رۆژنامەی ھەولێر

دەزگای کوردستان کرۆنیکڵ خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

دەزگایەکی میدیایی کوردی دەبێتە خاوەنی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی و دەبێتە یەکەم دەزگای میدیایی چاپکراو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خەڵاتێکی لەو شێوەیە بەدەست بهێنێت.

لە شاری(salt lake) ـی ویلایەتی یۆتای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گۆڤاری (Kurdistan Chronicle) کە دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکڵ دەریدەکات، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد و بووە یەکەمین دەزگای چاپکراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خەڵاتی نایابی ویلبەر بەدەست بهێنێێت. بەخشینی خەڵاتەکەش بە کوردستان کرۆنیکڵ بۆ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی دەزگاکەیە لەبارەی مەزاری “پەیامبەر ناحووم و پێکەوەژیان لە کوردستان.”
جێی باسە مێژووی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ویلبەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٩ و لەو کاتەوە تا ئێستا کە ماوەی ٧٦ساڵە ئەمە یەکەمین جارە ئەو خەڵاتە بە دەزگایەکی میدیایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەخشرێت.
ڕۆژنامەنووس هێمن بابان، ئامادەکەری ڕاپۆرتەکە و سەرنووسەری گۆڤارەکە؛ لەبارەی خەڵاتەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە خەڵاتەکە ناوی (خەڵاتی نایاب)ـە لە چوارچێوەی خەڵاتی ویلبەر کە خەڵاتێکی ساڵانەیە و دەزگاکەیان لە پاڵ چەندین دەزگای میدیایی نێودەوڵەتی ئەو خەڵاتەی پێ دراوە.
خەڵاتی (ویلبەر) ساڵانە لەلایەن دەزگای(RCC) ـەوە دەبەخشرێت بەو کەس و لایەنانەی کاری نایاب ئەنجام دەدەن، ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوایەکان و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەند.
هێمن بابان گوتیشی: كوردستان کرۆنیکڵ لەگەڵ ژمارەیەك دەزگای گەورەی میدیایی نێودەوڵەتی، وەك كەناڵی(CBC)، ئاژانسی (PA)، کەناڵی (ABC)، بەرنامەی (60 minutes)، ڕادیۆی NPR و دامەزراوەی ئەتلانتیک، لەلایەن دامەزراوەی (RCC :Religion commentators council)ـەوە دیاری کرابوون بۆ وەرگرتنی خەڵات.
ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٤٩وە پێشکەشی ئەو دەزگا میدیایی و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیانە دەکرێت کە ڕۆڵیان هەبووە لە بایەخدان بە پرسە ئایینییەکان و فەرهەنگی پێکەوەژیان. ئەمساڵیش دامەزراوەی کوردستان کرۆنیکڵ هاوشان لەگەڵ ئەو ژمارە دەزگا میدیایی و کەناڵ و بەرنامە تەلەڤیزیۆنیانەدا بەشداربوو کە سەرجەمیان بە ڕاپۆرت و دۆکیۆمێنتاری بەشدارییان کردبوو بۆ ئەم مەبەستەش، تیمێك لە ڕۆژنامەنووسانی كوردستان كرۆنیكڵ لە ئۆفیسی كوردستان و ئەمەریكا بەشداریی ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتەكەیان لە شاری ‘ساڵت لەیك’ لە ویلایەتی یۆتا کرد.