فەزیلە شۆرش
پاراستنی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە، پێویستی بە دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی تەنگژە، گەورەنەکردنی کێشەکان، بیرکردنەوەی عەقڵانی و دووربینی لە دەرئەنجامەکان هەیە. ئەگەر مرۆڤ ئەمانە بەهەند وەرنەگرێت، تووشی شڵەژان و تێکچوونی هاوسەنگی لەنێوان بیرکردنەوە، کار و کاردانەوەکانیدا دەبێت. بەهۆی ئەمەشەوە، زۆربەی بڕیار و کاردانەوەکانی بەرامبەر هەر کێشەیەک، دەرئەنجامێکی نەخوازراو یان ڕووداوێکی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە، کە قێزەونترینیان کوشتنە.
هیچ پاساوێک بۆ کوشتن و سەندنەوەی مافی ژیانی هیچ کەسێک نییە. بەداخەوە، لەم دواییانە زۆر گوێمان لە تاوانی کوشتن دەبێت و بووەتە هەواڵی ڕۆژانە. پێویستە باس بکرێت، بەڵام دەبێت بە کەمترین زانیاری و بەبێ وردەکاریی زۆر، بۆ ئەوەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاری پۆلیس و دادگا نەبێت. کوشتن، نیشانەی نەزانی، دواکەوتوویی و ناتەواویی کەسایەتیی بکوژە.
بۆ کەمکردنەوە یان بنبڕکردنی تاوانی کوشتن، پێویستە هەر خێزانێک لە خۆیەوە دەست بە پەروەردەکردنی منداڵەکانی بکات، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن. هەروەها، ئاشناکردنی منداڵ و گەنج بە لێبووردەیی و پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان زۆر گرنگە، چونکە منداڵ و گەنجی ئەمڕۆ، پێکهێنەری دواڕۆژن و بەداخەوە ئاشکرایە کە زۆربەی بکوژەکان پیاون.
ڕاستە یاسا هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە تاک و کۆمەڵگە، بەڵام پێویستە مرۆڤ خۆی بزانێت کە هەر هەڵە و کارێکی قێزەون، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر بەرامبەرەکەی دەبێت. هەر شێوەیەک لە شێوەکانی دڕندایەتی بەرامبەر تاکێک، هەستێکی نەرێنی و تاسانێکی دەروونی لە ناخی تاک، خێزان و کۆمەڵگەدا دروست دەکات. بەمەش خودی کەسەکە و دەوروبەریشی تووشی کێشەی ئاڵۆزتر دەبن و بەها مرۆڤایەتییەکان دەسڕێنەوە. هەر تاوانێکی کوشتن، دەرئەنجامەکەی شڵەژان، هەڵوەشانەوەی خێزان و تێکچوونی بەهاکانی ژیانە.
ئەوەی بۆمان ڕوون دەبێتەوە، بەتایبەتی پاش ئەم ڕووداوانەی دوایی، ئەوەیە کە مرۆڤ تەنها بە بڕوانامە نابێتە کەسێکی تێگەیشتوو کە بتوانێت دوور بێت لە ئەنجامدانی قێزەونترین تاوان.
بە دیدی من، هەر مرۆڤێک تاوانێکی کوشتن ئەنجام بدات، باری دەروونییەکی ناجێگیری هەیە. بێگومان ئەمە پاساو نییە بۆ وەرگرتنەوەی ڕۆحی مرۆڤێک و سزانەدرانی، بەڵکو سزای تاوانی کوشتن دەبێت قورسترین سزا بێت. بەڵام گرنگە لە ماڵەوە و لە هەموو قۆناغەکانی قوتابخانەدا بەجدی بایەخ بە باری دەروونیی منداڵ و گەنج بدرێت. پێویستە لە هەموو قوتابخانەکان پسپۆڕی دەروونیی تایبەت هەبێت، بۆ ئەوەی گوێبیستی قوتابییەکان بێت (هەر قوتابییەک بە جیا)، بیروڕای لەگەڵ دایک و باوکیاندا ئاڵوگۆڕ بکات و لە کاتی پێویستیشدا، ڕێنماییی چارەسەرکردنی کێشەی منداڵەکە یان گەنجەکە بداتە دایک و باوک.
بەم شێوەیە، بەرەو کۆمەڵگەیەکی تەندروست هەنگاو دەنێین، چونکە تاکی تەندروست پێکهێنەری کۆمەڵگەیەکی تەندروستە.