پەروەردەی دروست بەردی بناغەی دروستبوونی کەسایەتییەکی تەندروستە. لەناو هەموو بنەماکانی پەروەردەدا، خۆشەویستی وەک خۆراکێکی سەرەکی وایە بۆ گەشەی دەروونیی منداڵ. گرنگیی پەروەردەکردنی منداڵان بە خۆشەویستی. کە چۆن ئەم هەستە دەبێتە کلیلێک بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی ئارام، بڕوابەخۆ و هاوسەنگ، لەگەڵ ئاماژەدان بە گرنگیی هاوسەنگی لە نیشاندانی سۆزدا.
فەیزان فرست حەدۆ، دەروونناس تایبەت بۆ “هێلین میدیا” دەدوێت:
ناخی منداڵ وەک کۆگایەک وایە؛ شوێنێکە بۆ پڕکردنەوەی بە سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوک. ئەم سۆز و خۆشەویستییە دەبێتە هاندەرێک تا منداڵ بتوانێت وەک پێویست کار بکات و تواناکانی بخاتە گەڕ، ژیان بە جوانی ببینێت و بە خۆشەویستییەوە باوەش بۆ ژیان بکاتەوە.
منداڵانی خێزان لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیان بە ئاسایشیی خێزانییە، کە بێگومان ئەمەیش سەرچاوە دەگرێت لە پەیوەندیی نێوان دایک و باوکیان. بەکارهێنانی ڕێگای تایبەت بۆ نیشاندانی خۆشەویستی بۆ یەکتر، دەتوانێت ببێتە هۆی یەکگرتنێکی زیاتر لەنێوانیاندا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی منداڵەکانیان.
خۆشەویستی بنەمای ژیانە؛ کۆمەڵە هەستێکی سۆزداریی ئەرێنی و ناسکە کە گوزارشت لە لایەنی مرۆڤایەتیی مرۆڤ دەکات و وا دەکات مرۆڤ هەست بە خۆشی بکات. منداڵان پێویستیی دەروونیی زۆریان هەیە و پێویستە بە سۆز تێریان بکەین، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر گەشە بکەن و هاوسەنگیی دەروونییان هەبێت. ئەمە دەیانپارێزێت لە تێکچوونی دەروونی و ڕەفتاری ناپەسەند، تاکو کەسایەتییەکی دروستیان لێ بێتە کایەوە.
گەورەترین خواست و بەرزترین هیوای منداڵان ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستیی دایکان و باوکانیان بەدەست بهێنن، بەتایبەتیش هیی دایکیان، چونکە خۆشەویستیی دایک فریادڕەسە و منداڵەکانی لە هەموو ترس و دڵەڕاوکێیەک ڕزگار دەکات. خۆشەویستیی دایکان گەشبینی و هەستکردن بە ئارامی و دڵنیایی بە منداڵان دەبەخشێت.
خۆشەویستی ئەو کلیلە ئەفسووناوییەیە کە وا لە منداڵان دەکات کراوە و گەشبین بن، دڵنیایی و ئارامییان پێ دەبەخشێت و ژیان و داهاتووشیان لا شیرینتر دەکات. پەروەردەی دروست جەخت لەوە دەکاتەوە کە منداڵان لە ڕێگەی خۆشەویستییەوە هان بدرێن. کاتێک نەوەیەک بە خۆشەویستی پەروەردە دەکەین، ئەوا منداڵێکی دروست، بڕوابەخۆ، لەسەرخۆ، هێمن و ئارام پێک دێت، کە ڕۆحی هاوکاری و ڕێزگرتن و یەکترقبووڵکردنی تێدا دەڕوێت.
بەڵام زیادەڕۆیی کردنیش لە خۆشەویستیی منداڵ، نقومکردنی لە ناز و دابینکردنی هەموو داواکارییەکی، زیانەکانی لە توندوتیژی کەمتر نییە. بۆیە دەبێت هاوسەنگی لە نیشاندانی خۆشەویستیدا هەبێت. کاتێک خێزانێک منداڵێک بە پەروەردەیەکی دروست و تەندروستییەکی دەروونیی باشەوە گەورە دەکات، ئەم پەروەردەیە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هاوڕێکانی و دەوروبەریشی دروست دەکات. منداڵ لە سەرەتای تەمەنیدا ئەو شتانە فێر دەبێت کە لە ژینگەی ماڵەوە هەستیان پێ دەکات و دەیانبینێت، پاشان وردە وردە تێکەڵی کۆمەڵگە دەبێت. بۆیە پێویستە پێگەیاندنی منداڵ قۆناغ بە قۆناغ بێت و لەگەڵ هەر قۆناغێکدا بە خۆشەویستییەوە فێر بکرێت، تا منداڵێکی دەروون-تەندروست پێشکەشی کۆمەڵگە بکەین.
چۆنیەتیی دەربڕینی خۆشەویستی بۆ منداڵ:
بە چاوی خۆشەویستییەوە لە منداڵەکانت بڕوانە، بزەی خۆشەویستی، ماچی خۆشەویستی، باوەشی خۆشەویستی، پێشکەشکردنی دیاری، یاریکردن لەگەڵ منداڵان، چوونەدەرەوە و سەیران لەگەڵ منداڵان.
هەر منداڵێک جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەیە. هەرچەندە منداڵانی جیهان لە ڕووی جەستەیی و ئەندامییەوە وەک یەکن، بەڵام لە هەموو جیهاندا دوو منداڵ نادۆزیتەوە کە لە ڕووی ژیری، دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە وەک یەک بن، تەنانەت ئەگەر دووانەش بن. بۆیە پێویستە لە پەروەردەکردنیشدا ئەم جیاوازییانە لەبەرچاو بگیرێن؛ لە ڕووی توانای جەستەیی، لایەنی کۆمەڵایەتی، و لایەنی دەروونی و هەڵچوونییەوە، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی پەروەردەدا سەرکەوتوو بین.
ئا/نیگار نجات