رۆژنامەی ھەولێر

شێرەكانی رافیدەین بە پاڵپشتی 7 ئەستێرەی كورد شەڕی گەیشتن بە مۆندیال دەكەن

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

یارییەكانی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی ٢٠٢٦ لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و تەنیا دوو گەڕ لە قۆناغی یەکەم ماوە، تا ئێستا تەنیا هەڵبژاردەکانی ئێران و ژاپۆن بەفەرمی گەیشتنیان بە یارییەکانی مۆندیال مسۆگەر کردووە، ئەمڕۆ هەموو چاوەکان لەسەر عێڕاقن بۆ ئەوەی بەبردنەوەی لە کۆریا بگەڕێتەوە رکەبەری گەیشتن بە خەونی چەند ساڵەی عێڕاقیەکان.

عێڕاق میوانداریی کۆریای باشوور دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە یارییەکانی گەڕی نۆیەمی پاڵاواتنی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ لە کیشوەری ئاسیا بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵێک هەڵبژاردە لەبەردەم ئەرکێکی زەحمەت و چارەنوسسازدان، ڕەنگە ئەنجامەکانی یارییەکانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک هەڵبژاردە ڕاستەوخۆ بگەیەنێتە یارییەکانی مۆندیالی ساڵی داهاتوو، کە بڕیار وایە لە هەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت، لە یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا دوو یاری یەکلای کەرەوە بەڕێوەدەچن، لە کاتژمێر ٧ـی ئێوارە هەڵبژاردەی عومان میوانداریی هەڵبژاردەی ئوردن دەکات، عومان ١٠ خاڵ و ئوردن ١٣ خاڵێان هەیە، عومان بەبردنەوە هیوای گەیشتنی بە مۆندیال بۆ دەگەڕێتەوە و ئوردن دەخاتە ناو گێژاوی رکەبەری کردن، چونکە بەبردنەوەی عومان ژمارەی خاڵەکانی وەکو ئوردنی لێدێت و لە دوایین یاریشدا لەگەڵ فەلەستین یاری دەکات، بردنەوەی هەردوو یاریەکە عومان بە سوود وەرگرتن لە یارییەکانی تر رەنگە بلیتێکی گەیشتن بە مۆندیال مسۆگەر بکات، لەلایەکی تر هەڵبژاردەی ئوردن لە پێناو سێ خاڵی یارییەکە دەچێتە عومان و چاوی لەوەیە بێ گوێدان بە دواین یاری بەرانبەر بە هەڵبژاردەی عێڕاق خۆی بگەیەنێتە مۆندیال.
لە شاری بەسرەش هەڵبژاردەی عێڕاق لە کاتژمێر ٩:١٥ میوانداری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەکات، کۆریا بە ١٦ خاڵ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دێت و عێڕاقیش بە ١٢ خاڵ خانەی سێیەمی گرتووە، شێرەکانی ڕافیدەین دوای کاساسی ڕاهێنەری ئیسپانی یەکەم یاری خۆی لە ژێر سەرپەرشتی گراهەم ئەرنۆڵدی ئوسرالی ئەنجام دەدات، عێڕاق بۆ ئەوەی لەم قۆناغە بگاتە مۆندیال پێویستە لەو دوو یاریەی کە ماویەتی سەرکەوتن بەدەسبهێنێت.

کۆمەڵێک یاریزان یاری ناکەن
لەڕیزی هەردوو هەڵبژاردەکە کۆمەڵێک یاریزان بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە ڕەنگاورەنگەکان و پێکانەوە بێبەش دەبن، لە ڕیزی هەڵبژاردەی کۆریا هەریەک لە یاریزانی پاریسان جێرمان لی کانگ کە لە مەشقەکانی هەڵبژاردەکە لە بەسرە دووچاری پێکان بووە، رەنگە هەر بە هۆکاری پێکانەوە چەند یاریزانێکی تری کۆریا لە یارییەکە بەشداری نەکەن، لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێڕاقیش هەریەک لە یاریزانان ڕێبین سولاقە و مستەفا سەعدون و مونتەزر ماجد بە هۆکاری جیاواز بەشداری یاریەکە ناکەن، دوای گەیشتنیان بە شاری بەسرە یاریزانانی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور نیگەرانن لە گەرمی کەشوهەوای شارەکە، کە ڕەنگە ئەمە کاریگەری بەسەر ئاستی هەڵبژاردەکەوە هەبێت لە یارییەکە.
لە ساڵی ١٩٧٢ تاکو ئیستا هەردوو هەڵبژاردە ٢٤ جار لە پاڵەوانیەتیە جیاوازەکان بەیەکەوە یاریان کردووە، کۆریا لە ١٠ یاریدا براوە بووە، عێڕاقیش دووجار سەرکەوتنی تۆمار کردووە، لە پاڵەوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالیش ٤ یاریان ئەنجامداوە، دووجار کۆریای باشوور براوە بووە و لە دوو یاریشدا یەکسان بوون.