کەیفی زیرەك کەمال – پزیشکی گشتی
ئەڵقەی پازدەم
جگەرەکێشان یەکێکە لە گەورەترین مەترسیەکان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، بێگومان زیانەکانی جگەرەکێشان لەلای گشت چین و توێژەکان زانراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە، زیاتر لە ملیارێك بەکارهێنەری هەیە لە سەرانسەری جیهاندا. ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە تەنانەت بەشێك لە پزیشکەکانیش بوونەتە دیلی دەستی ئەو دوژمنە ئاشکرایە نەگریسە و بە هۆکاری جیاجیا شەرعیەت بەو کارەیان دەدەن، بێگومان ئەمەش چەندین گرفت دروست دەکات کە دەمەوێت بەشێکیان بخەمەڕوو.
با وێنای ئەوە بکەین نەخۆشێك، کە ڕەنگە بەهۆی کێشەیەکی تەندروستی پەیوەندیدار بە جگەرەکێشانەوە (وەک نەخۆشییەکانی دڵ، سییەکان یان هەناسەتەنگی) سەردانی پزیشکێکی جگەرەکێش دەکات. دوای پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، پزیشکەکە بە پێویستی دەزانێت ئامۆژگاری نەخۆشەکە بکات کە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، چوونکە زیانەکانی بۆ تەندروستی ئاشکران. لێرەدا نەخۆشەکە ڕووبەڕووی دۆخێکی سەیر دەبێتەوە، ئەو کەسەی داوای لێدەکات واز لە کردەوەیەکی زیانبەخش بهێنێت، خۆی هەمان کردەوە ئەنجام دەدات. ئەمە نەك هەر کاریگەریی ئامۆژگارییەکەی پزیشکەکە کەم دەکاتەوە، بەڵکوو وێنەیەکی نەرێنی لەسەر پیشەی پزیشکی و خودی پزیشکەکەش دروست دەکات.
لەلایەکی دیکە، گرنگە ئەمە بزانین کە ڕۆڵی پزیشکان تەنها چارەسەرکردنی نەخۆشی نییە، بەڵکووپێویستە سەرمەشق و نموونەی شێوازی ژیانی تەندروست بن بۆ کۆمەڵگا. خەڵکی بە گشتی و گەنجان بە تایبەت کاتێك کە دەیانەوێت ژیانێکی تەندروست هەڵبژێرن، زۆر جار چاو لە کەسانی پسپۆڕ و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دەکەن. کاتێك پزیشکێك کە یمبولی زانست و تەندروستییە، جگەرە دەکێشێت، پەیامێکی ناڕاستەوخۆ دەنێرێت کە ڕەنگە جگەرەکێشان ئەوەندەش ترسناك نەبێت، یان لانیکەم “ئاساییە” ئەگەر کەسێکی وەک پزیشکیش بیکێشێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی دیاردەی جگەرەکێشان و لاوازکردنی هەوڵەکانی هۆشیاری تەندروستی لە کۆمەڵگادا، لە کوردەواریش دەگوترێت “هەزار قسە و یەك کردار”. واتا لەبری ئەوەی پزیشك هاندەری وازهێنان بێت، بە کردەوەی خۆی ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم خووە زیانبەخشە.
سەرباری هەموو ئەمانەش، دیاردەی جگەرەکێشانی پزیشك کێشەیەکی مەعریفی و دەروونی قوڵ بۆ پزیشکەکە دێنێتە ئاراوە، ئەویش حاڵەتێکە کە پێی دەگوترێت دووفاقی دەروونی* (cognitive dissonance)، ئەمەش ڕوودەدات کاتێك ڕەفتار و گوفتار کەسێك دژیەکی تێدایە. ئەم دووفاقیە وادەکات پزیشکەکە دەروونێکی نائارامی هەبێت تەنانەت ئەگەر نکۆڵیش لە ڕاستی ئەم کێشەیە بکات.
لێرەدا پرسیارێك دێتەوە ئاراوە ئەویش ئەوەیە، ئایا دکتۆریش وەکو هەر کەسێکی دیکە ئازاد نییە لەوەی کە چی دەکات؟ ئایا ئازاد نییە کە جگەرە بکێشێت یان نا؟
وەڵامەکەی بێگومان نەخێرە. ئێمەی مرۆڤ بە ڕەهایی موڵکی خۆمان نین و ناتوانین بە ڕەهایی ئازادی بەرجەستە بکەین. مرۆڤەکان چەندە موڵکی خۆیانن هێندەش موڵکی دەوروبەریانن، ئەمە ئەگەر جارێك بۆ کەسێکی ئاسایی ڕاست بێت، چەندین جار بۆ کەسانی نوخبە (وەك پزیشك و مامۆستا ئایینی و پەروەردەییەکان) ڕاستە، بۆ نمونە مامۆستا بە تەنها موڵکی خۆی نییە بەڵکو لە هەمان کات موڵکە بۆ قوتابیەکانی، مامۆستایەکی ئایینی بۆ نوێژ خوێنەکانی، دایك و باوك بۆ ڕۆڵەکانی، هەروەها پزیشکیش بۆ چارەخوازەکانی. بۆیە پێویستە ئێمەی پزیشك بەر لەوەی چارەخوازەکانمان ئامۆژگاری بکەین بۆ هەرکارێك، سەرەتا ئەو کارە لەخۆماندا ڕەنگدانەوەی هەبێت و پێویستە خۆمان سەرمەشقی شێوازی ژیانی تەندروست بین.
* هیچ وشەیەکی کوردی دیاریکراو نییە بەرامبەر بەو دەستەواژە پزیشکیە.