ڕازیە کانەبی
ئەگەرچی ئافرەت بەشداریی کارا و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا هەبووە و هەیە، بەڵام بایەخێکی ئەوتۆ بە نووسینەوەی ڕۆڵی لە مێژووی کۆن و نوێدا پێنەدراوە. ئەو مێژووە نووسراوەی کە هەیە، بەشێکی زۆری لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسان و کەسانی بیانییەوە تۆمار کراوە، بۆیە ئەو سەرچاوانەی باس لە خەبات و ڕۆڵی سیاسیی ئافرەتی کورد دەکەن، کەمن.
بێگومان، ئەمەش بۆ زاڵبوونی نەریت و عەقڵیەتی باو لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ژنانەی کە ڕاستەوخۆ بەشداریی شۆڕشەکانیان نەکردووە، بواریان بۆ پیاوانی خێزانەکانیان ڕەخساندووە کە بچنە گۆڕەپانی خەباتەوە. چونکە هەر پیاوێک چووەتە ڕیزی ئەم بزووتنەوەیە، ژنانی خێزانەکەی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵیان گرتووەتە ئەستۆ.
لێرەدا هەوڵ دەدەم ناو و خەباتی بەشێک لەو ژنانە بخەمە ڕوو کە بەشداریی شۆڕشەکانیان کردووە، بەو هیوایەی لە داهاتوودا ببێتە یەکێک لەو سەرچاوانەی کە بایەخ بە خەباتی ژنانی کورد لە مێژوودا دەدات.
پلوتارک، مێژوونووسی یۆنانی-ڕۆمانی، دەڵێت: خەڵکی خۆجێی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە سەدەی یەکەمی پێش زاییندا، لە دژی هێزە پەلاماردەرەکانی ڕۆم بەرگرییان لە خۆیان کردووە. ناوبراو جەختی لە هەبوونی ژنانی شەڕکەر کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە ژنانێک هەبوون مەشقی چەک بەکارهێنانیان کردووە و ئامادەی جەنگ بوون.
هەروەها نووسیویەتی: هاوسەری میسریداتس، پاشای شانشینی پۆنتۆس، جلوبەرگێکی کەلتووریی ڕەنگاوڕەنگی کوردیی لەبەربووە و لە کاتی گەمارۆدانی شانشینەکەی لەلایەن پۆمپی، ژەنەڕاڵی ڕۆمانییەوە، نموونەیەکی بێوێنەی قارەمانێتیی سەربازیی بۆ بەرگریکردن پیشان داوە.
بەڵگەی قارەمانێتیی سەربازیی ئافرەتان لە کوردستان، مێژووەکەی بۆ سەردەمێکی زۆر کۆنتر لە تۆمارە نووسراوەکان دەگەڕێتەوە. لە گۆڕە دوانزە هەزار ساڵییەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە ناوەڕاستی کوردستان، تاکە کەرەستەیەک کە لەگەڵ زۆربەی ئێسکەپەیکەرە مێینەکاندا دۆزراوەتەوە، بریتی بووە لە چەقۆیەکی جوانی نەخشێنراو.
لە شەڕی قەڵای دمدم، ژنان شانبەشانی پیاوان بە درێژاییی ماوەی شەڕەکە بەرگرییەکی بێوێنەیان لە شووراکان و سەرچاوە گرنگەکانی ناو قەڵاکە کرد. ئەوان ڕۆڵێکی قارەمانانەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکری قزڵباشی سەردەمی شا عەباسدا گێڕا.