وەزارەتی داد کتێبخانەیەک بۆ یاساناسان و قوتابیانی بەشی یاسا دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئایاری 2025، وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشانگایەکی هەمیشەیی کتێب لە تەنیشت بینای وەزارەتی داد لەسەر رێگای عەینکاوە بۆ قوتابیانی یاسا و یاساناسان دەکاتەوە.

لەم کتێبخانەیەدا تەواوی ئەو کتێبانە بەردەست دەبن کە یاساناس و قوتابیانی یاسا وەکو سەرچاوە سوودی لێ وەردەگرن و کتێبەکان بە هەرسی زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەست دەبن.

وەزارەتی داد رایگەیاند: کتێبەکان نرخیان لەسەر دەبێت، بەڵام مەبەست و ئامانج دەستکەوتی بازرگانی نییە، بەڵکو زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی یاساییە، بۆ دەستڕاگەیشتنی یاساناسان، قوتابیانی یاسا و ئەکادیمییەکانە بە سەرچاوە گرنگ و جیهانییەکانی بواری یاسا.

د. محەمەد سڵێمان، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی راگەیاندنی وەزارەتی داد روونیکردەوە: “پێشانگەی داد بۆ کتێب، لەماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە و لەداهاتووشدا زیاتر فراوانی دەکەین و کتێبی زیاتری کوردستان و دەرەوەی کوردستانی تێدا نمایش دەکەین”.

سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد دەڵێت: “پێشانگەکە دەکەینە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و هۆشیاری یاسایی و دەبێتە ماڵێک بۆ یاساناسان و ئەوانەی لە بواری یاسادا کاردەکەن”.

ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد لە ساڵی 2020 ەوە دامەزراوە و تا ئێستا 25 کتێبی بواری یاسای چاپ و کردووە و 25 نامیلکەی دیکەشی بە چاپ گەیاندووە و 12 ژمارەی گۆڤاری ناوەندەکەی بەناوی “گرێبەستی کۆمەڵایەتی” بڵاوکردووەتەوە.