عومەر چنگیانی
نامەوێ نووسینێکی سیاسیتان بخەمە بەر دید، چونکە بشمەوێت ڕەنگە نەیزانم و، زۆربەی پێشبینییەکانم وا دەرنەچن، وەلێ بە ئەرکی دەزانم لەم گوڵخەرمانەی ئیمڕۆمدا تیشک بخەمە سەر بابەتێکی مێژوویی؛ سەروبەندی سەرەتاکانی بانگەوازی خوا لە ڕێگای پێشەوامان دوایین پەیامگەیێنی خوا محەمەدەوە دروود و سڵاوی خوای لەسەر، کە سەرجەم سەرچاوەکانی ژینامەی پیرۆزی ئەو کەسایەتییە دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، باسمان لەوە بۆ دەکەن کە خزمە عەرەب و نەیارە سەرسەختەکانی لە شاری مەککە، لە حەوتەم ساڵی پێغەمبەرایەتییەوە تا ساڵی دەهەم، بۆ ماوەی سێ ساڵ ئابلۆقەیەکی ئابووریی وایان خستە سەر، نەک هەر خۆی و هاوئایینەکانی و بەس، بگرە ئەوەی بە خوێی چێشتیش بگەیشتایەتە ئەو، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، وەبەر ئەو خەشم و قینە خرا و لە شیوەڵێکدا توند کران و قەدەغەی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و ژنوژنخوازییان بەسەردا سەپاند، کە دەیان ئازاری کەمەرشکێن و تاقیکردنەوەی خەماوییان لەو سێ ساڵەدا بەسەردا هات و تووشی سەدان تراژیدیای خەمناک بوون، وەلێ لەگەڵ ئەو هەموو ئەشکەنجە و برسی و تینووکران و دابڕانە، بۆ داوە موویەکیش کاری نەکردە سەر بیروباوڕیان؛ چونکە:
1. خودی پێغەمبەریش دروود و سڵاوی خوای لەسەر و، ماڵومنداڵەکەیشی، لە دەرەوەی بازنەی ئازار و برسێتی نەبوون و، بگرە پشکی شێری پێ بڕابوو.
2. خەڵکەکەی دەوروبەری پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، ئەوانەی بڕوادار بوون دەیانزانی باجی بڕوادارەتی سەختە و ئەو پیاوەیش دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، بە ڕابردوویەوە تا بە ئەوکاتی دەگات، بەدەر لە چاکە و بۆ خەڵک توانەوە، لێیان نەبینیبوو؛ دەیانزانی پاداشتی خوایی وەدەست دێنن، ئەوانەیش وا هاوبیروڕایشی نەبوون، لەبەر هۆزگەرایی پێیان شەرم بوو پشت بکەنە خزمەکەی خۆیان، با بە هەندێک لە بیر و بۆچوونەکانیشی ڕازی نەبن.
خوێنەری بەڕێز! پێشێلكارییەكانی عێراقە لەمەڕ مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، کە دەرەنجامەکەی گران و قورسترکردنی باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە.
لێرەوە وەبیر خۆم و دەسەڵاتی سیاسی و هەر هاوڵاتییەکی بەڕێزی دێنمەوە، کە بەر لە هەر شت بەخۆداهاتنەوە و گەڕانەوە بۆلای خوا و تەقوا کردن کلیلی چارەسەری هەموو ئازارەکانمانە، کە گومان لەوەدا نییە تەقوا وشەیەکی زۆر لایەنە و ڕەها و گشتگیرە و، تەنها مانای جێبەجیکردنی ئەرکەپەرستنەکان نیە و بەس، کە نوێژو ڕۆژو و زەکات و حەج لەپێشینەیە و دەبێ ڕەنگدانەوەیان هەبێت لە ئاکاردا، هەر بۆ نموونە چەند ئایەتێک وەبیردێنمە کە باس لە دەرەنجامی تەقوای خوا دەکات:
یەکەم: لە ئایەتی ٩٠ـی سوورەتی (یوسف)دا دەفەرمێت:
(بەڕاستی هەرکەس لە خوا بترسێ و خۆی لە خەشمی ئەو بپاڕێزیت و ئۆقرە بگرێت، بەڕاستی خوای بێهاوتا پاداشتی چاکەکاران بزر ناکات.)
دووەم: لە دووەم و سێیەم ئایەتی سوورەتی (تەڵاق)یشدا دەفەرمێت:
(هەرکەس تەقوای خوا بکا و خۆی لە تووڕەیی خوا بپارێزێت، دەرووی لێ دەکاتەوە و ڕێی دەربازبوونی لە هەر قەیرانێک بۆ ئاسان دەکات و، بە شێوەیەک ڕۆزی و ڕزقی دەدات کە هەر بەبیریدا نەهاتبێت و لە پلان و چاوەڕوانی ئەودا نەبووبێت)؛ لە کۆتاییەکەی چوارەم ئایەتی هەمان سورەتیشدا دەفەرمێت:
(هەرکەس تەقوای خوا بکات لە کردار و ئەرکەکانیدا خوای گەورە کارئاسانیی بۆ دەکات) لە کۆتایی پێنجەم ئایەتی هەمان سوورەتیشدا دەفەرمێت: (هەرکەس تەقوای خوا بکات ئەوا لە تاوانەکانی خۆش دەبێت و پاداشتی گەورەی پێ دەدات.
دوا وشە: لە کۆتاییدا دەڵێم گەرچی ئایەتەکانی باسی تەقوا و سوودەکانی زۆرترن لەوەی بتوانم لە گوڵخەرمانێکدا بیانهێنم، دوا ئایەتێک کە دەیهێنمەوە بیری هەموو لایەک، نەخاسمە دەسەڵاتی کوردی، دوایین وشەکانی درێژترین ئایەتی قورئان، کە ٢٨٢هەمین ئایەتی سوورەتی بەقەرە، دێنمەوە بیر، کە خوا دەفەرمێت:
(تەقوای خوا بکەن خوا زانستتان فێر دەکات.)
بەڕاستی گەڕانەوە بۆ لای خوا، دەتوانێ فێرکەری پلان و داڕشتنی نەخشەی دەربازبوون بێت لەو واقیعە تاڵە ئابوورییەی هەموومان تێی کەوتووینە، خۆ کەمترین و کورتترین ڕێگای فێرمان دەکات ئەوەیە کە چیدی دەسبڵاوی و ئیسراف و خەرجی نابەجێ ڕاگرین و پارەمان لە هیچەدا بەهەدەر نەڕوا و نەکرێ بە قوڕگی ئەوانەدا وا بە پێداگوتن فێرن و، نەیشدرێت بەوانەی لەبەر خاتران ڕێز و پێگە و سامانیان پێ دراوە.