خۆزگەم بە کۆترەکان

بەهزاد حەوێزی

هێلانەیان
بەقەد باوەشی کیژۆڵەیەک دەبێ
بڵندتر
لە باڵای پیاوێکی کەڵەگەت
جەنجاڵ بە پووشوپەڵاش و چەند هێلکەیەکی نەترووکاو..
زێدیان گۆڕەپانێکە
ئێواران سرک سرک لێی هەڵدەنیشن
تاوێ بە ترسەوە ساتێ نیگەران
دەنووک دەدەن لە دان یا سەر دادەنوێنن بۆ قومێ ئاو
ئینجا
بەدەم پیاسەیەک دەلەنجێن، بۆ دیدار یا سڵاو
ئەو دەمانەی چاو دادەخەن
یا سەرخەوێک دەشکێنن
تەنیا گوێیان لە گمەگەمی بێچوەکانە..
سەت خۆزگەم بەو کۆترانە
وەک ئێمە نین
دەمنادەمێک زەردەیان بێتێ
جاروباریش شین و گرین
سەت خۆزگەم بەو کۆترانە
تەبایی بنیادەم چڵێس نین
تەنیا خاوەنی دوو باڵن بۆ هەڵفڕین..