رۆژنامەی ھەولێر

کوردستان نایەوێت بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانی تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەندین سێکتەری گەورەدا خەریکی پلانی ورد و کاری جیددییە کە بەرهەمی هەندێکیان بەدیار کەوتوون و هەندێکی دیکەیان لە ماوەیەکی درێژتردا دیار دەکەون.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستبکاربوونییەوە پلانی خۆی لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریدا بینیووەتەوە و کاری جیددیش لەو سێکتەرانەدا کراوە.
سەرۆکی حکوومەت، لە هەموو بۆنەکاندا باس لەو بابەتە دەکات و لە میانی بەشداریکردنیشی لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، دووبارە ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و باسی لەوە کرد، کوردستان نایەوێت تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت و ڕایگەیاند : ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە چاکسازی کردووە. ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەریی بەرچاویان دەبێت لەسەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدیدەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.
باسی لە دوایین سەردانیشی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند :دوایین سەردانیشم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرەتای قۆناخێکی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا. ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشیی بەردەوامی خۆمان کە بەهاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکومەت و گەلی ئەمەریکا دووپات کردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی 1990ەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمەریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.
بە پێی شرۆڤەی چاودێرانی سیاسیش، ئەو هەنگاوانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وایکردووە لە ناوخۆ و لە ئاستی هەرێمیش هەوڵی دژایەتیکردنی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بە تایبەت لەلایەن ئەو لایەنە سیاسیانەی عێراق کە هەر لەسەرەتاوە و لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان دامەزراون.