فاتمە قاسم
ئازادیی بریتیە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و کارانەی کە تاک دەیەوێت بە ئارەزووی خۆی لەنێو کۆمەڵگا ئەنجامی بدات، واتا ئەگەر هەر تاکێک بتوانێت هەموو ئەو بڕیارانەی کە دەیدات جێبەجێ بکات و هیچ کەسێک بۆ بیرکردنەوە، قسەکردن و کارەکانی سنوورێک دانەنێت ئەوا تاک ئازادییەکی تەواو و بێ سنووری هەیە، بەڵام ئەگەر پێچەوانەکەی ڕوویدا ئەوا تاک دەبێت بەفەرمانی کەسانی دیکە هەڵسوکەوت بکات و لە کۆتاییدا سەرجەم ئازادییەکانی لەدەست دەدات، بەتایبەت ئەگەر پارە لەنێو ئەم بابەتەدا بوونی هەبێت .
پارە یەکێک لەو بابەتە گرنگانەیە کە مرۆڤ لەم ژیانەدا سەرقاڵی بەدەستهێنانییەتی، کەسانێک هەن کە بەهەموو شێوەو ئامرازێک هەوڵی کۆکردنەوەی دەدەن و بەخاڵی بەدەستهێنانی خۆشیەکانی ژیانی دهزانن، بەشێک لە مرۆڤەکانیش لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەبنە کۆیلەی پارە و وردە وردە ئەو خۆشییانەی هەیانە لە دەستی دەدەن .
بەپێویستم زانی لە ڕێگەی ئەم وتارەوه، پیاوان بەگشتی و گەنجەکانمان بەتایبەت سەبارەت بەخواستی ماددی و لێکەوتەکانی ئاگادار بکەمەوە، هەموو مرۆڤێک خاوەن کۆمەڵێک سیفەتە و یەکێکیان تەماعه، كه ئارەزوویەکی سەرسەختی مرۆڤە بۆ خاوەندارێتی سامان، کاڵا، یان کۆمەڵێک شتی خاوەن بەها،، وەسوەسەی خاوەندارێتی هەموو سامان و کاڵاکانە بەمەبەستی سەرسامکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا پێی، بەو شێوازەی کە تێبینی دەکرێت تەنیا بەشێک لە مرۆڤەکان دەتوانن ڕووبەرووی تەماعی ماددی ببنەوەو بەسەریدا زاڵ بن.
بەشێکی دیکەش بەدوایدا دەکەون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئالوودەی ئەمجۆرە تەماعە دەبن، ئەمجۆرە تەماعە تەنیا بۆ ڕێژەیەکی کەم خاوەن قازانج دەبێت و بۆ زۆرینەی مرۆڤەکان دەبێتە بنەمایەک بۆ هەڵەکانیان و لەدەستدانی داهاتوویان .
نیشانەکانی تەماعی ماددی
– گەڕان بەدوای بەدەستهێنانی پارە و زیادکردنی سەروەت و سامان، ئامادەبوون بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک لهو پێناوهدا.
– بێ ئاگابوون له نرخی ئازادی و پێگە و سەروەت و سامانی ئێستایان.
– نەبوونی سوپاسگوزاریی بەرامبەر شتە بەدەست هێنراوەکانیان لە ژیاندا.
– گرنگیی نەدان بە پێداویستییەکانی ئەوانی تر و تەنیا گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
– مەیلی بەکارهێنانی شێوازی نایاسایی لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتری مادیدا .
– هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر تەنانەت ئەگەر زیان بە کۆمەڵگا بگەیەنێت .
تەماعی ماددی لای كێ زۆره ؟
بەڕێژەیەکی زۆر تەماعی ماددی لە چینی هەژارنشینەکان بهدی دهكرێت، چونکە ئەوانەی لەم بازنەیەدا دەژین لە زۆربەی خۆشییەکانی ژیان بێبەشن، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن پارەیەک بەدەست بهێنن و ئاستی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان بەرز بکەنەوە، سیفەتی تەماع لە جەستە و ڕۆحیاندا سەرهەڵدەدات، ئەوان بۆ بەدەستهێنانی پارە دەست بە هەر کارێک دەكەن و دەیانەوێت بە ڕۆژو شەوێک هەموو ژیانی خۆیان بگۆرن و قەرەبووی ئەو هەموو ساڵانەی هەژاری خۆیان بکەنەوە، بەڵام بێ ئاگا لهوهی تووشی کێشە و گرفت دەبن و خۆیان و خێزانەکانیان ئازار دەدەن و زیان بە کۆمەڵگاش دهگهیهنن. ئهویش لهرێگهی:
– دزیکردن : تەماع هانی مرۆڤ دەدات کە کاڵا یان پارەی کەسانی تر بدزێت .
– فریودانی خەڵک : فێڵکردن لە کەسانی تر بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی زیاتر بەدەست بهێنن.
– ڕەفتاری خراپ: سەرهەڵدانی ڕەفتارە خراپەکان وەک گواستنەوەو فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان، سپیکردنەوەی پارە و قومارکردن .
– ڕەفتارە ناشیاوەکان : وەک بەکارهێنانی خراپی سۆشیال میدیا و توندوتیژی ئەلیکترۆنی بهرامبهر به خەڵک، بەمەبەستی بڵاونەکردنەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆ و نامە.
– کوشتنی خەڵک لەپێناو بهدهستهێنانی پارە.
بەپێی ئەو حاڵەتانەی کەلێرهو لهوێ گوێ بیستی دەبین و دەیخوێنینەوە، بەشێک لە مرۆڤەکان بەهۆی هەژاریی و گەیشتن بە پارەیەک دەست بە کوشتنی کەسانێک دەكەن، لەکاتی دزیکردنی پارە، زێر یان کۆمەڵێک شتی خاوەن بەها بۆ ئەوەی بهرگری لە خۆیان بکەن كهسی بهرامبهر دهكوژن و پێیان وایه بەم ڕێگەیە قەرەبووی ساڵانێکی هەژاریی خێزانەکەی دەکاتهوه، بۆیە دزی دەکات و دەستەکانی خۆی نوقمی خوێنی مرۆڤێک دەکات، رۆحێک دەستێنێت، ژیانی خێزانێک وێران دەکات.
لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دێتە ئاراوە:
لە بەندیخانە بارودۆخی دەروونی تاوانبار چۆن دەبێت ؟
تەندروستی دەروونی دۆخێکی خۆشگوزەرانیە کە تێیدا هەر تاکێک دەتوانێت توانای خۆی بەدیبهێنێت و خۆی لەگەڵ بارودۆخە سترێس و ئاساییەکان بگونجێنێت، هەروەها بەشێوەیەکی بەرهەمدار و بەسوود کاربکات و بەشداریی لەچالاكییهكانی کۆمەڵگاکەیدا بکات.
بەڵام ئەو کەسەی کە بەتاوانی کوشتن لە بەندیخانە بەند دەکرێت، بەهۆی قەرەباڵغی بەندیخانە و بینینی بەندکراوەکانی دیکە، ترس لە نادیاربوونی ئایندەی، دووبارە بوونەوەی دیمەنی کوشتن و مردنی بەرامبەرەکەی لە بەر چاوی بە تایبەت لەکاتی بەندکردنی لە بەندیخانەی تاکە کەسی.