پرۆژەی ڕووناکی بژمێری فەرمی خەمڵاندنی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبای خستە کار

پرۆژەی ڕووناکی بژمێری فەرمی خەمڵاندنی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا بۆ ئامێرەکانی ناو ماڵی خستە بەردەست هاووڵاتیان. ئەم بژمێرە، تاکە بژمێری فەرمییە کە تییایدا ڕێنماییەکان و ژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی کارەبا تێیدا جێبەجێ کراوە لە شێوازی لێکدانەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا بۆ ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵ.

پرۆژەی ڕووناکی سوودەکانی ئەو بژمێرەی بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، بژمێری خەمڵاندنی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا بۆ ئامێرەکانی ناو ماڵ کۆمەڵێک سوودی هەیە بۆ هاووڵاتیان کە ئەمانەن:-

١- زانینی ڕێژەی بەکارهێنانی هەر ئامێرێکی ناو ماڵ کە لە بژمێرەکەدا تێکڕای ئاسایی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هەر ئامێرێک ڕوون کراوەتەوە.
٢- ئەم بژمێرە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیان ئاگاداربن لەوەی کام جۆری ئامێر زۆرترین بڕی کارەبا بەکار دەهێنێت، ئەمەش وادەکات هۆشیاری زیاتر بۆ هاوڵاتی دروست ببێت و بەرپرسیارانە کارەبا بەکار بهێنێت.
٣- خەمڵاندنی ڕێژەی بەکارهێنانی مانگانەی کارەبا و زانینی بڕی ئەو پسوولەیەی پێشبینی دەکرێت بگەڕێتەوە لە کۆتایی مانگدا.

پرۆژەی ڕووناکی چۆنیەتی بەکارهێنانەکەی بڵاو کردووەتەوە کە بەم شێوەیە:
– سەردانی ماڵپەڕی پڕۆژەی ڕووناکی بکە و بڕۆ سەر بەشی بژمێر.
– بڕۆ سەر بژمێری ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا بۆ ئامێرەکانی ناو ماڵ – کیلۆوات کاتژمێر
– ئەو ئامێرانە هەڵبژێرە کە دەتەوێت خەمڵاندن بۆ ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبایان بۆ بکەیت
– ژمارەی ئامێرەکان، کاتژمێرەکانی کارکردن و بڕی توانای کارەبایی ئامێرەکە بنووسە کە بە یەکەی وات دەپێورێت. ئەوە دەتوانێت توانای کارەبایی هەر ئامێرێک بزانیت لەڕێگای خوێندنەوەی لەزگەی سەر ئامێرەکان کە تیاییدا ژمارەی وات نووسراوە لەکاتی خستەنسەری زۆرترین باری کار کردن لەسەر ئامێرەکە.
ڕاستەوخۆ بژمێرەکە ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هەموو ئامێرەکان دەخەمڵێنێت و کۆی گشتی لە مانگێکدا دەنووسێت.