لە ئیدارەی سۆران کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە قۆناغی جێبەجێ کردندان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە درێژەی کار و پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامیان ھەیە و ئێستا کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جارێکی دیکە دەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کرایەوە، بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسانی سنوورەکە لەگەڵ وەبەرھێنەران کۆبوونەوەیان کرد، بۆ ئەوەی کار و پڕۆژەکان لە بواری خزمەتگوزاری دەست پێ بکەنەوە، کە ئێستا کۆمەڵێک پڕۆژەی جۆراوجۆر لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، لەوانە ماستەرپلانی گەشتیاری، بەرزەپردی دەروازەی سۆران زۆری نەماوە تەواو بێت کە پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژی ناوچەکەیە، ھەروەھا شەقامی ٤٠ مەتری، شەقامی ٣٠ مەتری، لەگەڵ ئەوەی چەندین ڕێگەوبانی دیکە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان حکوومەتی ھەرێم دەیەوێت شاری سۆران لەڕووی ئاوەدانی و گەشتیارییەوە زیاتر پێش بخات.
ئێستا شەقامی ٣٠ مەتری لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، لەسەر ئەو شەقامە بازاڕێکی کۆن ھەبوو بەناوی کۆنەفرۆشان، ئێستا تێکدراوە و دەست بە دروستکردنی دوکانەکان و شەقامەکە کراوە و بازاڕێکی مۆدێرن لەسەر ئەو شەقامە دروست دەکرێت ئەوەش دیمەنێکی جوان بە شارەکە دەبەخشێت، بازاڕی سۆران بە چەندین گەڕەک دەبەستێتەوە ئەوەش وا دەکات ئەو قەرەباڵغییەی کە ھەیە کەم ببێتەوە، لە ھەمان کاتدا شەقامەکە دوو سایدە و چەندین خزمەتگوزاری دیکە لە خۆ دەگرێت.
دڵشاد بایز، سەرۆکی لقی سۆرانی یەکێتی بەڵێندەران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پڕۆژەکان کە وەستا بوون بەھۆی سەرما و سۆڵ و زستان بووە، ئێستا کە سەرما و سۆڵ نەماوە دەست بە پڕۆژەکان کراوەتەوە و چەندین پڕۆژە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.
سەرۆکی لقی سۆرانی یەکێتی بەڵێندەران، دەشڵێ: ئێستا چەندین بەڵێندەر کار لەسەر پڕۆژەکان دەکەن و بای ملیارێک و بگرە دوو ملیار دینار کاریان کردووە و بە ھانای شارەکەیانەوە ھاتوونە و لەگەڵ ئیدارە کۆبوونەوەمان کردووە، ئەوانیش کاری باشیان کردووە و بەڵێن دراوە مانگانە بەڵێندەران مافی خۆیان وەربگرن.
سەرۆکی لقی سۆرانی یەکێتی بەڵێندەران، جەختی لەوەشکردەوە: ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ئیدارەی سۆران دەکرێن، پارکێک دروست دەکرێت، ھەروەھا چەندین ڕێگەوبانی گرنگ لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، لە داھاتووشدا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە لە کەرتە جیاوازەکان دروست دەکرێن.
دڵشاد بایز، سەرۆکی لقی سۆرانی یەکێتی بەڵێندەران، دەشڵێ: ئەو بەڵێندەرەی لە پڕۆژەکەی کەمتەرخەمە پشتگیری لێ ناکەین و حکوومەتیش ئیجرائاتی لەگەڵ دەکات.