بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین دەکاتەوە و پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکانی کونسوڵخانەی چین بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا دەکات.
دووشەممە، 02-06-2025، 24ـەمین پێشبڕکێی توانستیی چینی (پردی چینی) بۆ خوێندکارانی بیانی، لە زانکۆی سەڵاحەددین، لە هەولێر دەستی پێ کرد.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمەکەدا، لە گوتارێکدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پەکین و چەند پرسێکی دیکەش کرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووپاتی کردەوە “زۆر گرنگە لە هەموو بوارەکاندا پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین بدەین. پێویستە هاوڕێیەتیی خۆمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپارێزین، پێشتریش لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر، کارمان لەسەر توکمەکردنی هاوڕێیەتییەکەمان کردووە.”
سەفین دزەیی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئــاماژەی بەوەش دا “پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکانی کونسوڵخانەی چین بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان دەکەین و بە بایەخەوە لێیان دەڕوانین. جەخت دەکەینەوە، دەمانەوێت کارکردن و هاوبەشیمان لەگەڵ ئەم وڵاتە زیاتر بکەین.”
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەوەشی خستە ڕوو “ساڵانە سەردانی دوولایەنە لە نێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و چیندا هەیە؛ هاووڵاتییانمان دەچنە ئەو وڵاتە، ئاشنای کەلتوور و مێژوویان دەبن، هی ئەوانیش بەهەمان شێوە دێنە شارەکانمان. کاتێک بۆ نموونە، هاووڵاتییانی چینی دێنە هەولێر، زۆر ستایشی ئارامی و ئاوەدانیی شارەکە دەکەن، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیمانە.”
پێشبڕکێی “پردی چینی” پێشبڕکێیەکی جیهانیی زمانی چینییە و لە ساڵی 2002ـەوە لەلایەن سەنتەری پەروەردەی زمان و وەزارەتی پەروەردەی چینەوە ساز دەکرێت. ئامانجی پێشبڕکێکە، کارلێک و کێبڕکێیە لە نێوان فێرخوازانی چینی لە سەرتاسەری جیهان و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ پیشاندانی تواناکانی زمانیان و تێگەیشتن لە کەلتوری چینی.