەی جیاوازەوە ئیگۆی نێرگزی وزەكانی خۆی لە دەستدەدات، چونكە (ئیگۆی نێرگزی/ جێگیر) بە ڕامان و ئەزموونەوە بەندە، بەڵام خۆشەویستى كردەیەكی كوتوپڕییە، ساتەوەختییە، تەنها لە قۆناغی ئاشقبووندا دەبێ بە ڕامان و بیركردنەوە! دەمەوێ بڵێم كردەی (خۆشەویستى) لە دەرەوەى تێگەیشتنى فیكر و ئەزموون و بیرەوەرییەوەیە، بەڵام كاری (ئاشقبوون) بە ئەزموون و ڕامان و بیرەوەرییەوە دەلكێت؟!
هەندێجاران (سێڵفی) لەو ئارەزووەی كە نیمانە دەربڕین لە گۆشەگیری دەكات و ڕووبەڕووی بەهای پەیوەندی خۆشەویستیمان دەكاتەوە… هەندێجاران ئەو سێڵفییەی دەیگرین؛ وێنەی ئارەزووی ئەویدیكەی جیاوازە… هەندێجاران پێویستی جیاوازی و بێبەشبوون و ئازارە، بۆ ئەوەی سێڵفی لە نوێوە دابهێنینەوە و بەردەوام ڕامانی نوێ بە مرۆڤایەتیبوونمان ببەخشین… دەبێ بڕوامان بە گۆڕانی بەردەوام هەبێت؛ لێرەدا ئیگۆی تەكنۆلۆژی لە سێبەری ئەویدیكەی جیاوازدا لەو ڕەخنانە بێبەری نییە، کە ئاراستەی دەکرێت؛ چونكە دەشێ دنیای بەکاربەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سێڵفییەکان زیاتر لەوەی (سایبەرخۆشەویستی) بێت، (منێكی نێرگزی) لێبكەوێتەوە، لەبری ئەوەی هایپەرپەیوەندی جیاواز بێ، جێگیربوونی پەیوەندی بەرهەمبهێنێ، لەبری ئەوەی كرانەوە بێ، داخران بێ و هەوڵبدات هەموو ئارەزووە تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە سوودی شەیدابوون و جێگیربوون و بنبەستبوون بەكاربەرێت، نەك لە پێناو ئارەزووی ئەویدیكەی جیاواز…
پرسیار ئەوەیە، ئایا لە داهێناندا دەرفەتی ئەوە هەیە، هەموو ئەو شتانەی کە لە پرسی ئیگۆی نێرگزی و پەیوەندییە داخراوەكان تێدەپەڕن، تێپەڕێنین؟! مەبەستم هەر تەنها قبووڵنەكردنی ئەنلایك نییە؛ بەڵكوو بەگشتی بێهەڵوێستی و بێئاگایی ئیگۆی نێرگزییە لە دنیای جیاوازییدا، رەتكردنەوەی كێشەی ئاگایی و پەیوەندییە مرۆییەكان و ژیانە… ئەگەر ئەو پرسیارە پێچەوانە بكەینەوە دەڵێین: ئایا پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی ڕاڕا، دەكەوێتە دەرەوەی كێشەی پەیوەندییە كراوەكان و ئاگاییەوە؟!
سێڵفی
قەیرانی سوبێكت
پرسی سێلفی- ئیگۆی مەجازی وەك (خود/ پۆڕتریت) لەسەر زەوی هەناسە دەدات؛ كەواتە تەکنۆلۆژیا نوێیەکان لە دەرەوەی سوبێكتەوە بەرهەم نەهاتوون؛ بەو مانایەش ئەگەر توانای خراپترینمان هەبێت، توانای باشتركردنیشمان هەیە؛ دەتوانین بناغەی ڕێنیسانسێکی نوێ لەسەر زەوی دابمەزرێنین، كە سێڵفی تێیدا (بوون بە) دیدێکی نوێ بێ، (بوون بە) پەیوەندی و ئاگاییەكی نوێ و كراوە بێ، كە لە داهاتوودا نەتوانین پشتگوێی بخەین… وەك چۆن ئاماژەی لەدایکبوون و بەرهەمهێنانەوەی ئیگۆیەكی كراوە بێ، کە بەردەوام وەک مانای گۆڕاو بۆ شۆڕشێکی نوێ تەماشا بکرێت.
هەڵبەتە (بوون بە) وەك شۆڕشێكی نوێ تەنیا گۆڕانکارییەکی تەکنۆلۆژی نییە؛ بەڵكوو گۆڕانكاری بەردەوامی بوونی سوبێكتە، كە بووەتە نێوەندگیرێكی (شاراوە) و (ئاشکرا) نێوەندگیرێكی بێڕەگ و ڕیشە، بێئەزموون و ڕامان و بیرکردنەوە؛ بێیادەوەری لە نمایشدا، سەرسام بە كردەی ساتەوەختی و كوتوپڕی و بوون بە زێدەپەیوەندی داهێنان…
لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا هێزی کڕین، بە بەهای خۆ بە خاوەندارێتی و توانای سوبێكت دەپێورێت… پرسی ڕستەی (من بەکاری دەهێنم) كێشەی بوونی من دەسەلمێنێ. یان وەک (هێربێرت مارکۆزە) دەڵێ، تەنانەت بوونیش بووەتە بڕاندێک؛ بووەتە لۆگۆی کۆمپانیایەک… هەندێک لە سێڵفیەکان تەنها وەک ڕیکلامەکان کاردەکەن؛ وەک لۆگۆی یەکجار بەکارهێنراوی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، یان جوانکاری مۆدێلەکانی مۆدە…
لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا جوانی و ڕەوانی زمان دەكەوێتە دواوە! وێنە و ئیمۆجیەکان… شوێنی مانای زمان و ڕەوانبێژی دەگرنەوە؛ ئیتر پێویست ناکات سڵاو بکەم، بەیانی باش، من باشم، بیرت دەکەم، تۆم دەوێت تۆ جوانیت، ئەوە بە تام بوو، چووم بۆ مەلەکردن… ئێستا یەک ئیمۆجی دەتوانێت هەموو ئەوانە بڵێت… زێدەپەیوەندی بووەتە بینراو (ئاشكرا)؛ كاری خەیاڵی (شاراوە) و زارەکی لە كزی داوە، فەرهەنگی ئیمۆجی ڕۆژانە فراوانتر دەبێت.
ئەگەرچی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی لەڕێگای گوتاری وێنەکانەوە قسە دەکات، یان میمەکان- پارچە بینراوەکان، کە وەک زمانێکی گشتگیر لە سۆشیال میدیادا کاردەکەن- ڕەنگە لە ماوەیەكی كەمدا ژانرێکی تەواو نوێ بە شێوەیەک قسە بکات، کە ئیگۆی دەروونی تەقلیدی نەتوانیت لێی تێبگات… ئەوە ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەیە…
ئەگەرچی لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا چیتر سوبێكت هەڵگری ئامانج و ناوەڕۆک نییە، بەڵكوو ئەدای کارکردنیەتی لەناو تۆڕە بێ کۆتاکانی کۆمەڵگای مەجازی جیهانیدا، چیتر سوبێكت بە مانا تەقلیدییەكەی دڵخۆشم ناکات؟! ئیتر دەتوانم سوبێكت لەخۆم بسڕمەوە، دەستکاری بکەم، بیشارمەوە؟ چاوەکانم؟ لووت؟ ڕەنگی پێستم؟ کامە پارچەی دەمەوێت دروستی بکەمەوە… ئەوە ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەیە.
ئەگەرچی لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا هەستدەكەم سوبێكت پەیوەندی بە ڕاستییەوە نەماوە، بەڵكوو پەیوەندی بە پێشبینیکردنی گومان و سەیرورەوە هەیە: گومان لە ڕەسەنایەتی خودی بوون، متمانەی لەدەستچوو… بوونی سوبێكت کەوتۆتە ژێر پرسیاری ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەوە… لە هەموو ئەو ئەگەرانەدا بوون بە پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی مۆدێرن وەك یاریكەرێكی جوولاو و بزر لە ساتەوەختی هایپەرپەیوەندی و سایبەرخۆشەویستی نابێتەوە…
ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوە
یاریكەرێكی بزر
دنیای دیجیتاڵی، دنیای وێنە مەجازییەكان وەك سرووشتێكی گۆڕاوی بێبكەر دەردەكەوێت، كە پشت بە سایبەر تەكنۆلۆژیا دەبەستێ؛ بەو مانایە دنیای دیجیتاڵ، دنیای چالاكی وێنە مەجازییە ئاشكراكانی خۆی، لە دنیای ڕامانخوازی كلتووری جیا دەكاتەوە، كە زێتر شاراوەیە، زێتر میكانیزمی خەیاڵکردن دەیجولێنێ… بەمجۆرە حەقیقەتی ڕامانی هونەری و پرسی خۆشەویستی و جوانی و چێژ لە كێشەی ئیگۆی دەروونی تەقلیدیی و چالاكییەكانی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەوە؛ ئەوەیە، كە ئیگۆی دەروونی تەقلیدی پەیوەندی بە شۆكی كلتوورییەوە دەكات؛ بەڵام ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوە پەیوەندی بە شۆکی تەكنۆلۆژیاوە هەیە؛ یەكەم ڕامان بەڕێوەی دەبات؛ دووەم خێرایی…
ئەگەر داهێنانی ڕامانی خەیاڵكردی ئەدەبی و هونەری دەلالەت لە چەپێنراو و شاراوەكانی كلتووری بكات و لەوێشەوە شۆکی کلتوری لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەلالەت لە هاتنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و كەشتیی هەڵمی و هاتنی فرۆکە… بكات! ئەوە شۆكی تەكنۆلۆژی لە چالاكی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی ئاشكراو و كراوەدا لە خێرایی ژیریی و زیرەكیی دەستكرددا دەردەکەوێت: وەك ئەوەی لە بەكارهێنانی ڕۆژانەدا لەبری دەستەواژەی (خۆشمدەوێیت)ی فەزای ئەدەبی، شوێن بۆ دەستەواژەی (لایك)ی فەزای تەكنۆلۆژی چۆل بكەین!! بێ ئەوەی بوون بە (داهێنانی خەیاڵكردە) و بوون بە (داهێنانی دەستكردە) هیچ کۆتاییەکی دیاریكراوی هەبێت… وەك ئەوەی شتەکان بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە فڕێدرابنە (درامای ناپاكیكردن لە زمانی ئەدەبی) و (ناپاكیكردن لە وێنەی سێڵفییەوە)، وەك ئەوەی بكەری دیار و بكەری بزر (دنیای داهێنان) بەڕێوە بەرن… بەڵام ئەگەر لە كاری داهێنانی ئەدەبی و هونەری (شاراوە و خەیاڵكردە) بكەر بوونێكی بەرجەستەی هەبێت، ئەوە لە داهێنانی تەكنۆلۆژیای (ئاشكرا و دەستكردە) جگە لە (كردە) هۆکارێکی دیار بۆ بوونى (بكەر) لە ئارادا نییە… لە گۆڕانكارییە زێدەخێراكانی سەردەمدا دەستنیشانكردنی (كردە) و (كار) ئەو خاڵە سەرەكیەیە، كە (ناپاكی زمان) و (ناپاكی تەكنۆلۆژیا)، ناپاكی (بكەری دیاری كار) و (بكەری بزری كردە) روونتر دەكاتەوە! بەگشتی لە بكەری (دیار) ناپاكیكردنی زمانی ئەدەبی لەوەدایە، كە (ڕابردوو) دزە دەكاتە نێو كارەوە، لە بكەری (بزر) ناپاكیكردنی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەوەدایە، كە (داهاتوو) دزە دەکاتە نێو كردەوە؟! كەواتە ئەگەر وێنە مەجازییەكانی سێڵفی گوزارشت لە (داهاتووی پێشبینیكراو) بكەن، ئەوە وێنە مەجازییەكانی ئەدەب و هونەر (یادەوەرییەكانی ڕابردوویان) لەخۆدا هەڵگرتووە!
بەڵام هەمیشە لە كردەی داهێناندا كێشەی (ئارەزوو/ جیاوازی/ ئازار) لەودیوو پرسی پەیوەندییەكانی جوانی و چێژەوە ئاماژە بە هیچ هۆکار و ئامانجێکی دیاریكراو ناکەن! بە مانایەكی دیكە داهێنان لە پەیوەندییە كراوەكانی هایپەرخۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستیدا هیچ چێژێك لەپشت یان لەسەرووى جوانییەوە نابینێ؛ بۆیە جوانی لە داهێنانی (كار) و جوانی لە داهێنانی (كردە)دا بەردەوام ناچار بە زۆر بوون و دووجابوونەوە و کۆپیکردنەوە و لاساییكردنەوە بووە؛ وەک: دەقەكان، جەستەکان و ئایدیاکان… بەگشتی لە داهێناندا مەرج نییە مەبەست، ئامانج، باڵایی… لە بازنەی هۆكارێكی دیاریكراوی مانادا گیر بخوات، دەشێ لە بازنەیەكی بەتاڵ و بێكۆتاییدا بخولێتەوە! یاریكەری (ئاشكرا) و (شاراوە)ی پرۆسەی (كار) و (كردە)ی داهێنان هەمیشە (بوون بە جوانی و چێژ) دەسپێرێت، ئەوەش هیچ نییە، جگە لە بێئامانجی و بێكۆتایی و بێڕیشەیی و بێسنووری (ئارەزوو) و (جیاوازی) و (ئازار)؛ یان داهێنان نەبێت… (فێرناندۆ پێسوا)ی شاعیر لە شیعری (فرۆشگای تووتن) كە (سیما ئاکۆ) لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بە كوردی؛ دەڵێت:
من هیچ نیم.
هیچیشم لێ سەوز نابێ.
خۆشم نامەوێ هیچم لێ دەرچێ.
بەڵام هەموو خەونی جیهان لەنێو مندایە.