سەرلەبەیانى ئەمرۆ چوارەشەممە 2025.6.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە چوارچێوەى گرنگیدانى بە کەرتى تەندروستیى و باشترکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ هاوڵاتییان بەرزکردنەوەى کوالێتى نەخۆشخانە گشتییەکان، بە ئامادەبوونی د.دلۆڤان محمەد، بەرێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا داوای نۆژەنکردنەوەیان بە گوژمەی ( 260 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەى پارێزگا، هەردوو هۆڵى ” نەشتەرگەری و چاودێری چڕ ” لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری کردەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی، ئومێد خواست هاوڵاتییان هەمیشە ساغ و تەندروست باشبن و پێویستیان بە نەخۆشخانەکان نەبێت، گوتیشى، ئەم دوو هۆڵە سەرەڕاى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بە هاولاتییان، بەشێکى گرنگ و کاریگەرە لە هاوکارى و چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، هەروەها دەست خۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى هەولێر و سەرپەرشتیار و ئەندازیارانى پڕۆژەکە و بەرێوەبەر و کارمەندانى نەخۆشخانەکە کرد، کە خەمخۆران و پەرۆشانە ئەوکارەیان ئەنجامداوە.
دووپاتیشى کردەوە لە پاڵپشتى و هەماهەنگی کەرتى گشتیى تەندروستى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەردەوام دەبێت، مژدەى ئەوەشى ڕاگەیاند، جگە لە بەشەکانى ترى نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری کە نۆژەنکراوەتەوە، بەشى ڕاوێژکارى نەخۆشخانەکەش کە دواهەمین بەشە لە سەر ئەرکى پارێزگاى هەولێر لەم نزیکانە دەست بە نۆژەنکردنەوەى دەکرێت.
جێگەى باسە، پڕۆژەى نۆژەنکردنەوەى هەردوو هۆڵى ” نەشتەرگەری و چاودێری چڕ ” کە بە دیزاین و بەشێوە و شیوازێکى سەردەمیانە کارەکانى ئەنجامدراوە، پێکهاتووە لە نۆژەنکردنەوەى بەشی چاودێری چڕ ( 9 ) تەختەی چاودێری چڕ، لەگەڵ ( 10 ) ژووری پزیشک و کارمەندان و ( 4 ) هۆلی نەشتەرگەری و یەک ردهەی تەواو لەگەڵ ( 20 ) ژووری خەواندنی نەخۆش و بەشی پێشوازیی.