یاسای دارستانی خەزعەلی و گوتاری پووچی كوردی

زكری موسا
ڤیدیۆیەكی قەیس خەزعەلیم بینی كە سەركردەیەكی گرووپێكی تووندڕەو و چەكداری شیعەیە. قسەكانی سەرنجڕاكێشن، بۆچی سەرنجڕاكێشن؟ چونكە راستگۆیانە دەدوێت و تەعبیرە لە روانگەی گشتیی ئەو نوخبە سیاسی و سەربازی و تاییفییەی كە پلان و سیاسەتی دەوڵەتی عێراقیان لە حوكمڕانی و یاسادانان و ئابووری و كارگێڕیی لەبەردەستە. ئەوەی خەزعەلی باسی دەكات بەسەرچوونی هاوپەیمانێتیی شیعە و كوردە، ئەویش بەهۆی نەمانی زەرف یان هەڕەشەیەكی بابەتییانە كە سووننەیە. لە پشتەوەی قسەكانیدا ئەوە دیارە كە مادام سووننە لاواز و بێ ئیرادە و دەستەمۆ بووە، چیتر هەڕەشە نییە. كەواتە بۆ شیعە ناچار بێت باجی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ كورد بدات كە هۆكارەكەی لە ئەرزی واقعدا نەماوە. ئەو زۆر بە روونی، بە لۆژیك و زمانی یاسای دارستان دەدوێت. كە لۆژیكی هێزە، بەهێز دەبێت بەدوای بەرژەوەندی بێت و پشوو نەدات تاوەکو ئەو ساتەی لاوازەكە نەخوات. ئەو راشكاوانەتر دەدوێت و پێیوایە ئێستا شیعە كە باڵادەستبوونی بۆ رەخساوە دەبێت بەدوای ئەوە بێت كە خۆی بەهێز بكات و بەرەو چڕكردنەوەی دەستەڵات لە ناوەند بڕوات و كار بۆ لاوازكردنی كورد بكات.
لەو لۆژیكە فراوانخوازەدا لاوازكردنی كورد بە مانای وشككردنی سەرچاوەكانی هێز و داهات و سەندنەوەی سەڵاحیات و خاك و جیۆگرافیایە. دوا وێستگەی حەسانەوەی لۆژیكی خەزعەلیزم لە بەرانبەر كورددا سەندنەوەی شوناسە لە كورد. لە یۆتۆپیاكەی خەزعەلیدا وڵات سەرتاپا عەبدی ئایدیۆلۆژیای تاییفییە و كورد وەکو نەتەوە هیچ داواكارییەكی نییە و بە مەمنوونی هاووڵاتیی پلە دوو و پلە سێی بەهەشتەكەی خەزعەلییە. هۆكارەكەیشی تەنیا ئەوەیە كە دەوڵەتی عێراق لەسەر فۆرمی خەزعەلی و هاوبیرەكانی دەبێت لەسەر بنەمای لۆژیكی هێز و یاسای دارستاندا قەد بگرێت. ئاخر ئێستا ئەوان بەهێزن و بارودۆخ لە بەرژەوەندیی ئەوانە. بۆیە گەمژەییە كە ئەوان بیانەوێت بەپێی بنەماكانی فیدراڵیزم (دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان) لەگەڵ ئەوی دیکەدا بژین یانیش لانیكەم لەسەر بنەماكانی هاووڵاتیبوون دەوڵەت پێكەوە بنێن.
ئێستا پرسیارێكی جەوهەری هەیە. ئایا بۆچوونەكەی خەزعەلی هەڵەیە؟ وەڵامەكەی ئاسانە. بۆچوونی خەزعەلی هەڵە نییە و زۆریش دروستە، چونكە ئەوان ستراتیژ و ئامانجیان ئەوەیە و كاری بۆ دەكەن و بڕوایان پێیەتی.
زۆر باشە.. لایەنێكی هاوكێشەكە كوردە، كورد چی بكات؟ ئایا ئەم لۆژیكە قبووڵ بكات و هەرچییەك خەزعەلیزم داوای بكات “بەڵێ قوربان”ی بۆ بكات و لەعنەت لە خۆی و نەفت و شوناسی بكات، تەنیا لەبەرئەوەی خەزعەلی خۆی بە بەهێز دەبینێت؟
ئێمە بە داخەوە رۆژانە گوێبیستی دیسكۆرسی خۆڕادەستكردن و تەسلیمبوونین لەناو بەشێكی نوخبەی سیاسیی كورد، بەرانبەر سالارانی تازەی شیعە و ملكەچبوونی كورد بۆ یاسای دارستانین. تەبعەن هاوشێوەی ئەم گوتارە خۆبەكەمبینە لە هیچ شوێنێكی جیهاندا بەدیناكرێت. گوتاری رادەستبوون، لە بنەڕەتدا گوتارێكی خاڵی و بێ مانا و شەرمهێنەرە. رادەست بەرانبەر چی و بۆچی و لەپێناو چیدا؟ ئەو هەموو شتی تۆی دەوێت بە شوناسیشەوە. بە هاووڵاتی و شەریكی دەوڵەتت نازانێت و سیاسەتت لەگەڵ دەكات و بە راستیشت نازانێت، تەنانەت ئەگەر بوون و نەبوونی خۆیشتی پێ ببەخشی. ئەی ئەگەر وایە بۆچی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵدا دەكەیت؟ بۆ حەز دەكەیت بچیتە ناو هاوكێشەیەك كە لە ئێستاوە دەزانیت تێیدا هەموو شتێك دەدۆڕێنیت؟ نەفت و ریفراندۆممان لەعنەتین؟ ئەی كە ئەنفال كراین خۆ نەفت و ریفراندۆم لەئارادا نەبوو، ئەی بۆ كورد قڕكرا؟ وەڵامەكەی زۆر وازحە.. كێشەی ئەوان لەگەڵ تۆدا نەفت و ریفراندۆم نییە، كێشەكەیان بوونی تۆیە.
نوخبەی سیاسی و فكری و رووناكبیری و میدیایی كورد پێویستی بە بەخەبەرهاتنەوەیە. ئەو رێگەیەی بەشێكی سیاسییەكانی كورد لە رقی پارتی ملیان لێ ناوە و بە شانازیشەوە لە بەغدا كار بۆ پووچكردنی خۆیان و گەلەكەیان دەكەن، لە سیاسەتدا هیچ مانا و مەفهوومێكی نییە. هەروەك پێشتر باس كرا، گوتاری خەزعەلیزم زۆر وازحە، دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێكی تۆ. گوتاری پارتیش زۆر وازحە، كورد دۆزێكی وجوودی و جیۆگرافی و دەستووری و سیاسیی هەیە و ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە لەوە بچووكترە بتوانێت وەڵامی داوا و مافی كورد وەكو نەتەوە بداتەوە. بەڵام پێمان بڵێن گوتاری ئێوە هەڵگری چ مانایەكە و لە كوێی دونیا و لە كام ململانێی جیهانی و ناوچەیی دیکەدا هاوشێوەی هەیە؟

تێبینی:
ئەم وتارەم چوارساڵ بەر لە ئێستا لە 2ی 2ی 2021 نووسراوە و بڵاو كراوەتەوە