حەمەسەعید حەسەن
گەشانەوەی گوڵی تاکایەتی لای ئۆشۆ
بەهۆی کەسەوە بە هەواری حیکمەت ناگەیت، ئاخر ئەوە خۆتیت ڕێگەکە دەگریتە بەر، ڕەنگە کەسێک پەیدا ببێت، فێرت بکات بەردەکانی سەر ڕێگەکە لا ببەیت، بەردەکان ئەو شتانەن کە دەیانزانیت، ئاخر هەر چی دەزانیت، نەک هەر کەڵکیان نییە، بەڵکوو چۆکیان لەسەر سنگت داداوە و تا خۆتیان لێ قوتار نەکەیت، خۆت ناناسیت. گەییشتن بە حیکمەت حەوجەی بە بوێریی هەیە، بوێرییی ئەوەی ددانی پێدا بنێیت کە هیچ نازانیت و ئەوەی زانیوتە و لە تۆ وابووە مەعریفەیە، لە وەهم بەولاوە هیچی دیکە نەبووە.
کەس ناتوانێت دەستت بگرێت و بۆ لای حیکمەتت ببات، حیکمەت یان نییە، یان لە ناخی خۆتدا دەتەقێتەوە. تا خۆت لە هەر چی وەهم هەیە قوتار نەکەیت، ئەو تەقینەوەیە ڕوو نادات. داکۆکی لەو شتانە مەکە کە دەیانزانێت، ئاخر تا دوور تووڕیان نەدەیت، هەر لە وەهمدا دەژیت و هەنگاوێک لە حیکمەت نزیک نابیتەوە. ئەگەر خۆت بە تەلارێک دەزانیت، تا ئەو تەلارە لەگەڵ زەویدا تەخت نەکەیت، تا لە سفرەوە دەست پێ نەکەیت، ناخت ناگەشێتەوە.
بە هیچ کاریزمایەک سەرسام مەبە، ئەگەرنا دەبیتە کۆیلەی. کاریزما هەبوونی تۆ ڕەت دەکاتەوە، ئاخر هیچ درەختێک لە سایەی درەختێکی دیکەدا گەشە ناکات. هەر درەختێک بەو چەترە بزانیت کە دەتپارێزێت، مەحاڵە لێ بگەڕێت گەورە ببیت. سەدان بەڕوو لە داربەڕوو دەکەونە خوارەوە، بەڵام هیچیان لە سایەیدا ناڕوێن و گەشە ناکەن. بەڕوو بۆ ئەوەی ببێت بە داربەڕوو، پێویستی بەوەیە لە کۆشی دایکی دوور بکەوێتەوە و سەربەخۆ بێت.
کاریزما پێشەوایەکی ساختەیە، سەرکردەی کۆمەڵێک کۆیلەیە، هەموو کاریزمای هیتلەر بریتیبوو لەوەی، توانای بە کۆیلەکردنی ئەوانی دیکەی هەبوو. بڕوات بەو مامۆستایەش نەبێت، هانت دەدا تا ڕەدووی پرۆگرامێک بکەویت، ئاخر شوێن پرۆگرام کەوتن، سەربەخۆیی نییە، پاشکۆیەتییە، ئاخر مامۆستای خاوەن پرۆگرام، ڕەنگە نەتکات بە کۆیلەی خۆی، بەڵام دەتکات بە موریدی خۆی. تۆ بە چاوپۆشین لەوەی برای دینیت، هاوڕێیت، هەڤاڵیت، هاوبیریت، یان هاودید، لە هەموو حاڵەتەکاندا هەر پاشکۆیت. زیرەکیی بوودا لەوەدابوو، بە هەوادارەکانی دەگوت: من نە سەرکردەی ئێوەم، نە مامۆستاتان، من هاوڕێتانم، دەستتان دەگرم و پێکەوە دەڕۆین.
ئەوانەی دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن، نە کەسیان خۆش دەوێت، نە کەس خۆشی دەوێن. دەسەڵات لێ ناگەڕێت تاکایەتیی خۆمان بپارێزین، بوار نادات تاکێک بین جیاواز لە جەماوەر. دەسەڵاتدار تاکایەتی بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت و وەک دوژمن سەرنجی کەسانێک دەدات لە هەوڵی سەلماندنی تاکایەتیی خۆیاندا بن. دەسەڵاتداری ستەمکار لێ ناگەڕێت لە ساکارترین شتدا، لەوانی دیکە جیاواز بین و نموونەیەکی نوێ بین. لە هەندێک جێ، دەسەڵاتدار بەوەیش سەغڵەت دەبێت، ئەگەر بەرگێکی جیاواز لە بەرگی جەماوەر بپۆشین، ئیدی دەسەڵاتداری وا، چۆن ڕێمان پێ دەدات جیاواز بیر بکەینەوە!
جەماوەر یان دروستتر مێگەل، دژی تاکایەتی دەوەستێتەوە، تاک ناچار دەکات، هەڵگری هەمان دینی زۆرینە بێت، با ئەو تاکە باوەڕیشی بەو ئایینە نەبێت. مێگەل لێ ناگەڕێت، تاک خودی خۆی بێت، دەست لە ورد و درشتی ژیانی تاک وەر دەدات. لە جێیەک دیموکراتی هەبێت، کۆمەڵ هەقی تاکی نییە، ئیللا مەگەر تاک سنووری ئازادیی ئەوانی دیکەی بەزاندبێت. ئەگەر کۆمەڵ لێ نەگەڕێت گوڵی تاکایەتی بگەشێتەوە، تاک با وەک جەستە زیندوویش بێت، وەک ڕۆح مردووە.
بۆچی وێڕای ئەو هەموو نادادپەروەرییە، شۆڕش ڕوو نادات؟ چونکە دەسەڵات کۆمەڵی خستووەتە بن هەژموونی خۆیەوە، چونکە تاکەکانی جڤاکی جڵەو کردووە و تاکایەتیی لێ زەوت کردوون. بۆچی نادادپەروەری هەیە؟ چونکە بۆ ئێستا ناژین، چونکە سامان بۆ داهاتوو خڕ دەکەینەوە و تا سەرمایە کەڵەکە بکەین، چەوساندنەوە درێژەی دەبێت، ئاخر کەس ناتوانێت بەبێ چەوساندەوەی ئەوانی دیکە، سەرمایە کۆ بکاتەوە، ئاخر مارکس گوتەنی: لە هەموو دونیادا کەسێک پەیدا نابێت، بەری درەختی ڕەنجی ئەوانی تری نەخواردبێت و دەوڵەمەند بووبێت.
با هەموو ژیانیشت بۆ گەڕان لەدووی حەقیقەت تەرخان بکەیت، بەڵام نابیت بە خاوەنی. هیچ سەرچڵییەک هێندەی گەڕان بەدوای حەقیقەتدا، دژوار و مەترسیدار نییە، چونکە بە پلەی یەکەم یاخیبوونە لە خودی خۆت. کە شوێن حەقیقەت دەکەویت، وەک ئەوە وایە، قومار بکەیت، قومار بە هەموو ئەو شتە ماددی و مەعنەوییانەوە کە شکیان دەبەیت. ئەوانەی خاوەنی هیچ نین، ئەگەر سەرکێشی بکەن، هیچیان لەکیس ناچێت، کەچی نزیکەی هەمیشە سەرچڵان ئەوانەن کە شتیان هەیە و شتیان پێیە. دەوڵەمەند کەسێک نییە، سامانێکی زۆری هەبێت، کەسێکە خەونی هەبێت و لەدووی بەدیهێنانی وێڵ بێت. ئەگەر بوێریی سەرچڵیی شک نەبێت، دونیایش هی تۆ بێت، وەک ئەوە وایە، هیچ شک نەبەیت. مەسیح سەرچڵ بوو، بۆیە لە خاچ درا، بەڵام مردن بۆ ئەو وەک ئاوی ژیان وابوو، ئاخر نەمریی مسۆگەر کرد، تۆ کە هێندە بوێر نیت، سەرچڵی بنوێنیت، وەک ئەوە وایە بە درێژایی ژیانت لە خاچ درابیت.